عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بنیادنانەوەی قوربانگاکە
 - 1
 - کاتێک مانگی حەوت[a] هات، نەوەی ئیسرائیل لە شارۆچکەکانی خۆیان جێگیر بوون، ئینجا گەل وەک یەک کەس لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە.
 - 2
 - یەشوعی کوڕی یۆچاداق و برا کاهینەکانی، لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و هاوکارەکانی، دەستیان بە بنیادنانەوەی قوربانگاکەی خودای ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندنی لەسەر پێشکەش بکەن، هەروەک لە تەوراتی موسای پیاوی خودا نووسراوە.
 - 3
 - لەگەڵ ئەوەی ترسی گەلانی دەوروبەری لە دڵدا بوو، قوربانگاکەیان لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد نایەوە و قوربانی سووتاندنیان لەسەری بۆ یەزدان پێشکەش کرد، قوربانی سووتاندنی بەیانییان و ئێواران.
 - 4
 - بەپێی ئەوەی کە نووسرابوو جەژنی کەپرەشینەیان[b] گێڕا، بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی کە دیاری کرابوو قوربانی سووتاندنی ڕۆژانەیان پێشکەش دەکرد، کاری هەر ڕۆژێک لە ڕۆژی خۆیدا.
 - 5
 - پاشان قوربانی سووتاندنی بەردەوام و قوربانی سەرەمانگ و قوربانی هەموو جەژنە پیرۆزەکانی یەزدانیشیان پێشکەش کرد، بێجگە لە بەخشینە ئازادەکان کە هەر یەکێک بە خواستی دڵی خۆی پێشکەشی یەزدانی دەکرد.
 - 6
 - لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوتەوە دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن بە یەزدان، هەرچەندە بناغەی پەرستگای یەزدانیش هێشتا دانەمەزرابوو.
 - بنیادنانەوەی پەرستگا
 - 7
 - زیویان دایە نەقاڕ و دارتاشەکان، هەروەها خواردن و خواردنەوە و زەیتیان دایە سەیدائی و سورییەکان بۆ ئەوەی داری ئورز بە ڕێی دەریادا لە لوبنانەوە بهێننە یافا، بەپێی ئەو موڵەتەی کۆرشی پاشای فارس پێیدابوون.
 - 8
 - لە ساڵی دووەمی هاتنیان بۆ ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم، لە مانگی دوو، زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل، لەگەڵ یەشوعی کوڕی یۆچاداق و پاشماوەی برا کاهین و لێڤییەکانیان و هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە ئۆرشەلیم، دەستیان بە کار کرد. ئەو لێڤییانەی کە بیست ساڵ و بەرەو سەرەوە بوون، دایاننان بۆ چاودێریکردنی کارەکەی ماڵی یەزدان.
 - 9
 - هەروەها یەشوع و کوڕ و براکانی، قەدمیێل و کوڕەکانی لە نەوەی هۆدەڤیا، هەروەها نەوەی حێناداد و کوڕ و براکانی کە هەموویان لێڤی بوون، پێکەوە ڕاوەستان بۆ چاودێریکردنی ئەو کرێکارانەی کارەکەی ماڵی خودایان دەکرد.
 - 10
 - کە بیناسازەکان بناغەی پەرستگاکەی یەزدانیان دامەزراند، بەپێی ڕێکخستنەکەی داودی پاشای ئیسرائیل کاهینەکان بە جلوبەرگ و کەڕەناوە چوونە شوێنی خۆیان، هەروەها لێڤییەکانی نەوەی ئاسافیش بە سەنجەوە چوونە شوێنی خۆیان تاکو ستایشی یەزدان بکەن.
 - 11
 - بە ستایش و سوپاسەوە گۆرانییان بۆ یەزدان گوت:
«بێگومان خودا چاکە،
بۆ هەتاهەتایە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.»
هەموو گەلیش بە دەنگی بەرز بە ستایشەوە هاواریان بۆ یەزدان دەکرد، لەبەر دامەزراندنی بناغەی ماڵی یەزدان. - 12
 - بەڵام زۆربەی کاهین و لێڤی و گەورەی بنەماڵەکان کە پیر بوون، ئەوانەی پەرستگاکەی یەکەمیان بینیبوو، لە کاتی دامەزراندنی بناغەی ئەم پەرستگایە لەپێش چاویاندا بە دەنگێکی بەرز گریان، زۆریش هەبوو بە دەنگی بەرز هاواری خۆشییان دەکرد.
 - 13
 - کەس نەیدەتوانی هاواری خۆشی لە دەنگی گریان جیا بکاتەوە، چونکە گەل بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد، تەنانەت لە دووریشەوە دەنگەکە دەبیسترا.
 
- a.  3:1 
q مانگی حەوت ئەو مانگەی ساڵنامەی عیبرانی دەکەوێتە کۆتایی مانگی ئەیلول و زۆربەی تشرینی یەکەم. - b. 3:4 جەژنێکی جولەکەیە، بڕوانە (دواوتار 16:13).
 

