عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یاقوب بەرەکەتی ئیسحاق وەردەگرێت 
1
کاتێک ئیسحاق پیر بوو و چاوەکانی نەیدەبینی، عیسۆی کوڕە گەورەی خۆی بانگکرد و پێی گوت: «کوڕی خۆم.»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»
2
ئیسحاق گوتی: «ئەوا پیر بووم و ڕۆژی مردنی خۆم نازانم.
3
ئێستاش چەکەکەت و تیردانەکەت و کەوانەکەت هەڵبگرە و بڕۆ لە دەشتودەر نێچیرێکم بۆ ڕاو بکە.
4
ئەو خواردنەی حەزم لێیەتی بۆم ئامادە بکە و بیهێنە تاکو بیخۆم، بۆ ئەوەی بەر لەوەی بمرم داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»
5
ڕڤقە گوێی لێبوو کاتێک ئیسحاق قسەی لەگەڵ عیسۆ دەکرد. ئینجا عیسۆ چوو بۆ دەشتودەر تاکو نێچیرێک ڕاو بکات و بیهێنێتەوە.
6
ڕڤقە لەگەڵ یاقوبی کوڕی قسەی کرد و گوتی: «گوێم لە باوکت بوو قسەی لەگەڵ عیسۆی برات دەکرد و گوتی:
7
”نێچیرێکم بۆ بهێنە و خواردنم بۆ ئامادە بکە، بەر لە مردنم دەیخۆم و لەبەردەم یەزدان داوای بەرەکەتت بۆ دەکەم.“
8
ئێستاش، کوڕی خۆم، باش گوێم لێ بگرە و ئەوە بکە کە پێت دەڵێم:
9
بڕۆ لەلای مێگەلەکە دوو گیسکی ناسکم بۆ بهێنە، تاکو بەو جۆرە بۆ باوکتی ئامادە بکەم کە حەزی لێیەتی.
10
ئینجا بۆ باوکتی دەبەیت و دەیخوات، بۆ ئەوەی بەر لە مردنی داوای بەرەکەتت بۆ بکات.»
11
یاقوبیش بە ڕڤقەی دایکی گوت: «بەڵام عیسۆی برام پیاوێکی تووکنە و منیش پیاوێکی کۆسەم.
12
ئەی ئەگەر باوکم دەستم لێ بدات؟ ئەو کاتە لەبەرچاوی دەبمە فێڵباز و ئیتر لە جێگەی بەرەکەت، نەفرەت بەسەر خۆمدا دەهێنم.»
13
دایکیشی پێی گوت: «کوڕی خۆم، با نەفرەتەکەت لە من بکەوێت. تەنها گوێ لە من بگرە و بڕۆ بیانهێنە بۆم.»
14
ئیتر ئەویش چوو کاریلەکانی گرت و هێنانی بۆ دایکی. دایکیشی خواردنی دروستکرد، بەو جۆرەی کە باوکی حەزی لێ دەکرد.
15
ئینجا ڕڤقە جلوبەرگە باشەکەی عیسۆی کوڕە گەورەی هێنا، کە لە ماڵەوە لەلای خۆی بوو، لەبەر یاقوبی کوڕە بچووکی کرد.
16
دەستەکانی و ئەو بەشەی ملی کە لووسە بە پێستی گیسکەکان دایپۆشی.
17
ئینجا ئەو نان و خواردنەی کە دروستی کردبوون، دایە دەست یاقوبی کوڕی.
18
یاقوب هاتە لای باوکی و گوتی: «باوکە.»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام، تۆ کیێت کوڕم؟»
19
یاقوبیش بە باوکی گوت: «من عیسۆی نۆبەرەتم. ئەوەی پێت گوتم کردم. هەستە، دابنیشە و لە ڕاوەکەم بخۆ، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»
20
ئیسحاقیش بە کوڕەکەی گوت: «ئەوە چۆن وا خێرا پەیدات کرد، کوڕی خۆم؟»
ئەویش گوتی: «یەزدانی پەروەردگارت بۆی هێنام.»
21
ئینجا ئیسحاق بە یاقوبی گوت: «وەرە پێشەوە با دەستت لێ بدەم، کوڕی خۆم، بۆ ئەوەی بزانم ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منیت یان نا.»
22
یاقوبیش لە ئیسحاقی باوکی چووە پێشەوە، ئەویش دەستی لێدا و گوتی: «دەنگەکە دەنگی یاقوبە، بەڵام دەستەکان دەستی عیسۆن.»
23
ئیتر نەیناسییەوە، چونکە دەستەکانی وەک دەستەکانی عیسۆی برای تووکن بوون، کاتێک کە ویستی داوای بەرەکەتی بۆ بکات،
24
پێی گوت: «ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منی؟»
ئەویش گوتی: «منم.»
25
ئینجا گوتی: «بیهێنە پێشم با لە ڕاوی کوڕەکەم بخۆم، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»
ئیتر یاقوب هێنایە پێشی و خواردی، ئینجا شەرابی بۆ هێنا و خواردیەوە.
26
ئیسحاقی باوکی پێی گوت: «وەرە پێشەوە و ماچم بکە، کوڕی خۆم.»
27
ئەویش چووە پێشەوە و ماچی کرد. ئیتر ئیسحاق بۆنی جلەکانی کرد، داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:
«بڕوانە، بۆنی کوڕەکەم
وەک بۆنی دەشتودەرە
کە یەزدان بەرەکەتداری کردووە.
