عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دوو هەڵۆ و دار مێوێک 
1
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
2
«ئەی کوڕی مرۆڤ، مەتەڵێک و پەندێک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بهێنەوە و
3
بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەڵۆیەکی مەزنی باڵ بەهێزی شاپەڕ درێژی پەڕپەڕی ڕەنگاوڕەنگ هاتە لوبنان. لەسەر لووتکەی دار ئورزێک نیشتەوە،
4
بەرزترین چڵەکەشی قرتاند و هێنای بۆ خاکی بازرگانی و لە شاری بازرگانەکان چاندی.
5
«”هەروەها هەندێک تۆوی خاکەکەی ئێوەی برد و لە زەوییەکی بەپیتدا چاندی. بردی و لەدەم ئاوێکی زۆر وەک داری بی چاندی.
6
ڕوا و بوو بە دار مێوێکی پەل بڵاو و قەد کورت، لقەکانی بەرەو لای هەڵۆکە سووڕانەوە، ڕەگەکەشی لەژێر خۆیدا بوو، جا بوو بە دار مێو و لقی دا و چڵ و چرۆی کرد.
7
«”هەڵۆیەکی دیکە هەبوو، زل و باڵەکانی بەهێز و پەڕی زۆر بوو. ئیتر دار مێوەکە لەو شوێنەی کە تێیدا چێنرابوو ڕەگی درێژ کردەوە بۆ لای هەڵۆکە، لقیشی بەرەو لای ئەو هاویشت بۆ ئەوەی ئاوی لێ وەربگرێت.
8
ئەگەرچی لە کێڵگەیەکی باش و لە دەم ئاوی زۆردا چێنرابوو، هەتا لقەکانی نەشونما بکات و بەر بگرێت، ببێتە دار مێوێکی بڵاو.“
9
«بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا لە ڕەگەوە هەڵناکێشرێت و بەرەکەی ناڕنرێت هەتا وشک بێت؟ هەموو گەڵای لقەکانی وشک دەبێت پێویست بە بازووێکی بەهێز و خەڵکێکی زۆر ناکات هەتا لە ڕەگەوە هەڵیبکێشن.
10
ئەگەر بشچێنرێتەوە، ئایا گەشە دەکات؟ ئایا وەک ئەوەی بای ڕۆژهەڵات لێی دابێت بە تەواوی وشک نابێت؟ لەو شوێنەی لێی ڕواوە وشک نابێت؟“»
11
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
12
«بە بنەماڵەی یاخی بڵێ: ”ئایا لەم پەندە تێگەیشتن؟ بڵێ: پاشای بابل هاتە ئۆرشەلیم و پاشای یەهودا و میرەکانی برد و لەگەڵ خۆی ڕاپێچی کردن بۆ بابل.
13
ئینجا لە توخمی شاهانە کەسێکی هەڵبژارد و پەیمانێکی لەگەڵدا بەست و سوێندی دا. سەرەڕای ئەوەش، ڕابەرانی خاکەکەشی ڕاپێچ کرد
14
بۆ ئەوەی پاشایەتییەکە سووک بێت و بەرز نەبێتەوە و پەیمانەکەی نەشکێت و جێگیر بێت.
15
بەڵام پاشا لێی یاخی بوو بەوەی نێردراوانی خۆی بۆ میسر نارد بۆ ئەوەی ئەسپ و سوپایەکی گەورەی بداتێ. ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا ئەوەی ئەمە بکات دەرباز دەبێت؟ یان ئەوەی پەیمان بشکێنێت دەرباز دەبێت؟
16
«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لە شوێنی ئەو پاشایەی کە کردی بە پاشا، ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەی کرد و پەیمانەکەی شکاند، لەلای ئەو لە ناوەڕاستی بابل دەمرێت.
17
فیرعەونیش بە سوپای گەورە و خەڵکێکی بێشومارەوە ناتوانێ لە جەنگدا یارمەتی بدات، ئەو کاتەی سەنگەر لێ دەدرێت و قوللە بنیاد دەنرێت بۆ لەناوبردنی خەڵکێکی زۆر.
18
ئەوەی سووکایەتی بە سوێند کرد و پەیمانی شکاند، دەستی دایە دەست و سەرەڕای ئەوەش هەموو ئەمانەی کرد، دەرباز نابێت.
19
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سزای دەدەم لەبەر ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەم کرد و پەیمانەکەی منی شکاند.
20
تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، بە داوی منەوە دەبێت و دەیهێنمە بابل و لەسەر ئەو ناپاکییەی لە منی کرد لەوێ حوکمی بەسەردا دەسەپێنم.
21
هەموو لەشکرە ڕاکردووەکەی بە شمشێر دەکوژرێن و ئەوانەش کە دەمێننەوە بەرەو ڕووی هەموو بایەک پەرتەوازە دەبن، جا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
22
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: منیش لە لووتکەی دار ئورزێک لقێک دەبەم و دەیڕوێنم، چڵێک لە چڵەکانی لێ دەکەمەوە و لەسەر کێوێکی بەرزی سەرکەش دەیڕوێنم.
23
لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەیڕوێنم، جا لقی لێ دەڕوێت و بەر دەگرێت و دەبێت بە دار ئورزێکی گەورە، هەموو جۆرە باڵندەیەک لەناوی نیشتەجێ دەبێت، هەموو باڵدارێک لەژێر سێبەری لقەکانی نیشتەجێ دەبێت.
24
ئەو کاتە هەموو درەختەکانی دەشتودەر دەزانن کە من یەزدانم ئەوەی داری بەرز نزم دەکاتەوە و داری نزم بەرز دەکاتەوە، ئەوەی سەوزەکەش وشک دەکات و چرۆ بە دارە وشکەکە دەکات.
«”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“»