عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
جلوبەرگی کاهینیێتی 
1
«تۆش لەنێو نەوەی ئیسرائیل هارونی برات لە خۆت نزیک بکەوە، لەگەڵ ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار، کوڕانی هارون، بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن.
2
جلوبەرگی پیرۆزیش بۆ هارونی برات دروستبکە بۆ شکۆمەندی و ڕێزگرتن.
3
تۆش لەگەڵ بەهرەمەندەکان قسە بکە، ئەوانەی پڕمکردوون لە ڕۆحی دانایی، بۆ ئەوەی جلوبەرگەکەی هارون دروستبکەن بۆ تەرخانکردنی هەتا کاهینیێتیم بۆ بکات.
4
ئەمانەش ئەو جلوبەرگەن کە دروستی دەکەن، بەرسینە و ئێفۆد و کەوا و کراسی دامێن درێژی چنراو و مێزەر و کەمەربەند. ئینجا جلوبەرگی پیرۆز بۆ هارونی برات و کوڕەکانی دروستبکەن، هەتا کاهینیێتیم بۆ بکەن.
5
ئەوانیش زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک وەردەگرن.
ئێفۆدەکە 
6
«ئێفۆدەکەش لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە جۆڵایەکی شارەزا دروستبکەن.
7
دوو شانیشی هەبێت بە هەردوو لایەوە پێوەی بەسترابن.
8
پشتبەستی ئێفۆدەکە کە لەسەریەتی، دەبێت لە هەمان پارچە و هەمان دەستکرد بێت، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بێت.
9
«دوو بەردی عاشقبەندیش بهێنە و ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلیان لەسەر هەڵبکەنە.
10
ناوی شەشیان لەسەر بەردێک و ناوی شەشەکەی ماوەتەوە لەسەر بەردی دووەم هەڵبکەنە بەگوێرەی لەدایکبوونیان.
11
ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل لەسەر هەردوو بەردەکە هەڵبکەنە، وەک چۆن نەقاڕێک مۆر هەڵدەکەنێت. ئینجا بە چوارچێوەی زێڕینی دەوردراو بیانچەسپێنە.
12
دوو بەردەکەش بخەرە سەر دوو شانی ئێفۆدەکە، دوو بەردی یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل. هارون لەبەردەم یەزدان وەک یادەوەری ناوەکانیان لەسەر هەردوو شانی هەڵدەگرێت.
13
چوارچێوەی زێڕینیش دروستبکە و
14
دوو زنجیری هۆنراوە لە زێڕی بێگەرد، وەک گوریس، لەسەر چوارچێوەکان دابنێ.
بەرسینەکە 
15
«هەروەها بەرسینەی دادوەری دروستبکە، وەک ئێفۆدەکە بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو.
16
بەرسینەکەش چوارگۆشە و دووبەر بێت، درێژییەکەی بستێک[a] و پانییەکەی بستێک.
17
بە چوار ڕیز بەرد بیڕازێنەوە، لە ڕیزی یەکەم یاقووت[b] لەگەڵ یاقووتی زەرد و زمروودی سەوز؛
18
ڕیزی دووەم بەردە پیرۆزە[c] و یاقووتی شین و زمروود؛
19
ڕیزی سێیەم یاقووتی زەعفەرانی و کریستاڵی هەورین و جەمشت؛
20
ڕیزی چوارەمیش زەبەرجەد و بەردی عاشقبەند و یەشب. لە ڕازانەوەیاندا بە زێڕ دەور بدرێن.
21
بەردەکانیش دوازدە بن وەک ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل بەپێی ناوەکانیان، وەک نەخشی ئەنگوستیلە هەریەکە بەپێی ناوەکەی بۆی دەبێت بۆ دوازدە هۆز.
22
«بۆ بەرسینەکەش زنجیرەی هۆنراوە لە زێڕی بێگەرد دروستبکە، وەک گوریس.
23
لەسەر بەرسینەکەش دوو ئەڵقەی زێڕین دروستبکە، دوو ئەڵقەکە لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دابنێ.
24
دوو زنجیرە زێڕینەکەش بخە ناو دوو ئەڵقەکەی سەر هەردوو لای بەرسینەکە.
25
هەردوو سەرەکەی دیکەی دوو زنجیرەکەش بخە ناو دوو چوارچێوەکە و لەسەر شانەکانی ئێفۆدەکەی دابنێ بۆ پێشەوەی.
26
دوو ئەڵقەی زێڕینیش دروستبکە و لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دایانبنێ، لەسەر لێوارەکەی کە بە دیوی ئێفۆدەکەیە بۆ ژوورەوە.
27
هەروەها دوو ئەڵقەی زێڕین دروستبکە و لەسەر هەردوو شانی ئێفۆدەکە دایانبنێ، لە خوارەوە بە دیوی ڕووەکەی، لە نزیک بەیەکبەستنەوەکەی لە سەرووی پشتبەستی ئێفۆدەکە.
