عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
دەمەوێت ئەمەتان پێ بڵێم: ئەگەر میراتگر ناکام بێت جیاوازیی نابێت لەگەڵ کۆیلە، هەرچەندە میراتگرەکە خاوەنی هەموو میراتەکەیە،
2
بەڵام لەژێر دەسەڵاتی سەرپەرشتیکار و سەرکاردا دەمێنێتەوە هەتا ئەو ماوەیەی کە باوکی دیاریی کردووە.
3
ئێمەش بە هەمان شێوە، کاتێک ناکام بووین کۆیلەی دەستی بنەما سەرەکییەکانی جیهان بووین.
4
بەڵام کە کاتی تەواوی خۆی هات، خودا کوڕی خۆی نارد، لە ژنێک لەدایک بوو، لە سایەی شەریعەتی تەورات لەدایک بوو،
5
بۆ ئەوەی ئەوانە بکڕێتەوە کە لە سایەی شەریعەتدان، تاکو وەک ڕۆڵە لەخۆگرتنەوە[a] بەدەستبهێنین.
6
لەبەر ئەوەی ئێوە ڕۆڵەی خودان، خودا ڕۆحی کوڕەکەی خۆی ناردە دڵتانەوە، بە هاوارەوە دەیفەرموو: «بابە! باوکە!»
7
کەواتە ئیتر کۆیلە نیت، بەڵکو ڕۆڵەی ئەویت، ئەگەر ڕۆڵەش بیت، ئەوا خودا تۆی کردووەتە میراتگر.
سەرسوڕمانی پۆڵس 
8
بەڵام ئەو کاتەی کە خوداتان نەدەناسی، کۆیلەی ئەوانە بوون کە بە سروشت خودا نین.
9
بەڵام ئێستا خودا دەناسن، ڕاستتریش لەلای خوداوە ناسران، ئایا چۆن دیسان دەگەڕێنەوە لای بنەما سەرەکییە لاواز و هەژارەکان؟ ئایا دەتانەوێ سەرلەنوێ ببنەوە کۆیلەی ئەوانە؟
10
ئایا بایەخ بە ڕۆژ و مانگ و وەرز و ساڵی تایبەت دەدەن؟
11
دەترسم بەخۆڕایی لە پێناوتان ماندووبووبم.
12
خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، وەکو من بن، چونکە من خۆم وەکو ئێوەم لێهات. هەڵەتان لەگەڵم نەکردووە.
13
هەروەک دەزانن بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە بوو کە یەکەم جار مژدەم پێدان،
14
نەخۆشییەکەم تاقیکردنەوەیەکی ئاسان نەبوو بۆتان، بەڵام بە چاوێکی سووک سەیرتان نەکردم و ڕقتان لێم نەبووەوە، بەڵکو وەک فریشتەی خودا، وەک عیسای مەسیح پێشوازیتان لێکردم.
15
ئەو خۆشییەتان چی بەسەرهات؟ چونکە شایەتیتان بۆ دەدەم ئەگەر بتانتوانیایە چاوی خۆتان دەردەهێنا و دەتاندامێ.
16
ئایا ئێستا بوومەتە دوژمنی ئێوە، چونکە ڕاستیتان پێ دەڵێم؟
17
ئەوانەی کە دڵگەرمن بۆ ئێوە، نیازیان باش نییە، چونکە دەیانەوێت لە ئێمەتان بترازێنن تاکو بۆ ئەوان دڵگەرم بن.
18
دڵگەرمی شتێکی باشە، ئەگەر هەموو کاتێک بە مەبەستێکی پاک بێت، نەک تەنها ئەو کاتەی من لەگەڵتانم.
19
ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، جارێکی دیکە لە پێناوتاندا ژانی منداڵبوون دەچێژم، هەتا وێنەی مەسیح لە ژیانتاندا بەرجەستە دەبێت،
20
بەڵام دەمویست ئێستا لەگەڵتان بم، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵتان بدوێم، چونکە سەرم لە ئێوە سوڕماوە.
نموونەی هاجەر و سارا 
21
ئەی ئەوانەی حەز دەکەن لەژێر سایەی شەریعەتدا بن، پێم بڵێن، ئایا تەورات نابیستن؟
22
چونکە نووسراوە کە ئیبراهیم دوو کوڕی هەبووە، یەکێکیان لە کۆیلەکە، ئەوی دیکەیان لە ئازادەکە[b] .
23
ئەوەی لە کۆیلەکە بوو بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، بەڵام ئەوەی لە ئازادەکە، بە بەڵێن بووە.
24
هەموو ئەمانەش هێمان، چونکە ئەو دوو ژنە دوو پەیمانەکەن، یەکێکیان لە شاخی سیناوەیە، بۆ کۆیلایەتی منداڵی دەبێت، ئەوەش هاجەرە.
25
هاجەر هێمایە بۆ شاخی سینا لە عەرەبستان، ئەو ئۆرشەلیمەی ئێستا دەنوێنێت، ئەویش لەگەڵ منداڵەکانی کۆیلەن.
26
بەڵام ئۆرشەلیمی سەرەوە ئازادە، دایکی ئێمەیە،
27
چونکە نووسراوە:
﴿ئەی نەزۆک، دڵشادبە،
ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،
ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،
لە خۆشیدا بە دەنگی بەرز هاوار بکە،
چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو[c] زیاترن
لەوەی مێردی لەگەڵیەتی.﴾[d]
28
بەڵام ئێوە، خوشکان و برایان، وەک ئیسحاق منداڵی بەڵێنن.
29
جا چۆن لە کاتێکدا ئەوەی بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، ئەوەی چەوساندەوە کە بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز لەدایک ببوو، ئێستاش ئاوایە.
30
بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ ﴿کەنیزەکە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی کەنیزەکە لەگەڵ کوڕی ئازادەکە نابێتە میراتگر.﴾[e]
31
کەواتە ئەی خوشک و برایان، ئێمە منداڵی کۆیلەکە نین، بەڵکو هی ئازادەکەین.
  1. a. 4‏:5 منداڵی کەسێکی دیکە وەک منداڵی خۆی پەروەردە دەکات و هەموو مافەکانی پێدەدات.‏
  2. b. 4‏:22 بڕوانە پەیدابوون بەشەکانی 16 و 21.‏
  3. c. 4‏:27 ژنی بەجێهێڵراو: دەربڕینێکی مەجازییە مەبەستی لە ئۆرشەلیمی ئاسمانییە، بڕوانە عیبرانییەکان 12‏:22.‏‏
  4. d. 4‏:27 ئیشایا 54‏:1.‏‏
  5. e. 4‏:30 پەیدابوون 21‏:10.‏‏