عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نوێکردنەوەی ماف و ڕێوەڕەسم 
1
«”کاتێک خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن، پارچەیەک لە خاکەکە زەوییەکی تەرخانکراو دەبێت و پێشکەش بە یەزدانی دەکەن، درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ[a] و پانی بیست هەزار باڵ دەبێت. هەموو سنووری چواردەوری تەرخان دەکرێت.
2
لەمە پارچەیەکی چوار گۆشە بۆ پیرۆزگا دەبێت، پێنج سەد باڵ بە پێنج سەد باڵ و پەنجا باڵیش لە چواردەوری زەوییەکی کراوە دەبێت.
3
لەم پێوانەیە بە درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانی دە هەزار باڵ دەپێویت،[b] پیرۆزگاکە و شوێنە هەرەپیرۆزەکەشی لەناویدا دەبێت.
4
بەشە تەرخانکراوەکەی خاکەکە بۆ کاهینەکان دەبێت کە خزمەتی پیرۆزگا دەکەن، ئەوانەی نزیک دەبنەوە بۆ پەرستنی یەزدان، هەروەها شوێنی تێدا دەبێت بۆ ماڵەکانیان و شوێنی تایبەتیش بۆ پەرستگا.
5
بیست و پێنج هەزار باڵیش بە درێژی و دە هەزار باڵ بە پانی بۆ لێڤییەکان کە خزمەتی پەرستگا دەکەن، وەک شارۆچکە بۆ نیشتەجێبوونیان دەبێتە موڵک.
6
«”بە شارەکەش پارچەیەک زەوی دەدەن وەک موڵکی خۆی، پێنج هەزار باڵ[c] پانی و بیست و پێنج هەزار باڵ درێژی دەبێت بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە، جا بۆ هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل دەبێت.
7
«”بەشە زەوی میریش لەلای ڕۆژهەڵات و لەلای ڕۆژئاوا بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە و موڵکی شارەکە دەبێت. لە سنووری ڕۆژهەڵاتی بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای مردوو، هەروەها لە سنووری ڕۆژئاوای بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست.
8
ئەم بەشە زەوییە لە خاکی ئیسرائیلدا بۆ میر دەبێت بە موڵک، لەمەودوا میرەکانم ستەم لە گەلەکەم ناکەن و بەگوێرەی هۆزەکانیان زەوییەکە بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەدەن.
9
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی میرانی ئیسرائیل ئیتر بەسە! تاڵانی و توندوتیژی لەنێو خۆتان مەهێڵن و دادوەری و ڕاستودروستی جێبەجێ بکەن. واز بهێنن لە ستەمکردن لە گەلەکەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
10
تەرازووی تەواو و ئێفەی[d] تەواو و بەتی[e] تەواویان بۆ بەکاربهێنن.
11
ئێفە و بەت یەک ئەندازەیان هەبێت، با بەت دەیەکی حۆمەر و ئێفە دەیەکی حۆمەر بێت. ئەندازەیان بەپێی حۆمەر دەبێت.
12
شاقلیش بیست جیرە دەبێت، شەست شاقل دەکاتە یەک مەنا، لەلای ئێوە وا دەبێت.
دیارییە پێشکەشکراو و ڕۆژە تەرخانکراوەکان 
13
«”لەسەر ئەم بنچینەیەش دیارییە تایبەتییەکانتان پێشکەش دەکەن: یەک لە شەستی دروێنەی گەنم و جۆیەکەت،
14
فەرزی زەیتی زەیتوونیش لە سەدا یەکی بەرهەمی دار زەیتوونەکانتان دەدەن. بەگوێرەی بەت بیانپێوە: دە بەت حۆمەرێکە، یەک حۆمەریش دەکاتە یەک کۆر.
15
هەروەها لە هەر مێگەلێکی دوو سەد سەر مەڕی لە لەوەڕگا باشەکانی ئیسرائیل مەڕێک دەبەن، دەیانکەنە پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی بۆ کەفارەت بۆ گەل. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
16
ئەمە دیاری تایبەتە بە میری فەرمانڕەوای ئیسرائیل، کە لەسەر هەموو گەلی خاکەکە فەرز دەبێت.
17
لە سەرەمانگ و ڕۆژانی شەممە و هەموو جەژنەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەبێت میر قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب دابین بکات، هەر ئەویش قوربانی گوناه و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی دابین دەکات، هەموو ئەمانەش بۆ کەفارەتکردنە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
18
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە مانگی یەک، لە یەکی مانگدا، جوانەگایەکی ساغ دەبەیت و پیرۆزگا پاک دەکەیتەوە.
19
کاهین لە خوێنی قوربانی گوناهەکە دەبات و لە چوارچێوەی دەروازەی پیرۆزگا و لە هەر چوار گۆشەکەی لێواری سەرەوەی قوربانگا و لە چوارچێوەی دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوەی دەدات.
20
هەروەها لە حەوتی مانگیشدا بە هەمان شێوە دەکەیت بۆ هەرکەسێک کە بەبێ ئەنقەست یان بە نەزانی گوناهی کرد، بەم جۆرە کەفارەت بۆ پەرستگاکە دەکەن.
21
«”لە چواردەی مانگی یەکدا، ئەمە ڕۆژی پەسخەیە[f] ، بۆ ئێوە دەبێت بە جەژن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن.
22
لەو ڕۆژەدا میر بۆ خۆی و بۆ هەموو گەلی خاکەکە جوانەگایەک دەکات بە قوربانی گوناه.
23
هەروەها میر لە حەوت ڕۆژەکەی جەژنیشدا قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکات، حەوت جوانەگا و حەوت بەرانی ساغ هەموو ڕۆژێکی ئەو حەوت ڕۆژە، هەر ڕۆژەش گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناهە.
24
پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەش یەک ئێفە بۆ هەر جوانەگایەک و یەک ئێفە بۆ هەر بەرانێک و بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین[g] زەیت پێشکەش دەکات.
25
«”ئەو جەژنەی کە لە پازدەی مانگی حەوتدا دەستپێدەکات، حەوت ڕۆژ دەبێت، هەروەها بە هەمان شێوە میر هەڵدەستێت بە دابینکردنی قوربانی گوناه، قوربانی سووتاندن، پێشکەشکراوی دانەوێڵە و زەیت.
  1. a. 45‏:1 بیست و پێنج هەزار باڵ: نزیکەی 12 کیلۆمەتر، لێرە و لە ئایەتی 3، 5، 6، 20، 21.‏
  2. b. 45‏:3 دە هەزار باڵ: نزیکەی 5 کیلۆمەتر، لێرە و لە ئایەتی 5، 9، 10، 13، 18.‏
  3. c. 45‏:6 پێنج هەزار باڵ: نزیکەی 4‏،2 کیلۆمەتر، لێرە و لە 48‏:15‏.‏
  4. d. 45‏:10 یەک ئێفە پێوانەی وشکە نزیکەی بیست و دوو لیترە.‏
  5. e. 45‏:10 یەک بەت پێوانەی شلەمەنییە نزیکەی بیست و دوو لیترە.‏
  6. f. 45‏:21 پەسخە: عیبری \+tl پەسەح‏\+tl*، واتا تێپەڕبوون یاخود لێخۆشبوون.‏
  7. g. 45‏:24 نزیکەی چوار لیتر.‏