عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - گوناهەکانی ئۆرشەلیم
 - 1
 - ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
 - 2
 - «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم دەدەیت، حوکم بەسەر شارە خوێنڕێژەکە دەدەیت؟ بەڵکو شارەکە ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە.
 - 3
 - بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئەو شارەی کە لە ناوەڕاستیدا خوێن دەڕێژێت، نەهامەتی بەسەر خۆیدا دەهێنێت، بە دروستکردنی بت خۆی گڵاو دەکات،
 - 4
 - بەو خوێنەی ڕشتت تاوانبار بوویت، خۆتت گڵاوکرد بەو بتانەی دروستت کردوون. بەو جۆرە ڕۆژگاری خۆتت کورت کردەوە و کۆتاییت بەسەر خۆتدا هێنا، لەبەر ئەوە لەلای نەتەوەکان تۆم کرد بە شورەیی، جێگای تانە و تەشەری هەموو خاکەکان.
 - 5
 - ئەی شاری بەد ناو، ئەی پڕ لە ئاژاوە، ئەوەی لێت نزیکە و ئەوەی لێت دوورە گاڵتەت پێ دەکات.
 - 6
 - «”سەیر بکە چۆن هەریەکە لەو میرانەی ئیسرائیل کە لەناو تۆدان دەسەڵاتی خۆی بۆ خوێنڕشتن بەکاردەهێنێت.
 - 7
 - لەناو تۆدا سووکایەتییان بە دایک و باوک کردووە. لەناو تۆدا بە ستەم هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئاوارەدا کردووە. لەناو تۆدا هەتیو و بێوەژنیان چەوساندووەتەوە.
 - 8
 - تۆ سووکایەتیت بە شتە پیرۆزکراوەکانی من کردووە و شەممەکانی منت گڵاو کردووە.
 - 9
 - لەناو تۆدان پیاوانی دووزمان و بوختانکەر بۆ خوێنڕشتن، لەناو تۆدان ئەوانەی لە نزرگەی سەر چیاکان دەخۆن و بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن.
 - 10
 - لەناو تۆدان ئەوانەی کە ناموسی باوکیان دەبەن، لەناو تۆدان ئەوانەی کە دەست درێژ دەکەنە سەر ژن لە کاتی گڵاوییەکەی[a] بەهۆی خوێنلێچوونی مانگانەی.
 - 11
 - پیاو لەگەڵ ژنی نزیکەکەی کاری قێزەونی ئەنجام دەدات، پیاوی دیکەش بووکی خۆی بە بەدڕەوشتی گڵاو دەکات. لەناو تۆدا مرۆڤ دەست درێژ دەکاتە سەر خوشکی خۆی، کچی باوکی.
 - 12
 - لەناو تۆدان ئەوانەی کە بەرتیل وەردەگرن بۆ خوێنڕشتن، هەروەها تۆ سوو و قازانج لە گرانکردنی نرخی شتومەک وەردەگریت. بە ستەم نزیکەکانی خۆتت ڕووتاندووەتەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش منت لەبیر کردووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
 - 13
 - «”لەبەر ئەو خوێنەی لەناو تۆدا ڕژا، سەیر بکە مشتم دەوەشێنم لەو قازانجە ناڕەوایەی کردووتە.
 - 14
 - ئایا دڵت بەرگە دەگرێت یان دەستت بەهێز دەبێت لەو ڕۆژانەی هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم؟ من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.
 - 15
 - بەنێو نەتەوەکان پەرتەوازەت دەکەم، بەسەر خاکەکاندا بڵاوت دەکەمەوە، گڵاوییەکانت لێ دادەماڵم.
 - 16
 - ئەو کاتەی لەبەرچاوی نەتەوەکان خۆتت گڵاو کردووە، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.“»
 - 17
 - ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
 - 18
 - «ئەی کوڕی مرۆڤ، بنەماڵەی ئیسرائیل بۆم بوون بە خڵت، هەموویان مس و تەنەکە و ئاسن و قورقوشمن لە ناوەڕاستی کوورە بەجێماون، بوون بە خڵتی زیو.
 - 19
 - لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو بوون بە خڵت، من لەناو ئۆرشەلیم کۆتان دەکەمەوە.
 - 20
 - وەک چۆن زیو و مس و ئاسن و قورقوشم و تەنەکە لەناو کوورەدا کۆ دەکرێنەوە، فوو بە ئاگرەکەی ژێریدا دەکرێت هەتا بێتە جۆش و بیتوێنێتەوە، منیش بە هەمان شێوە بە تووڕەیی و هەڵچوونی خۆم لەناو شارەکە کۆتان دەکەمەوە و داتاندەنێم و دەتانتوێنمەوە.
 - 21
 - جا کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئاگری تووڕەییم فووتان لێ دەکەم و لەناویدا دەتوێنەوە.
 - 22
 - وەک زیو چۆن لەناو کوورەدا دەتوێنرێتەوە، ئێوەش بە هەمان شێوە لەناویدا دەتوێنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، تووڕەیی خۆمم بەسەرتاندا ڕژاندووە.“»
 - 23
 - دیسان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
 - 24
 - «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێی بڵێ: ”تۆ ئەو خاکەی کە پاک نەبوویتەوە، لە ڕۆژی تووڕەییدا بارانی لێ نەباریوە.“
 - 25
 - پیلانگێڕی میرەکانی لە ناوەڕاستیدایە وەک شێر دەنەڕێنێت و نێچیرەکەی لەتوپەت دەکات. مرۆڤ دەخۆن، گەنجینە دەبڕن و شتی گرانبەها دەبەن، لە ناوەڕاستیدا بێوەژن زۆر دەکەن.
 - 26
 - کاهینەکانی سەرپێچی فێرکردنەکانی من دەکەن و شتە پیرۆزکراوەکانی من گڵاو دەکەن، جیاوازی لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو ناکەن، جیاوازی لەنێوان گڵاو و پاک ناکەن و چاو لە شەممەکانم دەپۆشن، جا لەنێویاندا گڵاو بووم.
 - 27
 - کاربەدەستەکانی ناوی وەک گورگن، نێچیر لەتوپەت دەکەن و خوێن دەڕێژن و خەڵک دەکوژن بۆ ئەوەی بە ناڕەوایی قازانج بەدەستبهێنن.
 - 28
 - پێغەمبەرەکانیان کارە خراپەکانیان بۆ دادەپۆشن و بە بینینی پووچ و فاڵگرتنەوەی درۆ بە گەچ بۆیان سواخ دەدەن و دەڵێن: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت،“ لەگەڵ ئەوەی یەزدان هیچ قسەی نەکردووە.
 - 29
 - گەلی خاکەکە ستەمکاری و تاڵانی دەکەن، هەژار و نەدار و نامۆش دەچەوسێننەوە و لە دادپەروەری بێبەشیان دەکەن، هەژار و نەداریان چەوساندەوە و بە ناڕەوا ستەمیان لە ئاوارە کرد.
 - 30
 - «لەنێویاندا بەدوای پیاوێکدا گەڕام شووراکە بنیاد بنێتەوە و لە پێناوی خاکەکە لە کەلێنی شووراکەوە لەبەردەمم ڕابوەستێت، بۆ ئەوەی وێرانی نەکەم، بەڵام دەستم نەکەوت.
 - 31
 - لەبەر ئەوە هەڵچوونی خۆمیان بەسەردا هەڵدەڕێژم، بە ئاگری تووڕەییم لەناویان دەبەم، کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
 
- a. 22:10 ژنی گڵاو: بڕوانە لێڤییەکان 15:19-24.
 

