عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - کارەساتی پێنجەم: دەردی مەڕوماڵات
 - 1
 - یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ کە یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن.“
 - 2
 - ئەگەر ڕێیان نەدەیت و بەردەوام نەهێڵیت بڕۆن،
 - 3
 - ئەوا یەزدان دەردێکی زۆر گران دەهێنێتە سەر مەڕوماڵاتەکانت کە لە کێڵگەن، بۆ سەر ئەسپ و گوێدرێژ و وشتر و گا و مانگا و مەڕ و بزن.
 - 4
 - بەڵام یەزدان جیاوازی دەکات لەنێوان مەڕوماڵاتی نەوەی ئیسرائیل و مەڕوماڵاتی میسرییەکان، هیچ ئاژەڵێکی نەوەی ئیسرائیل نامرێت.»
 - 5
 - یەزدان کاتێکی دیاری کرد و فەرمووی، «بەیانی یەزدان ئەم کارە لە زەوییەکەدا دەکات.»
 - 6
 - بۆ بەیانی یەزدان ئەم کارەی کرد و هەموو مەڕوماڵاتی میسرییەکان مردن، بەڵام لە ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل یەکێکیشیان نەمرد.
 - 7
 - فیرعەونیش ناردی و بینییان تەنانەت یەک ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل نەمردووە، بەڵام هێشتا دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.
 - کارەساتی شەشەم: دومەڵ
 - 8
 - ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «بە پڕی دەستەکانتان خوڵەمێشی تەنوور بۆ خۆتان ببەن و با موسا لەبەرچاوی فیرعەون بەرەو ئاسمان بەبای بکات.
 - 9
 - دەبێتە تۆزوبا لە هەموو خاکی میسر، دەبێتە دومەڵی کێم دەرپەڕیو لە هەموو خاکی میسر بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ.»
 - 10
 - ئیتر خوڵەمێشی تەنووریان برد و لە بەرامبەر فیرعەون وەستان، موسا بەرەو ئاسمان بەبای کرد و بووە دومەڵی کێمی دەرپەڕیو لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ.
 - 11
 - جادووگەرەکانیش نەیانتوانی لە بەرامبەر موسا بوەستن لەبەر دومەڵەکان، چونکە دومەڵەکان لە جادووگەرەکان و لە هەموو میسرییەکانی دا.
 - 12
 - بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان بە موسای فەرموو.
 - کارەساتی حەوتەم: تەرزە
 - 13
 - یەزدان بە موسای فەرموو: «بەیانی زوو هەستە و لە بەرامبەر فیرعەون بوەستە و پێی بڵێ: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە بچن بمپەرستن.
 - 14
 - ئەگینا ئەم جارە هەموو گورزەکانم بۆ دڵت و بۆ سەر خزمەتکارەکانت و بۆ سەر گەلەکەت دەنێرم، بۆ ئەوەی بزانیت لە هەموو زەوی هیچ کەسێک وەک من نییە.
 - 15
 - دەمتوانی دەستم درێژ بکەم و خۆت و گەلەکەت تووشی دەرد بکەم و لەسەر ڕووی زەوی بتانسڕمەوە.
 - 16
 - بەڵام لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆمت پیشان بدەم تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت.
 - 17
 - تۆ هێشتا خۆت بە زل دەزانیت لەسەر گەلەکەم و ڕێیان نادەیت بڕۆن.
 - 18
 - لەبەر ئەوە بەیانی ئەم کاتە تەرزەیەکی زۆر مەزن دەبارێنم کە لە میسر هاوتای نەبووبێت، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا.
 - 19
 - ئێستاش بنێرە و مەڕوماڵاتەکەت و هەموو ئەو شتانەی کە هەتە و لە کێڵگەیە بیانپارێزە، هەموو خەڵک و ئاژەڵێک کە لە کێڵگە دەمێننەوە ئەگەر لە ماڵەوە کۆنەکرێنەوە ئەوا تەرزەکە بە سەریان دەکەوێت و دەمرن.“»
 - 20
 - ئیتر دەستوپێوەندەکانی فیرعەون، ئەوانەی کە لە فەرمایشتی یەزدان ترسان، بە کۆیلە و ئاژەڵە ماڵییەکانیانەوە بەرەو ماڵەکان هەڵاتن.
 - 21
 - بەڵام ئەوەی فەرمایشتی یەزدانی پشتگوێ خست، ئەوا خزمەتکاران و ئاژەڵە ماڵییەکەی لە کێڵگە بەجێهێشت.
 - 22
 - ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بەرەو ئاسمان درێژ بکە و لە هەموو خاکی میسر تەرزە بەسەر خەڵک و ئاژەڵ و هەموو شتێکدا دەبارێت کە لە کێڵگەکانی خاکی میسر گەشە دەکات.»
 - 23
 - ئیتر موسا گۆچانەکەی بەرەو ئاسمان درێژکرد، یەزدانیش هەورەتریشقەی لێدا و ئاگر بەرەو زەوی هات، یەزدان تەرزەی باراندە سەر خاکی میسر.
 - 24
 - بووە تەرزە و ئاگریش لەناو تەرزەکە بریسکەی دەدایەوە. تەرزەکە ئەوەندە مەزن بوو کە لە هەموو خاکی میسر وەک ئەوە نەبووە، لەو کاتەوەی بوونەتە نەتەوە.
 - 25
 - تەرزە لە هەموو خاکی میسری دا، لە هەموو ئەوەی لە کێڵگەدا بوو لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، تەرزە هەموو سەوزایی و ڕووەکی کێڵگەی کوتایەوە و هەموو داری کێڵگەشی شکاند.
 - 26
 - تەنها لە خاکی گۆشەن کە نەوەی ئیسرائیلی لێبوو، تەرزە نەبوو.
 - 27
 - فیرعەون ناردی و بانگی موسا و هارونی کرد، پێی گوتن: «ئەم جارە گوناهم کرد، یەزدان ڕاستودروستە و من و گەلەکەم تاوانبارین.
 - 28
 - لە یەزدان بپاڕێنەوە، چونکە لە هەورەتریشقە و تەرزە تێر بووین، منیش ڕێتان دەدەم بڕۆن، ئیتر ڕاناگیرێن.»
 - 29
 - موساش وەڵامی دایەوە: «بە چوونەدەرەوەم لە شارەکە دەستم بەرەو یەزدان بەرز دەکەمەوە و نزا دەکەم، ئیتر هەورەتریشقە دەوەستێت و تەرزە نابێت، بۆ ئەوەی بزانیت زەوی هی یەزدانە.
 - 30
 - بەڵام سەبارەت بە خۆت و خزمەتکارەکانت، من دەزانم هێشتا لە یەزدانی پەروەردگار نەترساون.»
 - 31
 - کەتان و جۆ تووشی ئافات هاتن، چونکە جۆ لە گوڵکردن و کەتانیش لە تۆوکردن بوو.
 - 32
 - بەڵام گەنم و ماش تووشی ئافات نەبوون، چونکە درەنگ پێدەگەن.
 - 33
 - موسا فیرعەونی بەجێهێشت و لە شارەکەش ڕۆیشت، دەستی بەرەو یەزدان بەرز کردەوە و نزای کرد، ئیتر هەورەتریشقە و تەرزە وەستان و باران نەبارییە سەر زەوی.
 - 34
 - کاتێک فیرعەون بینی باران و تەرزە و هەورەتریشقە وەستاوە، گەڕایەوە سەر گوناه و خۆی و خزمەتکارانی دڵیان ڕەقکرد.
 - 35
 - ئیتر دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا بڕۆن، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمووی.
 

