عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پەیمانی خەتەنەکردن
 - 1
 - کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە.
 - 2
 - پەیمانی خۆم لەنێوان خۆم و تۆدا دەبەستم و زۆر زۆرت دەکەم.»
 - 3
 - ئەبرام خۆی بە زەویدا دا، خوداش پێی فەرموو:
 - 4
 - «لەلایەن منەوە، ئەمە پەیمانی منە لەگەڵ تۆ: تۆ دەبیتە باوکی چەندین نەتەوە.
 - 5
 - ئیتر لەمەودواش ناوت بە ئەبرام ناهێنرێت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیبراهیم[a] ، چونکە من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە.
 - 6
 - زۆر زۆریش بەردارت دەکەم و چەندین نەتەوەت لێ دروست دەکەم و پاشایانت لێ دەکەوێتەوە.
 - 7
 - پەیمانەکەم کە پەیمانێکی هەتاهەتاییە لەنێوان خۆم و تۆ و نەوەی تۆدا دەچەسپێنم، کە ببمە خودای تۆ و نەوەکانی تۆ.
 - 8
 - هەموو خاکی کەنعان، کە ئێستا وەک بێگانەیەک تێیدا نیشتەجێی، بۆ هەتاهەتایە بە موڵکی دەیدەمە تۆ و نەوەکانی تۆ؛ منیش دەبمە خودایان.»
 - 9
 - ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش لەلای خۆتەوە دەبێت پەیمانەکەم بەجێبهێنیت، خۆت و نەوە لە دوای نەوەشت.
 - 10
 - ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت: هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن.
 - 11
 - خۆتان خەتەنە دەکەن، کە دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە.
 - 12
 - هەموو نێرینەیەکی هەشت ڕۆژەش لە ئێوە دەبێت خەتەنە بکرێت، لە نەوەکانتان، ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە، یان ئەوەی بە زیو لە بیانی کڕاوە و نەوەی خۆت نییە.
 - 13
 - دەبێت ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە یان بە زیو کڕاوە بە تەواوی خەتەنە بکرێت، جا پەیمانەکەم لە ئێوەدا پەیمانێکی هەتاهەتایی دەبێت.
 - 14
 - هەر نێرینەیەکی خەتەنەنەکراویش، کە خەتەنە نەکرابێت، ئەوە لە نەتەوەکەی دادەبڕدرێت، چونکە پەیمانی منی شکاندووە.»
 - 15
 - هەروەها خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «سارایی ژنیشت، ئیتر بە سارای ناوی مەهێنە، بەڵکو ناوی دەبێتە سارا.
 - 16
 - بەرەکەتداری دەکەم و لەوەوە کوڕێکت پێ دەبەخشم. بەرەکەتداری دەکەم و چەندین نەتەوە و چەندین پاشای نەتەوەکان لەوەوە دەبن.»
 - 17
 - ئیبراهیم بەسەر ڕوویدا کەوت و پێکەنی، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئایا پیاوێکی سەد ساڵە منداڵی دەبێت؟ ئایا سارا لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا منداڵی دەبێت؟»
 - 18
 - ئیبراهیم بە خودای گوت: «خۆزگە ئیسماعیل لەژێر سایەی بەرەکەتی تۆدا ژیانی بەسەر دەبرد.»
 - 19
 - خوداش فەرمووی: «بەڵێ، بەڵام لە سارای ژنت کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسحاق. پەیمانی خۆمی لەگەڵدا دەچەسپێنم، پەیمانێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکەی دوای خۆی.
 - 20
 - بۆ ئیسماعیلیش، گوێم لێت بوو، بێگومان بەرەکەتداری دەکەم، بەرداری دەکەم و زۆر زۆری دەکەم. دەبێتە باوکی دوازدە سەرۆک، دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.
 - 21
 - بەڵام پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاقدا دەچەسپێنم، کە ساڵێکی دیکە ئەم کاتە سارا بۆ تۆی دەبێت.»
 - 22
 - کاتێک خودا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ ئیبراهیم، لەلای ڕۆیشت و بەرزبووەوە.
 - 23
 - لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم، ئیسماعیلی کوڕی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا لەدایک ببوون یان بە زیوی خۆی کڕابوون، هەموو نێرینەکانی ماڵەکەی خۆی هێنا و خەتەنەی کردن، وەک چۆن خودا پێی فەرموو بوو.
 - 24
 - ئیبراهیم تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرا،
 - 25
 - ئیسماعیلی کوڕیشی تەمەنی سێزدە ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرا.
 - 26
 - لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی خەتەنە کران.
 - 27
 - هەموو پیاوەکانی ماڵەکەی، ئەوانەی لە ماڵەکەی لەدایک ببوون و ئەوانەی لە بیانی بە زیو کڕدرابوون لەگەڵ ئەودا خەتەنە کران.
 
- a.  17:5 
q ئیبراهیم واتا باوکی خەڵکێکی زۆر. 

