عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فەرمانی داریوش 
1
ئینجا داریوشی پاشا فەرمانی دا و لەناو ئەرشیفی شاهانەدا گەڕان کە لەنێو گەنجینەی بابل دانرا بوو،
2
ئەوە بوو لەناو کۆشکی هەمەدان لە هەرێمی میدیا، نووسراوێک دۆزرایەوە کە ئەمەی تێدابوو:
یاداشت:
3
کۆرشی پاشا لە یەکەم ساڵی پاشایەتییەکەیدا، سەبارەت بە پەرستگای خودا کە لە ئۆرشەلیمە ئەم فەرمانەی دەرکرد:
با پەرستگاکە بنیاد بنرێتەوە، ئەو شوێنەی قوربانی تێدا سەردەبڕن، با بناغەکانی دابمەزرێنن، بەرزییەکەی شەست باڵ[a] و پانییەکەی شەست باڵ بێت.
4
بە سێ ڕیز لە بەردی گەورە و ڕیزێک لە تەختەدار، با خەرجییەکەشی لە گەنجینەی پاشاوە بدرێت.
5
هەروەها قاپوقاچاغەکانی ماڵی خودا، ئەوەی لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنا و هێنایە بابل، با ببردرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو پەرستگایەی کە لە ئۆرشەلیمە، بۆ شوێنەکەی خۆی و لە ماڵی خودا دابنرێت.
6
ئێستاش ئەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و ئەی شەتاربوزەنەی و یاوەرە کاربەدەستەکانی هەرێمەکە، لەوێ دوور بکەونەوە.
7
دەست مەخەنە ناو کاری بنیادنانی پەرستگای خوداوە. با فەرمانڕەوا و پیرانی جولەکەکان ئەم ماڵەی خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنێنەوە.
8
من فەرمان دەردەکەم کە دەبێت لە بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا لەگەڵ پیرانی جولەکەدا چی بکەن:
لە پارەی پاشاوە، لە سەرانەی هەرێمی ئەوبەری فورات، بەبێ دواکەوتن خەرجی بەو پیاوانە دەدرێت تاوەکو دەست لە کارەکە هەڵنەگرن.
9
هەرچیشیان پێویستە، لە جوانەگا[b] ، بەران، بەرخ وەک قوربانی سووتاندن بۆ خودای ئاسمان، لەگەڵ گەنم، خوێ، شەراب و زەیت، با ڕۆژانە بەپێی داواکاری ئەو کاهینانەی لە ئۆرشەلیمن بەبێ دواکەوتن پێیان بدرێت، تاکو خاو نەبنەوە
10
لە پێشکەشکردنی بۆنی ڕەزامەندی بۆ خودای ئاسمان و لە نزاکردن لە پێناوی ژیانی پاشا و کوڕەکانی.
11
هەروەها فەرمان لەلای منەوە دەرچووە کە هەر کەسێک ئەم فەرمانە بشکێنێت، کاریتەیەک لە ماڵەکەی ڕادەکێشرێت و دەکرێتە ستوونێک و دوای کوشتنی، پێوەی دەکرێت. لەبەر ئەم تاوانە ماڵەکەی دەبێتە کەلاوە.
12
خوداش کە ناوی خۆی لەوێ نیشتەجێ کرد، هەر پاشا و گەلێک لەناودەبات ئەگەر دەستدرێژی بکات بۆ گۆڕینی ئەم فەرمانە یان ڕووخاندنی ئەم پەرستگایەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە.
من داریوشم فەرمانم دا و با بە وردی جێبەجێ بکرێت.
تەواوکردن و تەرخانکردنی پەرستگاکە 
13
ئینجا تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی لەگەڵ یاوەرەکانیان بە وردی جێبەجێیان کرد، بەگوێرەی ئەوەی داریوشی پاشا ناردبووی.
14
پیرانی جولەکەش بەهۆی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا لە لایەن حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای نەوەی عیدۆوە، بەردەوام بوون لە بنیادنان و سەرکەوتوو دەبوون. جا بەگوێرەی فەرمانی خودای ئیسرائیل و فەرمانی کۆرش و داریوش و ئەرتەحشەستەی پاشایانی فارس پەرستگاکەیان بنیاد ناوە و تەواویان کرد.
15
ئیتر لە سیی مانگی ئادار، لە ساڵی شەشەمی پاشایەتی داریوش پاشا ئەم پەرستگایە تەواو بوو.
16
نەوەی ئیسرائیلیش لە کاهین و لێڤییەکان و پاشماوەی نەوەی ڕاپێچکراوەکان بە دڵخۆشییەوە ئەم ماڵەی خودایان تەرخان کرد.
17
قوربانیشیان پێشکەش کرد بۆ تەرخانکردنی ئەم ماڵەی خودا، سەد گا و دوو سەد بەران و چوار سەد بەرخ و دوازدە گیسکی نێر، بۆ قوربانی گوناه لە جیاتی هەموو ئیسرائیل، بەگوێرەی هۆزەکانی ئیسرائیل.
18
ئینجا کاهینەکانیان لە بەشەکانی خۆیان دانا و لێڤییەکانیش لە بەشەکانیان لەسەر خزمەتەکەی خودا لە ئۆرشەلیم، هەروەک ئەوەی لە پەڕتووکی موسا نووسراوە.
جەژنی پەسخە 
19
ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە لە چواردەی مانگی یەکدا جەژنی پەسخەیان گێڕا،
20
چونکە کاهین و لێڤییەکان هەموو خۆیان پاک کردبووەوە، هەموویان بەپێی ڕێوڕەسم پاک بوون و بەرخی پەسخەیان بۆ هەموو نەوەی ڕاپێچکراوەکان و بۆ برا کاهینەکانیان و بۆ خۆیان سەربڕی.
21
نەوەی ئیسرائیلیش ئەوانەی کە لە ڕاپێچکراوییەکە گەڕابوونەوە لێیان خوارد، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆیان لە نەریتە گڵاوەکانی نەتەوەکانی خاکەکە جیا کردبووەوە و هاتبوونە پاڵیان، بۆ ئەوەی ڕوویان لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بکەن.
22
هەروەها حەوت ڕۆژ بە خۆشییەوە جەژنی فەتیرەیان گێڕا، چونکە یەزدان دڵی پڕکردن لە خۆشی و دڵی پاشای ئاشوری بەلایاندا ڕاکێشا بۆ بەهێزکردنی دەستیان لە کارەکەی پەرستگای خودا، خودای ئیسرائیل.
  1. a. 6‏:3 شەست باڵ: نزیکەی 27 مەتر.‏
  2. b. 6‏:9 لەو کاتەوەی کە گوێرەکەی نێر لە شیر دەبڕدرێتەوە پێی دەگوترێت (نۆبەن) یان (جوانەگا).‏