عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دەرکردن لە کۆمەڵی یەزدانەوە 
1
نابێت خەساو یان قۆڕ یان کەسێک ئەندامی نێرینەی بڕابێتەوە بێتە ناو کۆمەڵی یەزدان.
2
نابێت زۆڵ بێتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە، هەتا نەوەی دەیەم کەسی نایەتە ناو کۆمەڵی یەزدان.
3
هەرگیز نابێت عەمۆنی یان مۆئابی بێتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە، تەنانەت لە نەوەی دەیەمیش کەس نایەتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە،
4
چونکە کاتێک ئێوە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە ڕێگا بە نان و ئاوەوە پێشوازییان لێ نەکردن، هەروەها لەبەر ئەوەی بەلعامی کوڕی بەعۆری خەڵکی پەتوری میسۆپۆتامیایان[a] لە دژی ئێوە بەکرێ گرت هەتا نەفرەتتان لێ بکات.
5
بەڵام یەزدانی پەروەردگارتان نەیویست گوێ لە بەلعام بگرێت، جا لە پێناوی ئێوە یەزدانی پەروەردگارتان نەفرەتەکەی گۆڕی بۆ بەرەکەت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشیویستوون.
6
بە درێژایی ژیانتان هەرگیز پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ مەبەستن.
7
ڕقت لە هیچ ئەدۆمییەک نەبێتەوە، چونکە براتە، ڕقت لە هیچ میسرییەک نەبێتەوە، چونکە لە خاکی ئەو نامۆ بوویت،
8
ئەو منداڵانەی لەوان لەدایک دەبن لە نەوەی سێیەمەوە دێنە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە.
گڵاوی لە ئۆردوگادا 
9
کاتێک لە دژی دوژمنەکانتان ئۆردوگا دادەمەزرێنن، لە هەموو شتێکی گڵاو خۆتان بەدوور بگرن.
10
ئەگەر پیاوێکتان تێدابوو، گڵاو بوو لەبەر ئەوەی بە شەو تۆوی لێ هاتە دەرەوە، ئەوا دەچێتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و ناگەڕێتەوە ناو ئۆردوگاکە.
11
دەمەو ئێوارە بە ئاو خۆی دەشوات و لە ئاوابوونی خۆر دێتەوە ناو ئۆردوگاکە.
12
دەبێت شوێنێکیشتان هەبێت لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ پیساییکردن،
13
لەگەڵ شتومەکەکەشتان خاکەنازێکتان هەبێت، بۆ ئەوەی چاڵی پێ هەڵبکەنن بۆ پیساییکردن و پاشان پیساییەکەتان داپۆشن.
14
لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لەناو ئۆردوگاکەتان هاتوچۆ دەکات بۆ ئەوەی فریاتان بکەوێت و دوژمنەکانتان بەدەستەوە بدات، جا با ئۆردوگاکەتان پیرۆز بێت نەوەک شتێکی پیستان تێدا ببینێت و ڕووتان لێ وەربگێڕێت.
فێرکردن بۆ وریابوونەوەی ویژدان 
15
ئەگەر کۆیلەیەک پەنای بۆتان هێنا، مەیدەنەوە دەست گەورەکەی،
16
لەلای ئێوە نیشتەجێ دەبێت لەنێوتاندا لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان، لە هەرکوێ پێی خۆشە و ستەمی لێ مەکەن.
17
کچانی ئیسرائیل بۆیان نییە ببنە لەشفرۆشی نزرگەکان و کوڕانی ئیسرائیلیش بۆیان نییە هەمان ئەم کارە بکەن[b] .
18
کرێی لەشفرۆشیی ژنان و پیاوان مەخەنە ناو ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان لە نەزرکردن، چونکە ئەم کارە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان قێزەونە.
19
قەرز بە سوو بە براکەت مەدە، نە سووی زیو و نە سووی خۆراک و نە سووی هەر شتێک کە بە سوو بە قەرز دەدرێت.
20
دەتوانیت قەرز بە سوو بدەیتە بێگانە، بەڵام قەرز بە سوو مەدە براکەت، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتدارت بکات لە هەموو شتێک کە دەستی بۆ دەبەیت لەو خاکەی دەچیتە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگریت.
21
ئەگەر نەزرێکت بۆ یەزدانی پەروەردگارت کرد بەجێهێنانی دوا مەخە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لێت داوا دەکات، جا بەسەرتەوە دەبێتە گوناه.
22
بەڵام ئەگەر نەزرت نەکرد ئەوا گوناه نییە بەسەرتەوە.
23
ئەوەی لە دەمت هاتە دەرەوە بیپارێزە و بیکە، چونکە ئازادانە بە دەمی خۆت نەزرت بۆ یەزدانی پەروەردگارت کرد.
24
ئەگەر چوویتە ناو ڕەزەمێوی دراوسێکەت پڕ بە حەزی دڵت ترێ بخۆ هەتا تێر دەبیت، بەڵام هیچ مەکە ناو توورەکەکەتەوە.
25
ئەگەر چوویتە ناو دەغڵی دراوسێکەت دەتوانیت بە دەستت گوڵەگەنم لێ بکەیتەوە، بەڵام داس لە دەغڵی دراوسێکەت بەرز مەکەرەوە.
  1. a. 23‏:4 میسۆپۆتامیا: عیبری (ئارامی دوو ڕووبار) بە واتای وڵاتی ئارام کە دەکەوێتە نێوان دجلە و فورات. بڕوانە سەرژمێری 22‏:5‏‏.‏
  2. b. 23‏:17 بەپێی بیروباوەڕی ئایینی کەنعانی جووتبوون لەگەڵ ئافرەت یان پیاوی لەشفرۆش لە نزرگە، دەبێتە مایەی بەپیت بوونی کێڵگەکان و ئاژەڵەکان. هەندێک لە نەوەی ئیسرائیل ئەم بیروباوەڕی کەنعانییان پەیڕەو کرد. بڕوانە یەکەم پاشایان 14‏:24 و هۆشەع 4‏:14 و ئامۆس 2‏:7‏‏.‏