عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - چوار گیانلەبەری گەورە لە خەوندا
 - 1
 - لە ساڵی یەکەمی بێلشەسری پاشای بابل، کاتێک دانیال لەسەر جێگاکەی ڕاکشابوو خەونێکی بینی و چەند بینینێک بە مێشکیدا هات، ئینجا پوختەی خەونەکەی نووسییەوە.
 - 2
 - دانیال گوتی: «لە بینینەکەمدا لە شەو تەماشام دەکرد چوار بایەکەی ئاسمان دەریای گەورەیان هەژاند.
 - 3
 - لە دەریاکەوە چوار گیانلەبەری گەورە هاتنە دەرەوە، هەریەکەیان لەوەی دیکە جیاواز بوو.
 - 4
 - «یەکەمیان وەک شێر بوو و دوو باڵی هەڵۆ ئاسای هەبوو. تەماشام کرد هەتا باڵەکانی لێکرایەوە و لەسەر زەوی هەڵستێنرا، وەک مرۆڤ لەسەر دوو پێ ڕاوەستابوو، دڵی مرۆڤی پێدرا.
 - 5
 - «هەر لەو کاتەدا گیانلەبەری دووەم لە شێوەی ورچ لەسەر یەک لا بەرزبووەوە، سێ پەراسوو لەنێو ددانەکانی بوو، پێی گوترا: ”هەستە و گۆشتی زۆر بخۆ!“
 - 6
 - «پاش ئەمە تەماشام کرد یەکێکی دیکە وەک پڵنگ وابوو، لەسەر پشتی چوار باڵی باڵندەی هەبوو. گیانلەبەرەکە چوار سەری هەبوو، دەسەڵاتی حوکمدانی پێدرابوو.
 - 7
 - «پاش ئەمە لە بینینی شەودا تەماشام کرد گیانلەبەری چوارەم ترسناک و تۆقێنەر و زۆر بەهێز بوو. ددانی ئاسنین و گەورەی هەبوو، نێچیرەکانی خوارد و تێکی شکاندن و پاشماوەکەی بە پێیەکانی پانکردەوە. ئەو لە هەموو گیانلەبەرەکانی پێش خۆی جیاوازتر بوو، دە شاخی[a]  هەبوو.
 - 8
 - «لە شاخەکان ڕامابووم، شاخێکی دیکەی بچووک لەنێوانیانەوە دەرهات و سێ شاخەکەی پێش خۆی هەڵتەکاند. ئەم شاخە چاوی وەک چاوی مرۆڤی تێدابوو، لەگەڵ دەمێک کە بە فیزەوە قسەی دەکرد.
 - 9
 - «کاتێک تەماشام دەکرد
«تەختەکان دانران و
خودای جاویدانی[b] دانیشت،
جلەکانی وەک بەفر سپی بوون و
مووی سەریشی وەک خوری بێگەرد وابوو.
تەختەکەشی بڵێسەی ئاگری بوو،
چەرخەکانیشی ئاگری داگیرساو بوو. - 10
 - ڕووبارێکی ئاگرین تێدەپەڕی،
لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت.
بە هەزاران هەزار خزمەتیان دەکرد و
بە دەیان هەزار دەیان هەزار لەبەردەمیدا ڕاوەستابوون.
ئینجا دادگا دانیشت و
کتێبەکان کرانەوە. - 11
 - «لەو کاتەدا بەردەوام بووم لە سەرنجدان لەبەر قسە بە فیزەکان کە شاخەکە دەیکرد. تەماشام دەکرد هەتا گیانلەبەرەکە کوژرا و کەلاکەکەی لەناوچوو، فڕێدرایە ناو ئاگرە داگیرساوەکە.
 - 12
 - گیانلەبەرەکانی دیکەش دەسەڵاتیان لێسەنرایەوە، بەڵام بۆ ماوەیەک تەمەن درێژییان پێدرا.
 - 13
 - «لە بینینەکەی شەودا تەماشام کرد، بەسەر هەوری ئاسمانەوە یەکێکی وەک کوڕی مرۆڤ بوو هات، گەیشتە لای خودای جاویدانی و بردیانە بەردەمی.
 - 14
 - ئینجا دەسەڵات و شکۆ و پاشایەتی پێدرا، بۆ ئەوەی هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان بیپەرستن. دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتێکی هەتاهەتاییە کە بەسەرناچێت، پاشایەتییەکەی لەناو ناچێت.
