عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سەبەتەیەک میوەی گەییو 
1
یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو.
2
جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.»
ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
3
«لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
4
ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە،
هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن،
گوێتان لەمە بێت:
5
ئێوە دەڵێن،
«کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت
تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین،
کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت،
تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟»
بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و
نرخ زیاد بکەن و
فێڵ لە تەرازوو بکەن،
6
بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و
نەداران بە جووتێک پێڵاو و
بن بێژنگی گەنم بفرۆشن.
7
یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم.
8
«ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و
هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟
هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.»
9
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت:
«جا لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و
لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم.
10
جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و
هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە.
جلوبەرگی گوش[a] دەکەمە بەر هەمووتان و
قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم.
دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و
کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.»
11
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت،
قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە،
نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو،
بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان.
12
جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و
لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن،
بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن،
بەڵام نایدۆزنەوە.
13
لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان
لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە.
14
ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و
دەڵێن: ”ئەی دان، سوێند بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…“ و
”سوێند بە خوداوەندی بیری شابەع کە زیندووە…“
جا دەکەون و
ئیتر هەڵناستنەوە.»
  1. a. 8‏:10 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