عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - شارەکانی پەناگا
 - 1
 - کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەو نەتەوانەی قڕکرد کە یەزدانی پەروەردگارتان خاکەکەیانتان دەداتێ و کاتێک دەرتانکردن و لە شار و ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون،
 - 2
 - سێ شار لە ناوەڕاستی خاکەکەتان بۆ خۆتان جیا دەکەنەوە کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا دەستی بەسەردا بگرن.
 - 3
 - ڕێگا دروستدەکەن و ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، دەیکەن بە سێ بەشی سنووردار، تاکو ئەو کەسەی کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.
 - 4
 - ئەم یاسایە بۆ ئەوەیە، ئەگەر کەسێک بەبێ ئەنقەست لە هاوڕێکەی دا کە پێشتر ناحەزی ئەو نەبووە، بۆ ئەوێ هەڵدێت، ئیتر دەژیێت.
 - 5
 - بۆ نموونە، یەکێک لەگەڵ هاوڕێکەی بچێتە ناو دارستان بۆ داربڕین و لە کاتی تەور وەشاندن ئاسنەکە لە داردەستەکە دەرپەڕێت و لە هاوڕێکەی بدات و بمرێت. ئەو کەسە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵدێت و دەژیێت.
 - 6
 - ئەگینا خوێنگرەکە لە تووڕەییدا بەدوای تۆمەتبارکراوەکە دەکەوێت و بەهۆی دووری ڕێگاکە بۆ شاری پەناگا، لە ڕێگا پێی دەگات و دەیکوژێت، لە کاتێکدا ئەو شایانی مردن نییە، چونکە پێشتر ئەو ناحەزی هاوڕێکەی نەبووە.
 - 7
 - بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم کە سێ شار بۆ خۆتان جیا بکەنەوە.
 - 8
 - ئەگەر یەزدانی پەروەردگارتان سنووری فراوان کردن وەک سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد و هەموو ئەو خاکەی پێدان کە بەڵێنی بە باوباپیرانتان دا بیانداتێ،
 - 9
 - چونکە هەموو ئەم فەرمانانەتان پاراست هەتا جێبەجێی بکەن وەک ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم، هەتا یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕۆژان ڕێگاکانی بگرنەبەر، ئەوا سێ شاری دیکەش بۆ خۆتان زیاد بکەن لەسەر ئەم سێیە.
 - 10
 - ئەوە بکەن بۆ ئەوەی خوێنی بێتاوانێک لەناو خاکەکەتان نەڕژێت کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، جا تاوانی خوێنڕشتنتان لەسەر دەبێت.
 - 11
 - بەڵام ئەگەر کەسێک ڕقی لە دراوسێکەی بێت و بۆسەی بۆ نایەوە و لێی هەستا و لێدانێکی کوشندەی لێدا و مرد و ئینجا بکوژەکە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵات،
 - 12
 - ئەوا پیرانی شارۆچکەکەی خۆی دەنێرن و لەوێ دەیهێننەوە و دەیدەنە دەست خوێنگری تۆڵەسێنەر و دەکوژرێت.
 - 13
 - بەزەییتان پێیدا نەیەتەوە، جا تاوانی ڕشتنی خوێنە بێتاوانەکە لە ئیسرائیلدا دادەماڵی و چاکەتان بۆ دەبێت.
 - 14
 - سنووری بەردڕێژکراوی زەوی دراوسێکەت مەگوێزەوە کە ئەوانەی یەکەم جار دایانناوە، لەو میراتەی بەرت دەکەوێت لەو زەوییەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەدات هەتا ببیتە خاوەنی.
 - شایەتی
 - 15
 - یەک شایەت بەس نییە بۆ تاوانبارکردنی کەسێک بە ئەنجامدانی تاوانێک یان هەڵەیەک، لە هەر تاوانێک کە دەیکات. هەر تاوانێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.
 - 16
 - ئەگەر شایەتێکی درۆ دەرکەوت بۆ ئەوەی بە چەوتی شایەتی لەسەر کەسێک بدات،
 - 17
 - ئەوا هەردوو پیاوەکەی ناکۆکییان لەنێوانە، لەبەردەم یەزدان، لەبەردەم کاهینەکان و ئەو دادوەرانەی لەو ڕۆژانەدان ڕادەوەستن،
 - 18
 - جا ئەگەر دادوەران باش لێیان کۆڵییەوە و زانییان شایەتەکە شایەتێکی درۆزنە و بە درۆ شایەتی لەسەر براکەی داوە،
 - 19
 - ئەوا ئەوەی پێ بکەن کە دەیویست بە براکەی بکات، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن و
 - 20
 - ئەوانی دیکە دەبیستن و دەترسن و ئەو کارە خراپە لەنێوتاندا دووبارە ناکرێتەوە.
 - 21
 - بەزەییتان نەبێت، گیان بە گیان، چاو بە چاو، ددان بە ددان، دەست بە دەست، پێ بە پێ.
 

