عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
لە دوورگەی ماڵتا 
1
کە ڕزگارمان بوو زانیمان ئەو دوورگەیە پێی دەگوترێ ماڵتا.
2
دانیشتووانەکەی چاکەیەکی لە ڕادەبەدەریان لەگەڵ کردین. ئاگریان بۆ کردینەوە و پێشوازییان لە هەموومان کرد، چونکە باران دەباری و کەشوهەوا سارد بوو.
3
پۆڵس هەندێک چیلکەی کۆکردەوە و خستییە ئاگرەکە، تیرەمارێک لەبەر گەرماییەکە دەرپەڕی و خۆی بە دەستیەوە هەڵواسی.
4
کاتێک خەڵکەکە تیرەمارەکەیان بینی خۆی بە دەستییەوە هەڵواسیوە، بە یەکتریان گوت: «بێگومان ئەم کابرایە بکوژە، هەرچەندە لە دەریا ڕزگاری بوو، بەڵام خوداوەندی دادپەروەری ناهێڵێت بژیێت.»
5
بەڵام پۆڵس تیرەمارەکەی ڕاوەشاندە ناو ئاگرەکە و تووشی هیچ زیانێک نەبوو.
6
ئەوانیش چاوەڕێیان دەکرد بئاوسێت یان لەناکاو بە مردوویی بکەوێت. بەڵام زۆر چاوەڕێیان کرد و بینییان هیچی بەسەرنەهات، ئەوسا بیروڕایان گۆڕی و سەبارەت بە پۆڵس گوتیان: «ئەمە خوداوەندێکە!»
7
دەوروبەری ئەو شوێنە زەوی و زاری پیاوگەورەی دوورگەکە بوو کە ناوی پۆبلیۆسە. ئەو پێشوازی لێکردین و سێ ڕۆژ بە خۆشییەوە میوانداری کردین.
8
وا ڕێککەوت باوکی پۆبلیۆس لەناو جێگادا کەوتبوو، تا و سکچوونی هەبوو. پۆڵس چووە لای و نوێژی کرد، دەستی لەسەر دانا و چاکیکردەوە.
9
کاتێک ئەمە ڕوویدا، نەخۆشەکانی دیکەی دوورگەکە دەهاتن و چاک دەبوونەوە.
10
ئیتر بە زۆر شێوە ڕێزیان گرتین، کە بەڕێکەوتین هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردین.
لە ماڵتاوە بۆ ڕۆما 
11
دوای سێ مانگ بە کەشتییەکی ئەسکەندەری بەڕێکەوتین، کە زستانی لە دوورگەکە بەسەربرد بوو؛ کەشتییەکە وێنەی دوو خوداوەندی جمکی بە ناوی کاستۆر و پۆلوکس لەسەر بوو.
12
کاتێک لە سیراکۆسا دابەزین، سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە.
13
ئینجا لەوێ ڕۆیشتین و گەیشتینە ڕیگیۆم. بۆ بەیانی بای خواروو هەڵیکرد، لە ڕۆژی دووەم هاتینە پوتیۆلی.
14
لەوێ برایانمان دۆزییەوە، داوایان لێکردین هەفتەیەک بمێنینەوە. بەم شێوەیە هاتینە ڕۆما.
15
لەوێوە کە برایان هەواڵی ئێمەیان بیست، تاکو گۆڕەپانی ئەپیۆس[a] و سێ خانەکە[b] هاتنە پیشوازیمان. کاتێک پۆڵس بینییانی سوپاسی خودای کرد و ورەی بەرزبووەوە.
16
کاتێک گەیشتینە ڕۆما، ڕێگا بە پۆڵس درا بە تەنها لەگەڵ ئەو سەربازەی پاسەوانی دەکرد نیشتەجێ بێت.
17
دوای سێ ڕۆژ پۆڵس ڕابەرانی جولەکەی بانگکرد. کاتێک کۆبوونەوە، پێی گوتن: «برایان، هەرچەندە هیچم لە دژی گەلەکەمان و نەریتی باوباپیرانمان نەکردووە، بەڵام لە ئۆرشەلیم گیرام و درامە دەستی ڕۆمانییەکان.
18
لێکۆڵینەوەیان لەگەڵم کرد ویستیان ئازادم بکەن، چونکە هۆیەکیان بۆ کوشتنم نەدۆزییەوە.
19
بەڵام جولەکە ناڕازی بوون و منیش ناچار بووم داواکارییەکەم بدەمە قەیسەر، مەبەستم ئەوە نەبوو سکاڵا لە گەلی خۆم بکەم.
20
لەبەر ئەوە داوام کرد بتانبینم و قسەتان لەگەڵ بکەم، چونکە لە پێناوی هیوای ئیسرائیل ئەم زنجیرەم پێوەیە.»
21
وەڵامیان دایەوە: «دەربارەی تۆ نامەمان لە یەهودیاوە وەرنەگرتووە، کەسیش لە برایان نەهاتووە تاکو دەربارەی تۆ هەواڵمان بداتێ یان بە خراپە باست بکات.
22
بەڵام پێمان خۆشە گوێمان لە بۆچوونەکانی تۆ بێت، چونکە دەزانین کە خەڵکی لە هەموو شوێنێکەوە بەربەرەکانێی ئەم ڕێبازە دەکات.»
23
ڕۆژێکیان بۆ دیتنی پۆڵس دیاری کرد و زۆر کەس هاتنە ماڵەکەی. ئەویش لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە بۆیانی ڕوون دەکردەوە و شایەتی بۆ پاشایەتی خودا دەدا، هەوڵی دەدا بە تەوراتی موسا و پەڕتووکی پێغەمبەران دەربارەی عیسا قەناعەتیان پێ بهێنێت.
24
جا هەندێکیان بەو قسانەی قایل بوون، هەندێکیش باوەڕیان نەکرد.
25
ئینجا بە جیاوازی بیروڕاوە ئەوێیان بەجێهێشت کاتێک پۆڵس دوایین قسەی بۆ کردن: «ڕۆحی پیرۆز لە ڕێگەی ئیشایا پێغەمبەرەوە ڕاستی بە باوباپیرانتان فەرمووە:
26
«﴿بڕۆ لای ئەم گەلە و پێی بڵێ:
”ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن!“
27
چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و
گوێیان قورس بووە،
چاویان نوقاندووە،
نەوەک بە چاویان ببینن و
بە گوێیان ببیستن و
بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە،
منیش چاکیان بکەمەوە.﴾[c]
28
«با لەلاتان زانراو بێت، ڕزگاریی خودا بۆ ناجولەکەکان نێردرا، ئەوانیش گوێ دەگرن.»
29
{کاتێک ئەمەی گوت، جولەکەکان ڕۆیشتن و دەمەقاڵێیەکی زۆریان هەبوو.}
30
پۆڵس دوو ساڵی تەواو لەو ماڵەی بە کرێی گرتبوو مایەوە، پێشوازی لە هەموو ئەوانە دەکرد کە دەهاتنە لای،
31
بەوپەڕی ئازایی و بێ کۆسپ شانشینی خودای ڕادەگەیاند و سەبارەت بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خەڵکی فێردەکرد.

  1. a. 28‏:15 یۆنانی: \+tl فۆروم ئەپیۆس‏\+tl*.‏
  2. b. 28‏:15 شوێنێکە، بە نزیکەی 40کم لە باشووری ڕۆمایە.‏
  3. c. 28‏:27 ئیشایا 6‏:9،‏‏ 10‏