عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گەشتی پۆڵس بەرەو ڕۆما 
1
کاتێک بڕیار درا بە دەریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵس و هەندێک بەندکراوی دیکە درانە دەست سەرپەلێک بە ناوی یولیۆس کە لە سوپای ئیمپراتۆر بوو.
2
سواری کەشتییەکی ئەدرامیتی بووین و بەڕێکەوتین، کە دەیویست بۆ چەند بەندەرێکی ئاسیا بڕوات. ئەریستارخۆسی مەکدۆنیمان لەگەڵ بوو، کە خەڵکی سالۆنیکییا بوو.
3
بۆ بەیانی گەیشتینە سەیدا. یولیۆس لەگەڵ پۆڵس باش بوو، ڕێگای دا بچێتە لای برادەرانی تاکو پێویستییەکانی دابین بکەن.
4
ئینجا لەوێوە بەڕێکەوتین و بە پەنای قوبرسدا ڕۆیشتین، چونکە با پێچەوانە بوو.
5
کە ئەو دەریایەمان بڕی، ئەوەی لەتەنیشت کیلیکیا و پامفیلیایە، لە میرای لیکیە دابەزین.
6
لەوێ سەرپەلەکە کەشتییەکی دۆزییەوە ئەسکەندەری بوو دەچووە ئیتالیا، سواری کردین.
7
کەشتییەکە ماوەیەکی درێژ بە هێواشی دەڕۆیشت و بە زەحمەت لە کنیدۆس نزیک کەوتینەوە، بایەکە نەیهێشت زیاتر بڕۆین، بە پەنای کریتدا و لە بەرامبەر سەلمۆن ڕۆیشتین.
8
بە زەحمەت تێپەڕمان کرد و گەیشتینە شوێنێک پێی دەگوترێ بەندەرە باشەکان، کە لە شاری لەسائیە نزیکە.
9
لەدوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر، گەشتی دەریایی ترسناک بوو، چونکە ڕۆژی کەفارەت[a] بەسەرچووبوو، هەر بۆیە پۆڵس ئاگاداری کردنەوە و
10
پێی گوتن: «کوڕینە، دەبینم گەشتەکە بە تێکشکان و زیانێکی گەورەوە دەبێت، نەک تەنها بۆ کەشتی و بارەکەی، بەڵکو بۆ ژیانیشمان.»
11
بەڵام سەرپەلەکە لایەنگری کەشتیوان و خاوەنەکەی دەکرد، نەک قسەی پۆڵس.
12
لەبەر ئەوەی بەندەرەکە بۆ بەسەربردنی زستان باش نەبوو، بۆیە زۆربەیان بڕیاریان دا ئەوێش بەجێبهێڵن، بە هیوای ئەوەی بگەنە فینکس تاکو زستانی تێدا بەسەرببەن، کە بەندەرێکی کریت بوو ڕووەو باشووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوا.
گەشتێکی ترسناک 
13
کە شنەبای باشوور هەڵیکرد، وایانزانی بە مرازیان گەیشتن، لەنگەریان بەرزکردەوە و بە نزیک کەناری کریتدا تێدەپەڕین.
14
بەڵام دوای کەمێک تۆفانێک کە بە «باکووری ڕۆژهەڵات» ناسراوە لەلای دوورگەکەوە هەڵیکرد و
15
کەشتییەکەی گرتەوە و نەیتوانی ڕووبەڕووی بێتەوە، خۆمان بەدەستەوە دا و تۆفانەکە ئێمەی لەگەڵ خۆی برد.
16
تۆفانەکە ئێمەی بەرەو پەنای دوورگەیەکی بچووک برد کە ناوی کەودا بوو، بە زەحمەت توانیمان بەلەمی ڕزگاربوون بخەینە ژێر ڕکێفمانەوە.
17
کاتێک بەلەمەکەیان بەرز کردەوە، گوریسیان بۆ بەستنەوەی کەشتییەکە بەکاردەهێنا. دەترسان بکەونە ناو تەنکاوی[b] سیرتیس، بۆیە لە کەشتییەکەوە لەنگەری دەریایان[c] دابەزاند، بەو شێوەیە تۆفانەکە کەشتییەکەی برد.
18
بۆ بەیانی ڕەشەباکە توند بوو، دەستیان بە سووککردنی بارەکە کرد.
19
لە ڕۆژی سێیەم بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتییەکەیان فڕێدا.
20
ماوەیەکی درێژ نە خۆرمان بینی و نە ئەستێرە، هەتا دەهات ڕەشەباکە بەهێزتر دەبوو، لە کۆتاییدا هەموو هیوایەکی ڕزگاربوونمان بڕا.
21
کاتێک ماوەیەکی زۆر بوو نانیان نەخواردبوو، پۆڵس لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا و گوتی: «کوڕینە، دەبووایە گوێتان لە من بگرتایە و کریتتان بەجێ نەهێشتایە، ئەوسا لەم تێکشکان و زیانە دوور دەبوون.
