عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - مردنی ئیبراهیم
 - 1
 - ئیبراهیم ژنێکی دیکەی هێنا کە ناوی قەتورە بوو.
 - 2
 - لەویش زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەحی بوو.
 - 3
 - یۆقشان باوکی شەبا و دیدان بوو. وەچەکانی دیدانیش، ئەشووری و لەتوشی و لەئومییەکان بوون.
 - 4
 - کوڕەکانی میدیانیش عێفا، عێفەر، حەنۆک، ئەبیداع و ئەلداعە بوون. هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون.
 - 5
 - ئیبراهیم هەرچی ماڵوموڵکی هەبوو دایە ئیسحاق،
 - 6
 - بەڵام کاتێک هێشتا لە ژیاندا بوو، دیاری بەو کوڕانەی دا کە لە کەنیزەکانی بوون و بەرەو خاکی ڕۆژهەڵات ناردنی، دوور لە ئیسحاقی کوڕی.
 - 7
 - ئیبراهیم سەد و حەفتا و پێنج ساڵ ژیا.
 - 8
 - ئینجا ئیبراهیم لە تەمەنێکی باشی پیریدا، دواهەناسەی دا و مرد، پیرەمێردێکی تێر لە ژیان خواردوو، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
 - 9
 - هەردوو کوڕەکەشی، ئیسحاق و ئیسماعیل، باوکیان لە ئەشکەوتەکەی مەخپێلە کە بەرامبەر مەمرێیە و لە کێڵگەکەی عەفرۆنی کوڕی چۆحەری حیتیدایە، بە خاک سپارد.
 - 10
 - ئیبراهیم ئەو کێڵگەیەی لە حیتییەکان کڕیبوو. لەوێ ئیبراهیم لەگەڵ سارای ژنی بە خاک سپێردرا.
 - 11
 - دوای مردنی ئیبراهیم، خودا ئیسحاقی کوڕی بەرەکەتدار کرد. ئیسحاقیش لەلای بیری لەحەی ڕۆئییەوە نیشتەجێ بوو.
 - نەوەکانی ئیسماعیل
 - 12
 - ئەمانەش نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن کە هاجەری میسری، کەنیزەکەی سارا، بۆ ئیبراهیمی بوو.
 - 13
 - ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسماعیلن، ناویان بەپێی لەدایکبوونیان:
نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو،
هەروەها قێدار[a] ، ئەدبەئێل، میبسام، - 14
 - میشماع، دوما، مەسسا،
 - 15
 - حەدەد، تێما، یەتور،
نافیش و قێدما. - 16
 - ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون، هەروەها ناوی دوازدە میرە خێڵەکییەکەن بەپێی هەوار و خێوەتگاکانیان.
 - 17
 - ئیسماعیل سەد و سی و حەوت ساڵ ژیا، ئینجا دواهەناسەی دا و مرد و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
 - 18
 - نەوەکانی ئیسماعیل لە حەڤیلاوە هەتا شوور نیشتەجێ بوون، لە نزیک سنووری میسر لەسەر ڕێگای ئەشوور. ئەوان دژی هەموو براکانیان بوون.
 - یاقوب و عیسۆ
 - 19
 - ئەمانەش نەوەکانی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمن.
ئیبراهیم ئیسحاقی بوو. - 20
 - ئیسحاق تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک ڕڤقەی کچی بتوئێلی ئارامی کە خوشکی لابانی ئارامی بوو لە پەدان ئارامەوە هێنای تاکو ببێتە ژنی.
 - 21
 - ئیسحاق لە پێناو ژنەکەی لە یەزدان پاڕایەوە، چونکە نەزۆک بوو. یەزدانیش وەڵامی دایەوە و ڕڤقەی ژنی سکپڕ بوو.
 - 22
 - هەردوو کوڕەکە لە سکیدا ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەویش گوتی: «بۆچی ئەمە لە من ڕوودەدات؟» ئیتر چوو هەتا پرسیار لە یەزدان بکات.
 - 23
 - یەزدانیش پێی فەرموو:
«دوو نەتەوە لە منداڵدانتن،
دوو گەل لە هەناوتەوە لە یەک جیا دەبنەوە،
گەلێکیان لە گەلەکەی دیکە بەهێزتر دەبێت،
گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.» - 24
 - کە ڕۆژانی خۆی تەواو کرد و هاتە سەر منداڵبوون، بێگومان دووانەیەک[b] لە منداڵدانی بوو.
 - 25
 - ئەوەیان کە یەکەم جار لەدایک بوو سوور بوو، هەموو لەشی وەک کەوڵێکی تووکن وابوو، بۆیە ناویان لێنا عیسۆ[c] .
 - 26
 - دوای ئەم براکەی لەدایک بوو، کە بە دەستی پاژنە پێی عیسۆی گرتبوو، بۆیە ناویان لێنا یاقوب[d] . ئیسحاق لە تەمەنی شەست ساڵیدا بوو کاتێک ڕڤقە ئەمانی بوو.
 - 27
 - هەردوو کوڕەکە گەورە بوون. عیسۆ بووە ڕاوکەرێکی شارەزا و پیاوی دەشتودەر، بەڵام یاقوب پیاوێکی لەسەرخۆ و چادرنشین بوو.
 - 28
 - ئیسحاق عیسۆی زیاتر خۆشدەویست، چونکە حەزی لە گۆشتی نێچیر بوو، بەڵام ڕڤقە یاقوبی زیاتر خۆشدەویست.
 - 29
 - ڕۆژێک یاقوب چێشتی لێدەنا، عیسۆ لە دەشتودەر هاتەوە و پەکی کەوتبوو.
 - 30
 - عیسۆ بە یاقوبی گوت: «هەندێکم لەو چێشتە سوورە بدەرێ! پەکم کەوتووە.» لەبەر ئەمەیە ناوی لێنرا ئەدۆم[e] .
 - 31
 - یاقوبیش گوتی: «تۆش ئەمڕۆ نۆبەرایەتییەکەی خۆتم پێ بفرۆشە.»
 - 32
 - عیسۆ گوتی: «من وا خەریکە دەمرم، ئیتر نۆبەرایەتیم بۆ چییە؟»
 - 33
 - بەڵام یاقوب گوتی: «ئادەی ئەمڕۆ سوێندم بۆ بخۆ.» ئەویش سوێندی بۆ خوارد و نۆبەرایەتییەکەی خۆی فرۆشتە یاقوب.
 - 34
 - ئینجا یاقوب نان و نیسکی دایە عیسۆ. ئیتر عیسۆ خواردی و خواردیەوە، پاشان هەستا و ڕۆیشت.
بەو شێوەیە عیسۆ سووکایەتی بە نۆبەرایەتی کرد. 
- a. 25:13 دووەم کوڕی ئیسماعیلە و باوکی بەناوبانگترین هۆزی عەرەبە، کە لە بیابانی سوریا نیشتەجێ بوون.
 - b. 25:24 جمک
 - c. 25:25 عیسۆ واتا تووکن. نازناوەکەشی (ئەدۆم) بوو، کە بە واتای سوور دێت.
 - d. 25:26 (یاقوب) واتا پاژنە دەگرێت، واتایەکی مەجازییە واتا هەڵدەخەڵەتێنێت. بڕوانە 27:36.
 - e. 25:30 ئەدۆم واتای سوورەیە.
 

