عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - تەرخانکردن بۆ کاهینیێتی
 - 1
 - «بۆ تەرخانکردنیان هەتا کاهینیێتیم بۆ بکەن ئەمەیان بۆ بکە: یەک جوانەگا و دوو بەرانی ساغ ببە.
 - 2
 - هەروەها لە ئاردی گەنمی باش نانی بێ هەویرترش و کولێرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی بە زەیت چەورکراو دروستبکە.
 - 3
 - بیانخە ناو سەبەتەیەک و بە سەبەتەکەوە لەگەڵ جوانەگاکە و دوو بەرانەکە پێشکەشیان بکە.
 - 4
 - هارون و کوڕەکانیشی بهێنە پێش دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ.
 - 5
 - ئینجا جلەکان ببە و لەبەر هارونی بکە، کراسە دامێن درێژەکە، کەوای ئێفۆدەکە، ئێفۆد و بەرسینەکە، ئینجا بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بۆی ببەستەوە.
 - 6
 - پاشان مێزەرەکە بخە سەری و تاجەگوڵینەی پیرۆزیش بخە سەر مێزەرەکە.
 - 7
 - زەیتی دەستنیشانکردن بهێنە و بەسەریدا بکە، بەوە دەستنیشانی بکە.
 - 8
 - کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسی دامێن درێژیان لەبەر بکە و
 - 9
 - کەمەربەندیان لە ناوقەد ببەستە. سەرپێچەکان بۆ هارون و کوڕەکانی توند بکە.
«کاهینیێتی دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان و ئەرک بە هارون و کوڕەکانی دەسپێریت. - 10
 - «جوانەگاکە بهێنە پێش چادری چاوپێکەوتن و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکە دابنێن.
 - 11
 - تۆش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەرببڕە.
 - 12
 - لە خوێنی جوانەگاکە هەڵبگرە و بە پەنجەت لەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەی بدە، هەموو خوێنەکەی دیکەش بڕژێنە بنکەی قوربانگاکە.
 - 13
 - هەموو ئەو پیوەش کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکە بهێنە و لەسەر قوربانگاکە بیانسووتێنە،
 - 14
 - بەڵام گۆشتی جوانەگاکە و پێستەکەی و ڕیخۆڵەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر بسووتێنە، ئەوە قوربانی گوناهە[a] .
 - 15
 - «یەکێکیش لە بەرانەکان بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن.
 - 16
 - بەرانەکە سەرببڕە و خوێنەکەی هەڵبگرە و بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بیپرژێنە.
 - 17
 - بەرانەکەش پارچەپارچە بکە و هەناو و قاچەکانی بشۆ و بیخە سەر پارچەکانی و سەرەکەی.
 - 18
 - هەموو بەرانەکە لەسەر قوربانگاکە بسووتێنە، ئەمە قوربانی سووتاندنە بۆ یەزدان، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
 - 19
 - «بەرانەکەی دیکە بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن.
 - 20
 - بەرانەکە سەرببڕە و لە خوێنەکەی ببە و لە شلکەی گوێی[b] ڕاستی هارون و کوڕەکانی بدە، هەروەها لە پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستیان بدە، پاشان خوێن بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بپرژێنە.
 - 21
 - ئینجا لە خوێنی سەر قوربانگاکە و لە زەیتی دەستنیشانکردنەکە هەڵبگرە و بیپرژێنە بەسەر هارون و جلەکانی و بەسەر کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی. ئینجا خۆی و جلەکانی و کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پیرۆز دەبن.
 - 22
 - «لە بەرانەکە ئەمانە ببە، پیو و دوگ[c] و پیوەکەی هەناوی و سەر جگەر و گورچیلەکان و هەردوو گورچیلە و ڕانی ڕاستی، چونکە ئەمە بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەیە.
 - 23
 - هەروەها لە سەبەتەی فەتیرەکە، ئەوەی لەبەردەم یەزدانە، نانێک و کولێرەیەک لەوەی بە زەیتە و ناسکە نانێک[d] ببە.
 - 24
 - هەمووی بخە سەر دەستی هارون و کوڕەکانی و لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە[e] بەرزی بکەنەوە.
 - 25
 - دواتر لە دەستیان وەریبگرەوە و لەگەڵ قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە بیسووتێنە، بۆنی خۆشییە لەبەردەم یەزدان، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
 - 26
 - لەدوای ئەوەی سنگی بەرانەکەی دیکە بۆ ئەرک پێ سپاردنی کاهینیێتی هارون ببە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان بەرزی بکەوە، ئەمەش دەبێتە بەش بۆ تۆ.
 - 27
 - «بەشەکانی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکە کە هی هارون و کوڕەکانییەتی، سنگە بەرزکراوەکە و ڕانە پێشکەشکراوەکە، تەرخان بکە.
