عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەروازەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات لە حەوشەکەی ناوەوە شەش ڕۆژی کارکردن داخراو دەبێت، تەنها لە ڕۆژی شەممە و لە سەرەمانگ دەکرێتەوە.
2
میر لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکە لە دەرەوە دێتە ژوورەوە و لەلای نیرگەی دەروازەکە دەوەستێت و کاهینەکان قوربانی سووتاندنەکە و قوربانییەکانی هاوبەشی دەکەن، ئەویش لەلای بەردەرگاکە کڕنۆش دەبات و پاشان دەچێتە دەرەوە، بەڵام دەروازەکە هەتا ئێوارە داناخرێت.
3
گەلی خاکەکەش لە ڕۆژانی شەممە و لە سەرەمانگەکان لەبەر دەرکی ئەم دەروازەیە لەبەردەم یەزدان کڕنۆش دەبەن.
4
ئەو قوربانی سووتاندنەی میر بۆ یەزدانی پێشکەش دەکات لە ڕۆژی شەممەدا شەش بەرخی نێری ساغ و بەرانێکی ساغە،
5
پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەشی یەک ئێفەیە بۆ بەرانەکە و بۆ بەرخەکانیش پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئەوەندەی بەخشینی دەستی و یەک هەین زەیتیش بۆ ئێفەیەک.
6
لە سەرەمانگانیشدا، جوانەگایەکی ساغ و شەش بەرخ و بەرانێکی ساغ پێشکەش دەکات.
7
میر پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەش ئێفەیەک بۆ جوانەگاکە دابین دەکات، لەگەڵ ئێفەیەک بۆ بەرانەکە، بۆ بەرخەکانیش بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێت، بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت دابین دەکات.
8
کاتێک میر دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکەوە دێتە ناوەوە، هەروەها لە هەمان ڕێگاشەوە دەچێتە دەرەوە.
9
«”کاتێک لە جەژنەکان گەلی خاکەکە دێنە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە بۆ کڕنۆش بردن دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دەچێتە دەرەوە؛ ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دێتە ژوورەوە لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە دەچێتە دەرەوە. کەس بەو ڕێگایەدا ناگەڕێتەوە کە پێدا هاتە ژوورەوە، بەڵکو لە ڕێگاکەی بەرامبەرییەوە دەچێتە دەرەوە.
10
گەل بە یاوەری میر دێنە ژوورەوە و هەروەها دەچنە دەرەوە.
11
لە جەژن و جەژنە دیاریکراوەکان پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئێفەیەک بۆ جوانەگا و ئێفەیەک بۆ بەران دەبێت، بۆ بەرخەکانیش هەرکەسێک بەگوێرەی توانای خۆی و بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت.
12
«”ئەگەر میر بە خواستی خۆی لە پێناوی خودا بەخشینێکی ئازادی دا، قوربانی سووتاندن یان قوربانی هاوبەشی بێت، ئەوا ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە بۆی دەکرێتەوە. وەک ئەوەی لە ڕۆژانی شەممەدا دەیکات، میر قوربانی سووتاندنەکەی یان قوربانییە هاوبەشییەکانی دەکات، پاشان دەچێتە دەرەوە و لەدوای چوونەدەرەوەکەی دەروازەکە دادەخرێت.
13
«”هەموو ڕۆژێک سەر لە بەیانی بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ دەکەیتە قوربانی سووتاندن.
14
هەموو بەیانییەک لەگەڵ بەرخەکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ دەکەیت، شەش یەکی ئێفەیەک و زەیتەکەشی سێ یەکی هەینێک بۆ تەڕکردنی ئاردە سفرەکە، قوربانی خۆراکە بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوامە.
15
هەموو بەیانییەک بە بەردەوامی بەرخەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکە دەکەنە قوربانی سووتاندن.
16
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر میر دیارییەکی دایە یەکێک لە کوڕەکانی، ئەوا وەک میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە، موڵکی خۆیانە بە میرات.
17
بەڵام ئەگەر دیارییەکی دایە یەکێک لە کۆیلەکانی خۆی، ئەوا هەتا ساڵی ئازادکردنی بۆ کۆیلەکەی دەبێت، پاشان بۆ میرەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام میراتەکەی خۆی تەنها بۆ کوڕەکانی دەبێت.
18
میر لە میراتی گەل نابات، بەوەی لە موڵکی خۆیان دەریانبکات. لە موڵکی خۆی میرات بە کوڕەکانی دەدات، بۆ ئەوەی گەلەکەم کەس لە موڵکی خۆی بێبەش نەبێت.“»
19
ئینجا لەو دەرگایەی لەتەنیشت دەروازەکە بوو منی هێنایە ئەو ژوورە تەرخانکراوانەی ڕووەو باکوور کە هی کاهینەکان بوون. شوێنێکی نیشاندام لە کۆتایی ڕۆژئاوای ژوورەکان.
20
پێی فەرمووم: «ئەمە ئەو شوێنەیە کە کاهینەکان تێیدا قوربانی تاوان و قوربانی گوناه دەکوڵێنن و لێرە پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەکەن بە نان، نەوەک بیبەنە خانەکانی دەرەوە و گەل پیرۆز بکەن.»
21
ئینجا بردمییە خانەکانی دەرەوە و بەسەر هەر چوار گۆشەکەی حەوشەکەدا و بینیم لە هەر گۆشەیەک چێشتخانەیەک هەبوو.
22
لە هەر چوار گۆشەکەی خانەکانی دەرەوە چێشتخانە هەبوون، هەر یەکێکیان درێژییەکەی چل باڵ و پانییەکەی سی باڵ بوو. هەر چوار چێشتخانەکە لە ئەندازەدا یەکسان بوون.
23
بە چواردەوری هەر چێشتخانەیەکدا لێوارێکی بەردینی هەبوو، لە دامێنی لێوارەکەش ئاگردان بوو.
24
پێی فەرمووم: «ئەمانە چێشتخانەن کە خزمەتکارەکانی پەرستگا قوربانییەکانی گەلی تێدا لێدەنێن.»