عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بانگکردنی شایەتەکان لە دژی ئیسرائیل 
1
ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێتان لەم فەرمایشتە بێت کە یەزدان فەرموویەتی، لە دژی ئێوە و هەموو ئەو خێڵەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان، کە فەرمووی:
2
«تەنها ئێوەم ناسی
لە هەموو خێڵەکانی زەوی،
لەبەر ئەوە سزاتان دەدەم،
لەسەر هەموو تاوانەکانتان.»
3
ئایا دووان پێکەوە هاتوچۆ دەکەن،
بێ ئەوەی ڕێک بکەون؟
4
ئایا شێر لە دارستان دەنەڕێنێت،
ئەگەر نێچیری نەبێت؟
ئایا بەچکە شێر لە لانەکەیەوە دەنگی دێت،
بێ ئەوەی هیچی ڕفاندبێت؟
5
ئایا باڵندە دەکەوێتە ناو داوی زەوییەوە،
لە کاتێکدا تەڵەی بۆ نەنرابێتەوە؟
ئایا تەڵە لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە،
ئەگەر هیچی نەگرتبێت؟
6
ئەگەر کەڕەنا لە شاردا لێبدرێت،
ئایا گەل ناترسێت؟
ئەگەر بەڵایەک لە شاردا ڕوو بدات،
ئایا یەزدان نەیکردووە؟
7
بێگومان یەزدانی باڵادەست هیچ کارێک ناکات
بێ ئەوەی نهێنییەکەی بۆ بەندە پێغەمبەرەکانی ئاشکرا بکات.
8
شێر نەڕاندی،
کێ ناترسێت؟
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت،
کێ هەیە بتوانێت پەیامی خودا ڕانەگەیەنێت؟
9
بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و
پێیان بڵێن:
«لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە،
ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن،
ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.»
10
یەزدان دەفەرموێت: «نازانن کاری باش بکەن،
ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.»
11
لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و
هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و
قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.»
12
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک
لە دەمی شێر دەردەهێنێت،
ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە
بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و
بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.»
13
«گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار، خودای سوپاسالارە.
14
«لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی،
سزای قوربانگاکانی بێت‌ئێلیش دەدەم،
جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و
دەکەونە سەر زەوی.
15
کۆشکی زستانە دادەڕمێنم،
هەروەها کۆشکی هاوینەش،
کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و
هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.