عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فەرمایشتێک سەبارەت بە گۆگ 
1
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
2
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە گۆگ بکە لە خاکی ماگۆگ، ئەو کە سەرۆکی میرانی مەشەک و توبالە، پێشبینی لەسەر بکە و
3
بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گۆگی سەرۆکی میرانی مەشەک و توبال، من لە دژی تۆم.
4
ڕووت وەردەگێڕم و ئەڵقە دەکەمە شەویلگەت و خۆت و هەموو سوپاکەت دەردەکەم، بە ئەسپ و ئەسپ سوارەوە، هەموویان چەکدارن، ئاپۆرەیەکی مەزن بە قەڵغانی گەورە و بچووکەوە، هەموو شمشێر بەدەستن.
5
فارس و کوش و پووت، هەریەکە بە قەڵغان و کڵاوی ئاسنینەوە لەگەڵیان دەبن.
6
هەروەها گۆمەر و هەموو لەشکرەکانی، بێت‌تۆگەرماش لەوپەڕی باکوور بە هەموو لەشکرەکەیەوە، گەلانێکی زۆر لەگەڵ تۆدا دەبن.
7
«”لە سەرپێ بە و خۆت ئامادە بکە، تۆ و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەت کە لێت کۆبوونەتەوە، ببە سوپاسالاریان.
8
لەدوای ڕۆژانێکی زۆر بۆ جەنگ بانگ دەکرێیت، لە ساڵانی داهاتوودا هێرش دەبەیتە سەر ئەو خاکەی کە لەدوای جەنگ ئاوەدان بووەتەوە، خاکێک کە گەلەکەی لە چەند نەتەوەیەکی زۆر کۆکرانەوە، بۆ ئەوەی هەموو بە ئارامی لە چیاکانی ئیسرائیلدا نیشتەجێ بن، کە ماوەیەکی دوورودرێژ وێرانە بوون.
9
تۆش خۆت و لەشکرەکانت و گەلانێکی زۆر کە لەگەڵ تۆن سەردەکەون، وەک گەردەلوول بەرەو پێش دەچیت، دێیت و وەک هەورێک زەوی دادەپۆشیت.
10
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەدا شتی خراپ بەبیرتدا دێت و پیلان دەگێڕیت.
11
دەڵێیت: ’دەچمە سەر خاکێک کە گوندەکانی بێ شووران؛ هێرش بۆ سەر خەڵکێکی ئاشتیخواز و ئاسوودە دەبەم، هەموو بەبێ شوورا نیشتەجێن، نە دەروازە و نە شمشیرەیان[a] هەیە.
12
تاڵانی و ڕاووڕووت دەکەم، دەستدرێژی دەکەمە سەر شارە کاولە ئاوەدانکراوەکان و ئەو گەلەی کە لەنێو نەتەوەکانەوە کۆکراونەتەوە، کە لە چەقی خاکەکەدا نیشتەجێن، کە خاوەن ئاژەڵ و سەروەت و سامانن.‘
13
شەبا و دیدان و بازرگانەکانی تەرشیش و هەموو بەچکە شێرەکانی پێت دەڵێن: ’ئایا بۆ ڕاووڕووت و تاڵانی هاتوویت؟ ئایا ئاپۆرەی سوپاکەتت کۆکردەوە بۆ بردنی زێڕ و زیو، بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئاژەڵ و کەلوپەلدا بگریت، بۆ ڕاووڕووتێکی گەورە؟‘ “
14
«ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و بە گۆگ بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەدا، کاتێک ئیسرائیلی گەلم بە ئاسوودەیی نیشتەجێن، ئایا ئاگات لێ نییە؟
15
لە شوێنی خۆتەوە لەوپەڕی باکوورەوە دێیت، گەلانێکی زۆرت لەگەڵە، هەموو ئەسپ سوارن، ئاپۆرەیەکی خەڵک و لەشکرێکی زۆر.
16
وەک هەورێک زەوی داپۆشێت، سەردەکەویتە سەر ئیسرائیلی گەلم. ئەی گۆگ، لە ڕۆژانی داهاتوودا، دەتهێنمە سەر خاکەکەم هەتا نەتەوەکان بمناسن، کاتێک لەبەرچاویان لە ڕێگەی تۆوە پیرۆزی خۆم دەردەخەم!
17
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا تۆ ئەوەی کە لە ڕۆژگاری کۆندا لەسەر زمانی بەندەکانم، پێغەمبەرانی ئیسرائیلەوە باسم کردیت؟ ئەوانەی لەو ڕۆژگارانەدا بۆ ساڵانێک پێشبینییان کرد، کە من تۆ دەهێنمە سەریان.
18
لەو ڕۆژەدا، لە ڕۆژی هاتنی گۆگ بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، تووڕەییم دێتە جۆش. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
19
لە ئیرەیی خۆم و لە ئاگری تووڕەییمدا، قسەم کرد کە لەو ڕۆژەدا بوومەلەرزەیێکی گەورە لە خاکی ئیسرائیلدا دەبێت.
20
جا ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و گیانلەبەرانی دەشتودەر و خشۆکەکان کە لەسەر زەوی دەخشێن و هەموو ئەو خەڵکەی لەسەر ڕووی زەوین لەبەردەمی من دەلەرزن. چیاکان سەرەوژێر دەکرێن، هەڵدێرەکان دەڕووخێن، هەموو شووراکان دەکەونە سەر زەوی.
21
لە هەموو چیاکانم بانگی شمشێر دەکەم بۆ سەر گۆگ، جا شمشێری هەریەکەیان لە دژی براکەی دەبێت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
22
بە دەرد و خوێن سزای دەدەم، بارانی بە لێشاو و تەرزەی بەردین و ئاگر و گۆگرد دەبارێنم، بەسەر خۆی و لەشکرەکەی و ئەو گەلە زۆرەی کە لەگەڵیدان.
23
بەم شێوەیە گەورەیی و پیرۆزیم دەردەخەم، لەلای زۆربەی نەتەوەکان خۆم دەناسێنم، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.“
  1. a. 38‏:11 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