 - 28
 - ئەمەش دەبێتە بەشێکی چەسپاو بۆ هارون و کوڕەکانی لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە، چونکە پێویستە نەوەی ئیسرائیل ئەم بەشە پیتاکە لە قوربانی هاوبەشییانەوە بدەنە یەزدان.
 - 29
 - «جلوبەرگە پیرۆزەکانی هارونیش لەدوای مردنی خۆی بۆ نەوەکانی دەبێت، تاکو بەو جلانەوە دەستنیشان بکرێن و ئەرکیان پێ بسپێردرێت.
 - 30
 - کوڕەکەی، ئەوەی وەک کاهین جێی دەگرێتەوە حەوت ڕۆژ لەبەری دەکات، کاتێک دێتە ناو چادری چاوپێکەوتن بۆ ئەوەی لە شوێنی پیرۆز خزمەت بکات.
 - 31
 - «بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش ببە و گۆشتەکەی لە شوێنێکی پیرۆز لێبنێ.
 - 32
 - هارون و کوڕەکانی گۆشتی بەرانەکە و نانی ناو سەبەتەکە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن بخۆن.
 - 33
 - ئەوانە ئەم قوربانییانە دەخۆن کە بۆ کەفارەتیان کراون بۆ ئەرک پێ سپاردنیان و بۆ تەرخانکردنیان، بەڵام هیچ کەسێکی دیکە لێیان ناخوات، چونکە پیرۆزن.
 - 34
 - ئەگەر لە گۆشتی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش یان لە نانەکە هەتا بەیانی مایەوە، ئەوا ئەوەی ماوەتەوە بە ئاگر بیسووتێنە و ناخورێت، چونکە پیرۆزە.
 - 35
 - «ئاوا بۆ هارون و کوڕەکانی بکە، وەکو هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، حەوت ڕۆژ ئەرکیان پێ بسپێرە.
 - 36
 - هەموو ڕۆژێک جوانەگایەک پێشکەش بکە وەک قوربانی گوناه بۆ کەفارەت، هەروەها قوربانگاکەش پاک بکەرەوە بەوەی کەفارەتی بۆ دەکەیت، هەروەها بە زەیت تەرخانی بکە.
 - 37
 - حەوت ڕۆژ لەسەر قوربانگاکە کەفارەتی بۆ بکە و تەرخانی بکە، جا قوربانگاکە دەبێتە هەرەپیرۆز، هەموو ئەوەی بەر قوربانگاکە بکەوێت پیرۆز دەبێت.
 - 38
 - «ئەمەش ئەوەیە کە لەسەر قوربانگاکە پێشکەشی دەکەیت، هەموو ڕۆژێک بە بەردەوامی دوو بەرخی نێری یەک ساڵە.
 - 39
 - یەکێک لە بەرخەکان لە بەیانی پێشکەش بکە و بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون.
 - 40
 - لەگەڵ دەیەکی ئێفەیەک[f] لە باشترین ئارد بە چارەکە هەینێک[g] زەیتی زەیتوونی گوشراو شێلرابێت و لە شەرابی پێشکەشکراویش چارەکە هەینێک شەراب، ئەمە بۆ بەرخی یەکەم.
 - 41
 - هەروەها بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابووندا پێشکەش بکە، لەگەڵ پێشکەشەکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی، وەک ئەوەی لە بەیانیدا کردووتە، بۆنێکی خۆشە و قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
 - 42
 - «قوربانی سووتاندنی بەردەوامە بۆ نەوەکانتان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان، کە لەوێ لەگەڵتان ژوان دەبەستم بۆ ئەوەی لەگەڵت بدوێم.
 - 43
 - هەروەها ژوان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش دەبەستم، جا بە شکۆی من شوێنەکە پیرۆز دەبێت.
 - 44
 - «هەروەها چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەرخان دەکەم، هارون و کوڕەکانیشی تەرخان دەکەم بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن.
 - 45
 - لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و بۆیان دەبمە خودا.
 - 46
 - جا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم، کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا لەنێویان نیشتەجێ بم. من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم.
 
- a. 29:14 قوربانی گوناه: پێشکەشکردنی قوربانی لە پێناو گوناه یاخود تاوان، کاریگەری هەیە لەسەر دووبارە گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ ناو ژیانی خواپەرستی.
 - b. 29:20 نەرمەی گوێ.
 - c. 29:22 دوگ یان دونگ.
 - d. 29:23 ناسکە نانێک: ناوەشکێنە.
 - e. 29:24 لەم قوربانییەدا هارون و کوڕەکانی چەند جارێک قوربانییەکە بەرز دەکەنەوە کە هێمایەکە بۆ تەرخانکردن بۆ خودا.
 - f. 29:40 دەیەکی ئێفەیەک: نزیکەی دوو لیتر.
 - g. 29:40 چارەکە هەینێک: نزیکەی یەک لیتر.
 