 - لێکدانەوەی خەونەکە
 - 15
 - «بەڵام من، کە دانیالم ڕۆحم لە ناخمدا واقی وڕما بوو و ئەو بینینانەی بە مێشکمدا هات منیان ترساند.
 - 16
 - جا لە یەکێک لە ڕاوەستاوەکان نزیک بوومەوە و لە هەموو ئەمەدا داوای لێکدانەوەم لێکرد.
«ئەویش لێکدانەوەی خەونەکەی پێ گوتم: - 17
 - ”ئەو چوار گیانلەبەرە گەورەیە چوار پاشان کە لەسەر زەوی پەیدا دەبن.
 - 18
 - بەڵام گەلی پیرۆزی خودای هەرەبەرز پاشایەتییەکە بەدەستدەهێنن و بۆ هەتاهەتایە خاوەنداریێتی دەکەن. بەڵێ، بۆ هەتاهەتایە.“
 - 19
 - «ئینجا ویستم لێکدانەوەی گیانلەبەرەکەی چوارەم بزانم کە لەگەڵ هەموویان جیاواز بوو، زۆر ترسناک بوو، ددانەکانی لە ئاسن بوون و چنگەکانی لە بڕۆنز، نێچیرەکانی خوارد و تێکیشکاندن و پاشماوەکەی بە پێیەکانی پانکردەوە.
 - 20
 - هەروەها ویستم لەبارەی ئەو دە شاخەی سەری و ئەو شاخەی تریش بزانم کە لە کاتی دەرکەوتنی سێ لە شاخەکانی دیکە لەبەردەمی کەوتنە خوارەوە، ئەو شاخە چاوی هەبوو، دەمێکیش کە بە فیزەوە قسەی دەکرد و دیمەنەکەی لە شاخەکانی دیکە زەبەلاحتر بوو.
 - 21
 - تەماشام دەکرد و ئەو شاخە لە دژی گەلە پیرۆزەکە دەجەنگا و ئەوانی بەزاند،
 - 22
 - هەتا خودای جاویدانی هات و حوکمی دەرکرد لە بەرژەوەندی گەلە پیرۆزەکەی خودای هەرەبەرز، کاتی هات بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی پاشایەتییەکە بکەن.
 - 23
 - «ئەویش بەم جۆرەی گوت: ”گیانلەبەری چوارەم پاشایەتییەکی چوارەم دەبێت لەسەر زەوی، جیاواز لە سەرجەم پاشایەتییەکان، ئینجا هەموو زەوی دەخوات و پێی لێ دەنێت و تێکی دەشکێنێت.
 - 24
 - دە شاخەکەش دە پاشان کە لەم پاشایەتییەدا هەڵدەستن. یەکێکی دیکە لەدوای ئەوان هەڵدەستێت لەوانی پێش خۆی جیاواز دەبێت و سێ پاشا زەلیل دەکات.
 - 25
 - لە دژی خودای هەرەبەرز قسە دەکات و پیرۆزەکانی سەرکوت دەکات و هەوڵ دەدات کاتی جەژنەکان و فەرزەکانی تەورات بگۆڕێت. گەلە پیرۆزەکە بۆ سێ ساڵ و نیو[c]  دەدرێنە دەستی ئەو.
 - 26
 - «”جا دادگا دادەنیشێت و دەسەڵاتەکەی لێ دادەماڵن بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆتایی پێ بێت و لەناوبچێت.
 - 27
 - پاشایەتییەکە و دەسەڵات و گەورەیی پاشایەتییەکە لەژێر هەموو ئاسماندا دەدرێتە گەلە پیرۆزەکە، گەلی خودای هەرەبەرز. پاشایەتییەکەی پاشایەتی هەتاهەتاییە و هەموو دەسەڵاتداران دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.“
 - 28
 - «هەتا ئێرە کۆتایی بابەتەکەیە. من دانیالم، بیرکردنەوەکانم زۆر منیان ترساند و ڕەنگم گۆڕا، بەڵام بابەتەکەم لە دڵی خۆمدا هەڵگرت.»
 
- a. 7:7 شاخ: لە زمان و کەلتوری عیبریدا شاخ هێمای توانایە، لێرە و لە 24:8. بڕوانە دانیال 7:7-8 و ئاشکراکردن 5:6 و 12:3.
 - b. 7:9 ئارامی: دێرینی ڕۆژان. مەبەستی لە خودای ئەزەلییە، ناوێکی تایبەتە بۆ خودا کە لە ئەزەلەوە هەیە.
 - c. 7:25 ئارامی: کاتێک و دوو کاتێک و نیو کات.
 

