عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سندوقی پەیمان 
1
بەسەلئێلیش لە داری ئەکاسیا سندوقەکەی دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو و پانییەکەی باڵ و نیوێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک.[a]
2
ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش کرد و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستکرد.
3
چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت و لەسەر چوار پایەکەی دانا، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی.
4
دوو داریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن.
5
دوو دارەکەشی خستە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە.
6
قەپاغی کەفارەتیشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد کە دوو باڵ و نیو[b] درێژییەکەی و باڵ و نیوێک[c] پانییەکەی بوو.
7
دوو کەڕوبی لە زێڕی کوتراو دروستکرد و کردی بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتەوە.
8
کەڕوبێکی لەلایەک دروستکرد و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە بوون.
9
کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبووەوە، بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکەوە کردبوو. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بوون و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بوو.
مێزەکە 
10
مێزەکەیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و پانییەکەی باڵێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بوو.[d]
11
بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشیان کرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان لە چواردەوری دروستکرد.
12
لێوارێکیشیان بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستکرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان بۆ لێوارەکە لە دەوری دانا.
13
چوار بازنەی زێڕینیشیان بۆ داڕشت، بازنەکانیان لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دانا.
14
بازنەکان لەلای لێوارەکە بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە.
15
دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن بۆ هەڵگرتنی مێزەکە.
16
قاپوقاچاغەکانی سەر مێزەکەش، لەگەن و قاپەکانی، هەروەها تاس و دۆلکەکانی کە شەرابی پێشکەشکراویان پێ دەڕژێنرێت لە زێڕی بێگەرد دروستیان کردن.
چرادانەکە 
17
چرادانەکەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، ژێر چرادانەکە و قەدەکەیان لە زێڕی کوتراو دروستکرد، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی بوون.
18
شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەرچووبوو، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە.
19
سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەرچووبوون.
20
هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەبوو.
21
هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەرچووبوو.
22
گرێ و لقەکان لە خۆی بوون، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو بوون.
23
حەوت چراشیان بۆ دروستکرد، مەقاش و مەقەڵییەکانیشیان لە زێڕی بێگەرد بوون.
24
چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانیان لە تالنتێک[e] زێڕی بێگەرد دروستکرد.
قوربانگاکەی بخوور 
25
قوربانگاکەی بخووریشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی باڵێک[f] و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بوو، بەرزاییەکەشی دوو باڵ[g] بوو، قۆچەکانیش لە خۆی بوون.
26
بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشیان کرد، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان بە چواردەوردا بۆ دروستکرد.
27
دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان بۆ دروستکرد، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی، بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت.
28
دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن.
29
زەیتی پیرۆزیان بۆ دەستنیشانکردن دروستکرد، بخوورەکەشیان بۆنخۆش و بێگەرد دروستکرد، کە دەستکردی عەتار بوون.
  1. a. 37‏:1 سندوقەکە: درێژییەکەی نزیکەی 1,1 مەتر و پانییەکەی و بەرزاییەکەشی 70 سانتیمەتر. بڕوانە 25‏:10‏.‏
  2. b. 37‏:6 نزیکەی 1,1 مەتر.‏
  3. c. 37‏:6 نزیکەی 70 سانتیمەتر.‏
  4. d. 37‏:10 مێزەکە: درێژییەکەی نزیکەی 90، پانییەکەی 50 و بەرزییەکەی 70 سانتیمەتر.‏
  5. e. 37‏:24 تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگم.‏
  6. f. 37‏:25 باڵێک: نزیکەی نیو مەتر.‏
  7. g. 37‏:25 دوو باڵ: نزیکەی 90 سانتیمەتر.‏