عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە،
بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری ئەفەسۆس، بۆ ئەوانەی کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا دڵسۆزن:
2
با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
بەرەکەتی ڕۆحی لە ڕێگەی یەکبوون لەگەڵ مەسیح 
3
ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە ئێمەی بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا[b] بە هەموو بەرەکەتێکی ڕۆحی لە شوێنەکانی ئاسماندا[c] بەرەکەتدار کردووە،
4
وەک پێش دامەزراندنی جیهان بە یەکبوونمان لەگەڵ مەسیحدا هەڵیبژاردین، تاکو لەبەردەمی پیرۆز و بێ کەموکوڕی بین.
5
پێشتر بە خۆشەویستی ئێمەی دیاری کرد، تاکو لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەگوێرەی خواستی خۆشحاڵانەی، وەکو منداڵی خۆی لە خۆیمان بگرێتەوە[d] ،
6
ئەمەش دەبێتە مایەی ستایشکردنی نیعمەتە شکۆدارەکەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی خۆشەویستیەوە بەخۆڕایی پێیداوین.
7
ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا و بەهۆی خوێنی ئەوەوە کڕدراینەوە، واتا لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت، بەگوێرەی دەوڵەمەندی نیعمەتەکەی،
8
ئەوەی بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنەوە بەسەرمانی داباراند.
9
نهێنی خواستی خۆی پێ ناساندین، بەگوێرەی خۆشحاڵی خۆی کە لە ڕێگەی مەسیحەوە مەبەستی بوو،
10
بۆ بەجێگەیاندنی لە تەواوی زەمانەدا، تاکو هەموو شتێک لە زەوی و ئاسمان لەژێر دەسەڵاتی مەسیحدا و لە ڕێگەی ئەوەوە یەک بخات.
11
خودا پێشوەخت بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا ئێمەی هەڵبژارد تاکو بەگوێرەی پلانەکەی بۆ ئەو بین. خودا هەموو شتێک بەگوێرەی مەبەست و ویستی خۆی بەڕێوە دەبات،
12
بۆ ئەوەی ئێمە کە یەکەمین بووین هیوای خۆمان بە مەسیحەوە گرێ بدەین، ببینە مایەی ستایشکردن بۆ شکۆی مەسیح.
13
هەروەها ئێوە، کاتێک گوێتان لە پەیامی ڕاستی گرت کە مزگێنیی ڕزگاریتانە، خودا ئێوەی لەگەڵ مەسیحدا کرد بە یەک، چونکە کاتێک باوەڕتان هێنا ڕۆحی پیرۆزی بەڵێندراو وەک مۆرێک دەستنیشانی کردن.
14
ڕۆحی پیرۆزیش پێشەکی دەستەبەری میراتەکەمانە، بۆ کڕینەوەی گەلی تایبەتی خودا، بۆ ستایشکردنی شکۆیەکەی.
نوێژ بۆ ڕۆحی دانایی 
15
لەبەر ئەم هۆیە کاتێک منیش باوەڕی ئێوەم بیست بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستیتان بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا،
16
بێ وەستان لە پێناوتاندا سوپاسی خودا دەکەم، لە نوێژەکانمدا یادتان دەکەم.
17
داوا دەکەم لە باوکی شکۆدار، کە خودای عیسای مەسیحی پەروەردگارمانە، ڕۆحی دانایی و ئاشکراکردنتان بداتێ هەتا بتوانن بە شێوەیەکی دروست بیناسن.
18
نزا دەکەم بیروهۆشتان ڕووناک بێتەوە تاکو بزانن چییە ئەو هیوایەی ئێوەی بۆ بانگ کراون، هەروەها لە شکۆ و دەوڵەمەندیی میراتەکەی بۆ خوشک‏ و برا پیرۆزەکان تێبگەن،
19
هەروەها گەورەیی بێ سنووری هێزەکەشی بۆ ئێمە کە باوەڕدارین. ئەم هێزە هەمان ئەو توانا مەزنەیە
20
کە خودا بەکاریهێنا ئەو کاتەی کە مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە و لە دەستەڕاستی خۆی لە شوێنەکانی ئاسماندا داینا،
21
لە سەرووی هەموو فەرمانڕەوا و حوکومڕان و هێز و دەسەڵاتێک و هەموو ئەوانەی ناویان هەیە، نەک تەنها لەم دنیایە، بەڵکو لەو دنیاش.
22
خودا هەموو شتێکی خستە ژێر پێیەکانی، لە سەرووی هەموو شتێکدا کردییە سەر بۆ کڵێسا،
23
کە جەستەی مەسیحە، واتا پڕیی ئەو بە هەموو شێوەیەک هەموو گەردوون پڕ دەکات.
  1. a. 1‏:2 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
  2. b. 1‏:3 q بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە. هەروەها بڕوانە ئایەتی 4‏، 6، 7، 9، 11، 13.‏
  3. c. 1‏:3 شوێنەکانی ئاسمان: مەبەست لەو شوێنەیە کە خودا سەبارەت بە ژیانی ڕۆحیمان بڕیار دەدات. بڕوانە 1‏:20، 2‏:6، 3‏:10، 6‏:12.‏
  4. d. 1‏:5 لێرەدا زاراوەیەکی یاسایی لە دەقی یۆنانی هاتووە کە لەو سەردەمدا بەپێی دابونەریتی ڕۆمانییەکان مەبەست لە بەخشینی تەواوی مافی میراتگری نێرینە بووە.‏