عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - نزیکبوونەوەی کۆتایی
- 1
- هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە بە خاکی ئیسرائیل دەفەرموێت:
 «”کۆتایی! کۆتاییەکە هات!
 هەر چوار لای خاکەکەی گرتەوە.
- 3
- ئێستاش کۆتاییەکەت نزیک بووەتەوە،
 تووڕەییم بەسەرتدا دەبارێنم.
 بەگوێرەی ڕەفتارەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و
 سزای هەموو نەریتە قێزەونەکانت دەدەمەوە.
- 4
- جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و
 دەستم لێت ناپارێزم،
 بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،
 سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش دەدەم کە لەنێوتان دەکرێن.
 ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“
- 5
- «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
 «”بەڵایەک دێت!
 بەڵایەک لەمەوپێش لە وێنەی نەبووە!
- 6
- کۆتاییەکە هات!
 کۆتاییەکە هات!
 ئاوڕی لێت دایەوە،
 ببینە، وا هات!
- 7
- ئەی دانیشتووی خاکەکە نۆرە گەیشتە سەرت،
 کاتەکەی هات و ڕۆژەکە نزیک بووەتەوە،
 لەسەر چیاکان هاتوهەرایە،
 نەک هاواری خۆشی.
- 8
- ئێستا بەم زووانە تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و
 هەڵچوونی خۆم هەڵدەڕێژم،
 بەپێی کردەوەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و
 لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکان سزات دەدەم.
- 9
- جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و
 دەستم لێت ناپارێزم،
 بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،
 سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش کە لەنێوتان دەکرێن.
 ئیتر دەزانن کە من یەزدانم لێتان دەدەم.
- 10
- «”ئەوەتا ڕۆژەکە!
 ئەوەتا هات!
 چەرخ سووڕایەوە،
 داردەست گوڵی کرد،
 لووتبەرزی چرۆی کرد!
- 11
- ستەم بووە داردەستی خراپە،
 نە خۆیان و نە سامانیان و
 نە هاتوهەرایان دەمێنێت،
 شکۆیان نامێنێت.
- 12
- کاتەکە هاتووە!
 ڕۆژەکە گەیشتووە!
 ئینجا نە کڕیار دڵخۆش دەبێت و
 نە فرۆشیار خەمبار دەبێت،
 چونکە تووڕەیی لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
- 13
- فرۆشیار تەمەنی هەرچەند بێت
 فرۆشراو وەرناگرێتەوە،[a]
 چونکە ئەو پەیامەی خودا
 بۆ هەموو خەڵکەکەیە ناگەڕێتەوە،
 مرۆڤیش لەبەر تاوانەکەی
 ناتوانێت دەست بە ژیانییەوە بگرێت.
- 14
- «”هەرچەندە فوو لە کەڕەنا بکەن و
 هەموو چەک و ئازووقەیەک ئامادە بکەن،
 بەڵام کەس ناچێتە جەنگ،
 چونکە تووڕەییم لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
- 15
- شمشێر لە دەرەوە و
 دەرد و قاتوقڕیش لەناوەوە.
 ئەوەی لە دەشتودەرە بە شمشێر دەمرێت،
 ئەوەش لە شارە قاتوقڕی و دەرد دەیخوات.
- 16
- ئەوانەی دەرباز دەبن
 هەڵدێن بۆ چیاکان و
 وەک کۆتری دۆڵەکان هەموویان دەگمێنن،
 هەریەکە و لەبەر تاوانەکەی خۆی.
- 17
- هەموو دەستەکان شل دەبن و
 هەموو ئەژنۆکان دەبن بە ئاو.
- 18
- جلوبەرگی گوش[b]  دەپۆشن و
 ترس دایاندەگرێت.
 ڕیسوایی لەسەر ڕوخساریان دەبێت و
 سەریان دەڕووتێتەوە.
- 19
- «”زیوەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و
 زێڕیان دەبێتە گڵاوی.
 زێڕ و زیویان ناتوانێت
 لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان فریایان بکەوێت.
 بەوانە تێر نابن و هەر برسی دەبن،
 چونکە ئەو شتانە بۆیان بوون بە کۆسپی تاوان.
- 20
- بە خشڵە جوانەکانیشیان کە مایەی شانازی بوون
 لە دروستکردنی بتە گڵاوەکانیان بەکاریانهێنا،
 وێنەی قێزەونیان دروستکرد.
 لەبەر ئەوە بۆیان دەکەم بە مایەی گڵاوی.
- 21
- دەیدەمە دەست بێگانەکان بۆ تاڵانی،
 هەروەها دەیدەمە بەدکارانی زەوی بۆ دزی،
 جا گڵاوی دەکەن.
- 22
- ڕووی خۆم لێیان وەردەگێڕم و
 شوێنی بەنرخم گڵاو دەکەن،
 توندوتیژەکان دێنە ناویەوە،
 ئەوێ گڵاو دەکەن.
- 23
- «”زنجیر دروستبکە بۆ بەدیلگرتن!
 چونکە خاکەکە پڕ بووە لە تاوانی خوێنڕشتن،
 شارەکەش پڕ بووە لە ستەم.
- 24
- جا دڕندەترینی نەتەوەکان دەهێنم و
 دەست بەسەر ماڵەکانیاندا دەگرن،
 شانازیکردنی بەهێزەکان لەناودەبەم،
 پیرۆزگاکانیان گڵاو دەبێت.
- 25
- لە کاتی تۆقینیان
 داوای ئاشتی دەکەن و نییە.
- 26
- بەڵا لەسەر بەڵا و
 هەواڵ لەسەر هەواڵ دێت،
 داوای بینین لە پێغەمبەر دەکەن،
 فێرکردن لەلای کاهین نامێنێت،
 ڕاوێژکردنیش لەلای پیران.
- 27
- پاشا دەگریێت و
 میر نائومێد دەبێت،
 دەستی گەلی خاکەکەش دەلەرزێت.
 بەگوێرەی ڕەفتاری خۆیان بەسەریاندا دەهێنمەوە و
 بەگوێرەی حوکمەکانی خۆیان حوکمیان بەسەردا دەدەم.
 ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
- a. 7:13 مەبەستی لەوەیە کە ساڵی یۆبیل نابینێت، بڕوانە لێڤییەکان 25:25-28.
- b. 7:18 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.

