عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یەزدانی پەروەردگارت خۆشبوێت 
1
ئەمە ئەو فەرمان و فەرز و یاسایانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی دا فێرتانی بکەم، هەتا لەو خاکەدا پەیڕەوی بکەن کە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن،
2
هەتا لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو فەرز و فەرمانەکانی بەجێبهێنن کە من بە ئێوە و منداڵ و نەوەکانتان فەرمانیان پێدەدەم هەموو ڕۆژانی ژیانتان، هەتا ڕۆژانتان درێژ بێت.
3
جا ئەی ئیسرائیل، گوێ بگرن و ئاگاداربن بە گوێڕایەڵیتان، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و زۆر زۆرتر ببن، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان لەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
4
ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە،
5
جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.
6
با ئەم ڕاسپاردانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لەسەر دڵتان بێت و
7
بۆ منداڵەکانتانی بگێڕنەوە و باسی بکەن کاتێک لە ماڵ دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن،
8
وەک نیشانەیەکیش لەسەر دەستتان بیبەستن و با گوڵنگ بێت بە ناوچەوانتانەوە و
9
لەسەر چوارچێوەی دەرگای ماڵ و حەوشەکانتان بینووسن.
10
کاتێکیش یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنا بۆ ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بتانداتێ، بۆ شاری مەزن و چاک کە ئێوە بنیادتان نەناوە،
11
ماڵی پڕ لە خێروبێر کە ئێوە پڕتان نەکردووە، بیری لێدراو کە ئێوە لێتان نەداوە، مێو و زەیتوون کە ئێوە نەتانڕواندووە، کە کاتێک خواردتان تێر بوون،
12
جا ئاگاداربن نەوەک یەزدان لەبیر بکەن کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان.
13
لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن و تەنها ئەو دەپەرستن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن.
14
بەدوای خودای دیکەدا مەڕۆن، لە خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتانن،
15
چونکە یەزدانی پەروەردگارتان کە لەنێوتاندایە، خودایەکی ئیرەدارە، نەوەک تووڕەیی یەزدانی پەروەردگارتان بجۆشێت بەسەرتان و لەسەر ڕووی ئەم خاکە لەناوتان ببات.
16
یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە وەک لە مەسا تاقیتان کردەوە.
17
بە تەواوی فەرمان و یاسا و فەرزەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردوون.
18
ئەوەی ڕاستە و باشە لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان بیکەن، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکە چاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد،
19
کە هەموو دوژمنانتان لەبەردەم ڕابماڵێت، وەک یەزدان فەرمووی.
20
لە داهاتوودا، کاتێک منداڵەکانتان لێیان پرسین و گوتیان: «ئەو یاسا و فەرز و حوکمانە چین کە یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردن؟»
21
بە منداڵەکانتان دەڵێن: «لە میسر کۆیلەی فیرعەون بووین و یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە میسرەوە دەریهێناین و
22
یەزدان لەبەرچاومان نیشانە و پەرجووی مەزن و سامناکی بەسەر میسر و فیرعەون و هەموو ماڵەکەی نارد و
23
لەوێوە دەریهێناین هەتا بمانهێنێت و ئەو خاکەمان بداتێ کە بۆ باوباپیرانمان سوێندی خواردبوو.
24
جا یەزدان فەرمانی پێ کردین هەموو ئەو فەرزانە بەجێبهێنین و لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین، هەتا هەموو ڕۆژان چاکەمان بێتە ڕێ و بمانهێڵێتەوە وەک ئەمڕۆ،
25
ڕاستودروستیشمان بۆ دەبێت ئەگەر هەموو ئەو فەرمانانەمان پاراست هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان بیکەین، هەروەک فەرمانی پێ کردین.»