22
ئێستاش لێتان دەپاڕێمەوە ورە بەرنەدەن، کەستان ژیانی لەدەست نادات، تەنها کەشتییەکە تێکدەشکێت،
23
چونکە ئەمشەو فریشتەی ئەو خودایەی من هی ئەوم و دەیپەرستم، هاتە لام و
24
گوتی: ”پۆڵس مەترسە! دەبێت تۆ لەبەردەم قەیسەر ڕاوەستیت و خودا ژیانی هەموو ئەوانەت دەداتێ کە لەگەڵت گەشت دەکەن.“
25
کەواتە کوڕینە، ورەبەرز بن، چونکە باوەڕم بە خودا هەیە کە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پێی فەرمووم.
26
بەڵام دەبێت بکەوینە سەر دوورگەیەک.»
27
لە شەوی چواردەیەمیندا کە هێشتا تۆفانەکە لە دەریای ئەدریا کەشتییەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد، لە نیوەشەودا کەشتیوانان وایانزانی لە وشکانی نزیک دەبنەوە.
28
کە پێوایان بینییان بیست باڵایە[d] . کەمێک ڕۆیشتن و پێوایانەوە بینییان پازدە باڵایە.
29
دەترسان نەوەک بکەونە سەر بەرد، لە پشتەوە چوار لەنگەریان شۆڕکردەوە و دەپاڕانەوە تاکو ڕۆژ هەڵبێت.
30
کەشتیوانان هەوڵیان دا لە کەشتییەکە هەڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دەریا شۆڕکردەوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێ چەند لەنگەرێک لە پێشەوە شۆڕبکەنەوە.
31
پۆڵس بە سەرپەل و سەربازەکانی گوت: «ئەگەر ئەمانە لە کەشتییەکەدا نەمێننەوە، ناتوانن ڕزگارتان بێت.»
32
ئەوسا سەربازەکان گوریسی بەلەمی ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بکەوێت.
33
کاتێک خەریک بوو ڕۆژ هەڵدەهات، پۆڵس تکای لە هەمووان کرد نان بخۆن و گوتی: «ئەمە ڕۆژی چواردەیەمینە و ئێوە چاوەڕوان و بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ بخۆن و هیچ وەربگرن.
34
بۆیە تکاتان لێ دەکەم نان بخۆن، چونکە ئەمە بۆ ڕزگاربوونتانە. کەستان تاڵێک لە قژی سەری نافەوتێت.»
35
کە ئەمەی گوت، نانێکی هەڵگرت و لەبەردەم هەمووان سوپاسی خودای کرد، ئینجا لەتی کرد و دەستی بە خواردن کرد.
36
ئیتر هەموویان ورەیان بەرزبووەوە و نانیان خوارد.
37
ئەوانەی ناو کەشتییەکە هەموومان دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بووین.
38
کە تێر نانیان خوارد، بە فڕێدانی دانەوێڵەکە بۆ ناو دەریا کەشتییەکەیان سووککرد.
تێکشکانی کەشتییەکە 
39
کاتێک ڕۆژبووەوە، کەشتیوانەکان نەیانزانی لە چ شوێنێکدان، بەڵام کەنداوێکیان بینی کەناری هەبوو، دەیانویست ئەگەر بتوانن کەشتییەکە بەرەو ئەوێ ببەن.
40
ئینجا لەنگەرەکانیان پساند و لە دەریادا بەجێیان هێشتن، لە هەمان کاتدا گوریسی سەوڵەکانی ئاراستەکردنیان شلکرد و بایەوانەکەی پێشەوەیان کردەوە بۆ بایە هەڵکردووەکە، بەرەو کەنارەکە ڕۆیشتن.
41
بەڵام کەوتە تەنکاو و کەشتییەکەیان بەرەو وشکانی برد، کە پێشەکەی گیربوو و نەجوڵا، لەبەر توندی شەپۆلەکان پشتەوەی تێکدەشکا.
42
پلانی سەربازەکان ئەوە بوو کە بەندکراوان بکوژن نەوەک کەسیان مەلە بکات و هەڵبێت.
43
بەڵام سەرپەلەکە دەیویست پۆڵس بپارێزێت، بۆیە پلانەکەی ڕاگرتن و فەرمانی دا ئەوانەی دەتوانن مەلە بکەن با یەکەم جار خۆیان فڕێبدەن و بگەنە وشکانی،
44
ئەوانی دیکەش هەندێکیان بە تەختە و هەندێکیان بە پارچەکانی کەشتییەکە خۆیان بگەیەننە وشکانی. بەو شێوەیە هەموو بە سەلامەتی گەیشتنە وشکانی.
  1. a. 27‏:9 ڕۆژی کەفارەت دەکەوێتە مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10)، پیرۆزترین ڕۆژی جولەکەکانە و لەم ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن. بڕوانە لێڤییەکان 23‏:27‏-28.‏‏
  2. b. 27‏:17 شوێنێک لەنێوان دوو دەریا، قووڵایی کەمە.‏
  3. c. 27‏:17 لەنگەری دەریا: لەنگەرێکی تایبەتە بۆ کەمکردنەوەی خێرایی کەشتی بەکاردەهێنرێت.‏
  4. d. 27‏:28 نزیکەی 37 مەتر.‏