عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ستەمکاری، ماندووبوون، تەنهایی 
1
پاشان ئاوڕم دایەوە و بینیم هەموو ئەو ستەمەی کە لەسەر زەویدا دەکرێت و ئەوەتا:
فرمێسکی ستەملێکراوانم بینی،
کەس نەبوو دڵنەواییان بکات،
ستەمکارانیشیان زەبریان بەدەست بوو،
کەس نەبوو دڵنەواییان بکات.
2
خۆزگە بە مردووان دەخوازرێت
کە دەمێکە مردوون،
ئەوان خۆشحاڵترن لەوانەی
کە لە ژیاندا ماون.
3
بەڵام لە هەردووکیان باشتر ئەوەیە
کە هێشتا لەدایک نەبووە،
ئەوەی ئەو خراپەکارییەی نەدیوە
کە لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێت.
4
من بینیم کە هەموو ماندووبوون و هەموو ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت لە ئەنجامی ئەو کێشمەکێشەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە نزیکەکەی دەیکات، ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.
5
کەسی گێل دەست دەخاتە سەر دەست و
گۆشتی خۆی دەخوات.
6
مشتێک حەسانەوە باشترە
لە دوو مشتی پڕ ماندووبوون و گڤەی با.
7
دیسان شتێکی بێ واتام لەسەر زەوی بینی:
8
یەکێکی تاک و تەنها،
نە کوڕی هەبوو، نە برا،
هەموو ماندووبوونەکەی بێ کۆتایی بوو،
هەروەها چاوی لە دەوڵەمەندی تێر نەدەبوو.
گوتی: «ئیتر بۆ کێ خۆم ماندوو بکەم و
گیانی خۆم بۆچی لە خۆشی بێبەش بکەم؟»
ئەمەش بێ واتایە و بارێکی قورسە.
9
دوو کەس لە یەک کەس باشترە،
چونکە لە ماندووبوونەکەیان قازانجێکی باشتریان دەبێت.
10
ئەگەر یەکێکیان بکەوێت،
هاوڕێکەی هەڵیدەستێنێتەوە.
بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە تەنهایە،
دەکەوێت و کەس نییە هەڵیبستێنێتەوە.
11
هەروەها ئەگەر دوو کەس پێکەوە ڕابکشێن، گەرم دەبنەوە،
بەڵام یەکێک تەنها بێت، چۆن گەرم دەبێتەوە؟
12
ئەگەر یەکێک یەک کەس ببەزێنێت،
دووان دەتوانن بەرامبەری بوەستن،
گوریسی سێ تاڵیش زوو ناپسێت.
پلە بەرزبوونەوە بێ واتایە 
13
گەنجێکی هەژار و دانا باشترە لە پاشایەکی پیر و گێل، کە ئیتر ناتوانێت گوێ لە هۆشداری بگرێت.
14
دەشێت گەنجەکە لە بەندیخانەوە هاتبێتە دەرەوە هەتا ببێت بە پاشا، یاخود بە هەژاری لەو شانشینەدا لەدایک بووبێت.
15
ڕوانیمە هەموو ئەو مرۆڤانەی کە بەسەر زەویدا هاتوچۆیان دەکرد پشتگیری گەنجەکەیان دەکرد کە جێگەی پاشاکەی گرتەوە.
16
ئەو مرۆڤانەی کە هاتنە بەردەمی پاشا بێشومار بوون، بەڵام گەل دڵیان بەو پاشایە خۆش نەبوو. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.