28
بەرسینەکەش بە دوو ئەڵقەکەیەوە لە دوو ئەڵقەی ئێفۆدەکە بە داوێک دەبەسترێت لە ڕیسی مۆر، بۆ ئەوەی لەسەر پشتبەستی ئێفۆدەکە بێت، تاوەکو بەرسینەکەش لە ئێفۆدەکە نەکرێتەوە.
29
«ئیتر هارون ناوی نەوەکانی ئیسرائیل لە بەرسینەکەی دادوەری لەسەر دڵی خۆی هەڵدەگرێت کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکە وەک یادکردنەوە بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان.
30
هەروەها لەسەر بەرسینەکەی دادوەری ئوریم و تومیم[d] دابنێ و لەسەر دڵی هارون دەبن کاتێک دێتە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، هارونی دادوەری نەوەی ئیسرائیل بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان لەسەر دڵی هەڵیدەگرێت.
جلوبەرگی دیکەی کاهینیێتی 
31
«کەوای ئێفۆدەکەش هەمووی لە ڕیسی مۆر دروستبکە.
32
کونی سەریشی لە ناوەڕاستی دەبێت و لێواریش دەبێت بۆ کونەکەی بەدەوریدا بە دەستکردی جۆڵا، وەک کونی زرێ یەخەی هەبێت بۆ ئەوەی نەدڕێت.
33
لەسەر دامێنی کەواکە گوڵینگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستبکە، لەگەڵ زەنگوڵەی زێڕین لەنێوانیان.
34
لەنێو هەردوو گوڵینگێک زەنگوڵەیەکی زێڕ لەسەر دامێنی کەواکە بە دەوریدا بێت.
35
دەبێت هارون بۆ خزمەتکردن لەبەری بکات بۆ ئەوەی کاتێک دەچێتە ژوورەوەی شوێنە پیرۆزەکە بۆ لای یەزدان و کاتێک دێتە دەرەوە دەنگی زەنگوڵەکان ببیسترێت، نەوەک بمرێت.
36
«پلێتێکیش لە زێڕی بێگەرد دروستبکە و وەک نەخشی ئەنگوستیلە لەسەری هەڵبکەنە،
”پیرۆزی بۆ یەزدان“[e] .
37
بیخە سەر داوێکی مۆر بۆ ئەوەی لەسەر مێزەرەکە بێت، لەلای پێشەوەی مێزەرەکە بێت.
38
لەسەر ناوچەوانی هارون بێت، بەم شێوەیە هارون ئۆباڵی هەر گوناهێکی نەوەی ئیسرائیل هەڵدەگرێت کە پەیوەندی هەبێت بەو قوربانییانەی بۆ یەزدانیان تەرخان کردووە، بەردەوامیش لەسەر ناوچەوانی دەبێت بۆ ئەوەی قوربانییەکان لەبەردەم یەزدان پەسەند بن.
39
«کراسە دامێن درێژە چنراوەکەش لە کەتانی ناسک بێت و مێزەرەکەش لە کەتانی ناسک دروستبکە. کەمەربەندەکەش بە دەستکردی جۆڵایەک بچنە.
40
بۆ کوڕانی هارونیش کراسی دامێن درێژ دروستبکە، هەروەها کەمەربەند و سەرپێچیان بۆ دروستبکە، بۆ شکۆمەندی و ڕێزگرتن.
41
دوای ئەوەی ئەو جلوبەرگانەت لەبەر هارونی برات و کوڕەکانی کرد، دەستنیشانیان بکە و ئەرکیان پێ بسپێرە و تەرخانیان بکە بۆ ئەوەی خزمەتی کاهینیێتیم بۆ بکەن.
42
«هەروەها دەرپێی کەتانیان بۆ دروستبکە بۆ پۆشینی ڕووتییان، لە ناوقەدەوە هەتا هەردوو ڕان بێت.
43
هارون و کوڕەکانی لەبەری بکەن لە هاتنە ژوورەوەیان بۆ چادری چاوپێکەوتن، یان لە نزیکبوونەوەیان لە قوربانگا بۆ خزمەتکردن لە شوێنی پیرۆز، نەوەک تاوان هەڵبگرن و بمرن.
«ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ هارون و بۆ نەوەکەی دوای خۆی.
  1. a. 28‏:16 نزیکەی 22 سەنتیمەتر.‏
  2. b. 28‏:17 یاقووت: گەوهەری سووری تۆخ.‏
  3. c. 28‏:18 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباو.‏
  4. d. 28‏:30 دوو بەردی گرانبەها بوون، لە کاتی بڕیاردان بۆ زانینی خواستی خودا بەکارهێنراون، بڕوانە یەکەم ساموئێل 23‏:9‏-12.‏‏
  5. e. 28‏:36 بۆ یەزدان تەرخان کراوە.‏