عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - گڵاوکردنی پەرستگا
 - 1
 - ئەوە بوو لە پێنجی مانگی شەشی ساڵی شەشەم،[a] کاتێک لە ماڵی خۆم دانیشتبووم و پیرانی یەهوداش بەرامبەرم دانیشتبوون، لەوێ ڕۆحی یەزدانی باڵادەست هاتە سەرم.
 - 2
 - جا تەماشام کرد ئەوەتا شێوەیەکی وەک مرۆڤم بینی، وێنەکەی لە ناوقەدیەوە بەرەو خوارەوە ئاگر و لە ناوقەدیەوە بەرەو سەرەوە وەک وێنەی بریسکانەوە لە شێوەی کانزایەکی ئاگراوی بوو.
 - 3
 - شتێکی درێژکرد لە شێوەی دەست بوو، بە قژی سەرم منی گرت. ڕۆحی خودا لەنێوان زەوی و ئاسماندا هەڵیگرتم و لە چەند بینینێکدا منی هێنایە ئۆرشەلیم، بۆ داڵانی دەروازەکەی حەوشەی ناوەوە، ئەوەی ڕووەو باکوورە کە دیوەخانی ئەو پەیکەرەیە[b] کە ئیرەیی[c] خودا دەجۆشێنێت.
 - 4
 - شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لەوێ بوو، وەک ئەو بینینەی کە لە دەشتەکە بۆم ئاشکرا کرا.
 - 5
 - ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، چاوت بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕە.» چاوم بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕی و ئەو پەیکەرەم بینی کە ئیرەیی خودا دەجۆشێنێت، لەلای دەرگای باکووری حەوشەی قوربانگاکە، بەرامبەر دەروازەی باکوور.
 - 6
 - پاشان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت چی دەکەن؟ ئەو قێزەونییە گەورانەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل لێرە دەیکەن، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگاکەم دوورم بخەنەوە؟ بەڵام هێشتا شتی قێزەونتریش دەبینیت.»
 - 7
 - ئینجا منی هێنایە بەر دەرگای حەوشەکە، جا تەماشام کرد و کونێکم لە دیوارەکە بینی.
 - 8
 - پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئێستا دیوارەکە هەڵکۆڵە.» منیش دیوارەکەم هەڵکۆڵی و دەرگایەکم بینییەوە.
 - 9
 - پێی فەرمووم: «بڕۆ ژوورەوە و ئەو نەریتە قێزەونە خراپانە ببینە کە لەوێ دەیکەن.»
 - 10
 - منیش چوومە ژوورەوە و سەیرم کرد، ئەوەتا شێوەی هەموو جۆرە خشۆکێک و گیانلەبەری گڵاو و هەموو بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەسەر دیوارەکە بە هەر چواردەوریدا وێنەی کێشراوە.
 - 11
 - حەفتا پیاو لە پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەمیان وەستابوون و یازەنیاهوی کوڕی شافانیش لە ناوەڕاستیان وەستابوو. هەرکەسێک بخووردانی خۆی بەدەستەوە بوو، بۆنی دووکەڵی بخووریش هەڵدەستا.
 - 12
 - پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لە تاریکیدا چی دەکەن، هەرکەسە و لە نزرگەی بتەکەی خۆی؟ دەڵێن: ”یەزدان نامانبینێت، یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە.“»
 - 13
 - ئینجا پێی فەرمووم: «هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت کە ئەوان دەیکەن!»
 - 14
 - پاشان منی هێنایە داڵانی دەروازەی ماڵی یەزدان، ئەوەی ڕووەو باکوورە، ئەوەتا ژنان دانیشتوون و بۆ تەمووز[d] دەگریێن.
 - 15
 - پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمەت بینی؟ هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت.»
 - 16
 - ئینجا منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوەی ماڵی یەزدان، ئەوەتا لەلای داڵانی پیرۆزگای یەزدان لەنێوان هەیوان و قوربانگاکە، نزیکەی بیست و پێنج پیاو پشتیان لە پەرستگای یەزدانە و ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتە، ڕووەو ڕۆژهەڵات کڕنۆشیان بۆ خۆر بردووە.
 - 17
 - پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟ ئایا ئەو کردەوە قێزەونانەی بنەماڵەی یەهودا لێرە کردوویانە کەمە؟ سەرباری ئەوەش خاکەکەیان پڕکردووە لە ستەم و دەگەڕێنەوە بۆ پەستکردنم، ببینە چیلکە دار لە لووتیان نزیک دەکەنەوە[e] .
 - 18
 - لەبەر ئەوە من بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەم، چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. ئەگەر بە دەنگی بەرز لە گوێمدا هاوار بکەن گوێیان لێ ناگرم.»
 
- a. 8:1 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە حەڤدەی مانگی نۆ ساڵی 592ی پێش زایین.
 - b. 8:3 مەبەست لە پەیکەری ئەشێرەی خواژنە کەنعانییەکانە کە خوداوەندی زاوزێ بوو، خەڵکی لە دەوروبەری وەک جۆرێک لە پەرستن هەموو داوێنپیسییەکیان دەکرد. بڕوانە دووەم پاشایان 21:7.
 - c. 8:3 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.
 - d. 8:14 تەمووز: خوداوەندی زاوزێی بابلییەکان و خوداوەندی جیهانی خوارەوە، واتا جیهانی مردووان.
 - e. 8:17 هێمایەکی ئاشورییەکان بوو بۆ پەرستنی خوداوەندەکانیان.
 

