عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نیشانەی گەمارۆدانی ئۆرشەلیم 
1
«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، خشتێک بۆ خۆت ببە و لەبەردەمی خۆتی دابنێ و وێنەی شاری ئۆرشەلیمی لەسەر بکێشە.
2
گەمارۆی بدە: قوللە لە دەوری بنیاد بنێ، سەنگەر لە دەوری دروستبکە، لەشکر لە دەوری کۆبکەرەوە و مەنجەنیق لە دەوری دابنێ.
3
ئینجا ساجێکی ئاسن بۆ خۆت ببە و بیکە بە شوورایەکی ئاسن لەنێوان خۆت و شارەکە، چاوی تێ ببڕە، جا لەژێر گەمارۆ دەبێت و گەمارۆی دەدەیت. ئەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
4
«ئینجا لەسەر تەنیشتی چەپەت ڕابکشێ و تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل بخە سەر خۆت، بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی ڕادەکشێی تاوانی ئەوان دەخەیتە ئەستۆی خۆت.
5
منیش ساڵانی تاوانی ئەوانم بۆ کردووی بە ژمارەی ڕۆژەکان، لەبەر ئەوە سێ سەد و نەوەد ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەخەیتە ئەستۆی خۆت.
6
«کاتێک تەواوت کرد، لەسەر لای ڕاستت ڕابکشێ، جا بۆ ماوەی چل ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی یەهودا دەخەیتە ئەستۆی خۆت، هەر ڕۆژێک لە جیاتی ساڵێک.
7
جا ڕووت لە گەمارۆی ئۆرشەلیم بکە و بازووی لێ هەڵبکە و پێشبینی لەسەر بکە.
8
من بە گوریس دەتبەستمەوە بۆ ئەوەی لەم تەنیشتەوە خۆت وەرنەگەڕێنیتە سەر ئەو تەنیشت هەتا ڕۆژانی گەمارۆکەت تەواو دەکەیت.
9
«تۆش گەنم و جۆ و پاقلە و نیسک و هەرزن و ماش بۆ خۆت ببە و لەناو یەک دەفردا دایانبنێ، بۆ خۆت بیکە بە نانی ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی لەسەر تەنیشت ڕادەکشێیت، سێ سەد و نەوەد ڕۆژ لێی دەخۆیت.
10
ئەو خواردنەش کە دەیخۆیت بە کێشانە دەبێت، هەر ڕۆژەی بیست شاقل[a] ، هەر جارێک کەمێکی دەیخۆیت.
11
ئاویش بە پێوانە دەخۆیتەوە، یەک لەسەر شەشی هەینێک[b] ، هەر جارێک کەمێکی دەخۆیتەوە.
12
کولێرەی جۆ دەخۆیت، لەسەر ئەو پیساییەی لە مرۆڤەوە دەردەچێت لەبەرچاویان دەیبرژێنیت.»
13
یەزدان فەرمووی: «نەوەکانی ئیسرائیل بەم چەشنە نانی گڵاو دەخۆن لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەریاندەکەم.»
14
منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست! هەرگیز خۆمم گڵاو نەکردووە. لە منداڵیمەوە هەتا ئێستا نە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبوو و نە گۆشتی نێچیرم خواردووە. هیچ گۆشتێکی گڵاو نەچووەتە دەممەوە.»
15
ئەویش پێی فەرمووم: «تەماشا بکە، ڕیخی مانگام بۆت دانا لە جیاتی پیسایی مرۆڤ، جا نانەکەتی لەسەر دروستدەکەیت.»
16
هەروەها پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من نان لە ئۆرشەلیم دەبڕم، جا نان بە کێشان و بە خەمەوە دەخۆن و ئاویش بە پێوانە و بە ترسەوە دەخۆنەوە.
17
ئیتر نان و ئاویان کەم دەبێت و لە دیمەنی یەکتر دەتۆقن و بەهۆی تاوانەکەیانەوە لەناو دەچن.
  1. a. 4‏:10 نزیکەی 0,2 کیلۆگرام.‏
  2. b. 4‏:11 یەک لەسەر شەشی هەینێک: نزیکەی 0,6 لیتر.‏