28
با خودا لە شەونمی ئاسمان و
لە چەوری زەویت بداتێ،
هەروەها دانەوێڵەی زۆر و شەرابی نوێ.
29
با گەلان ببنە خزمەتکارت،
نەتەوەکانیش کڕنۆشت بۆ ببەن.
ببە بە سەروەری براکانت،
کوڕانی دایکت کڕنۆشت بۆ ببەن.
با ئەوانەی نەفرەتت لێ دەکەن نەفرەت لێکراو بن و
ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتدار دەبن.»
30
پاش ئەوەی ئیسحاق لە داواکردنی بەرەکەت بووەوە بۆ یاقوب، یاقوب لەلای ئیسحاقی باوکی چووە دەرەوە، عیسۆی برای لە ڕاوەکەی هاتەوە.
31
ئەویش خواردنی ئامادە کرد و بردیە ژوورەوە بۆ باوکی و پێی گوت: «باوکە، هەستە لە ڕاوی کوڕەکەت بخۆ، تاکو داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»
32
ئیسحاقی باوکیشی پێی گوت: «تۆ کێیت؟»
ئەویش گوتی: «من کوڕە نۆبەرەکەی خۆتم، عیسۆ.»
33
ئیتر ئیسحاق زۆر توند لەرزی و گوتی: «ئەی کێ بوو ئەوەی کە نێچیرێکی ڕاوکردبوو و بۆی هێنام؟ منیش لە هەموویم خوارد، پێش ئەوەی تۆ بێیت داوای بەرەکەتیشم بۆ کرد، هەروەها بەرەکەتداریش دەبێت.»
34
عیسۆ کە قسەکانی باوکی بیست، بە دەنگێکی زۆر بەرز و بە خەمبارییەوە هاواری کرد و بە باوکی گوت: «باوکە، دە داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە!»
35
بەڵام ئیسحاق گوتی: «ئاخر براکەت بە فێڵبازی هات و بەرەکەتی تۆی برد.»
36
عیسۆ گوتی: «ئایا لە جێی خۆیدا نییە کە ناونراوە ”یاقوب“[a] ؟ ئەوە دوو جارە فێڵم لێ دەکات، نۆبەرایەتییەکەی منی برد، وا ئێستاش بەرەکەتەکەی منی برد.» ئینجا گوتی: «ئەی هیچ بەرەکەتێکت بۆ من نەهێشتووەتەوە؟»
37
ئیسحاق وەڵامی دایەوە و بە عیسۆی گوت: «وا ئەوم کردووە بە سەروەری تۆ و هەموو کەسوکاریشیم داوەتێ بۆ ئەوەی ببنە خزمەتکاری ئەو، بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ پشتگیریم کردووە. ئیتر بۆ تۆ چی بکەم، کوڕم؟»
38
عیسۆش بە باوکی گوت: «ئایا تەنها یەک بەرەکەتت هەیە؟ باوکە، داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە.» ئیتر عیسۆ دەنگی هەڵبڕی و گریا.
39
ئیسحاقی باوکی وەڵامی دایەوە:
«نشینگەکەت دوور لە دەوڵەمەندی زەوییەوە دەبێت،
دوور لە شەونمی ئاسمان لە سەرەوە.
40
لەسەر شمشێرەکەت دەژیت و
دەبیتە خزمەتکاری براکەت.
بەڵام کاتێک سەرکێش بوویت،
نیرەکەی[b] دەشکێنیت کە بە ملتەوەیە.»
ڕاکردنی یاقوب بۆ لای لابان 
41
ئیتر عیسۆ ڕقی لە یاقوب هەڵگرت، بەهۆی ئەو بەرەکەتدارییەی کە باوکی داوای بەرەکەتی بۆ کردبوو. عیسۆ لە دڵی خۆیدا گوتی: «ڕۆژانی پرسەی باوکم نزیکە، ئینجا یاقوبی برام دەکوژم.»
42
ڕڤقەش لەم قسانەی عیسۆی کوڕە گەورەی ئاگادار کرایەوە، ئیتر ناردی بەدوای یاقوبی کوڕە بچووکیدا و پێی گوت: «عیسۆی برات وا دڵخۆشی خۆی بەوە دەداتەوە کە تۆ دەکوژێت.
43
ئێستاش کوڕی خۆم، گوێ لە قسەی من بگرە و ڕابکە بۆ لای لابانی برام لە حەڕان.
44
بۆ ماوەیەک لەلای ئەو بمێنەوە هەتا ڕقی براکەت هێور دەبێتەوە.
45
کاتێکیش تووڕەیی براکەت بەرامبەر بە تۆ هێور دەبێتەوە و ئەوەی لەبیر کرد کە پێت کردووە، ئەوا دەنێرم و لەوێ دەتهێنمەوە. ئیتر بۆ بە یەک ڕۆژ هەردووکتان لەدەست بدەم؟»
46
ئینجا ڕڤقە بە ئیسحاقی گوت: «لەبەر کچانی حیتییەکان لە ژیانی خۆم بێزارم، خۆ ئەگەر یاقوبیش ژنێکی وەک ئەمانە لە کچانی حیتییەکانی ئەم خاکە بهێنێت، ئیتر ژیانم بۆ چییە؟»
  1. a. 27‏:36 یاقوب واتا پاژنە دەگرێت، واتایەکی مەجازییە واتا هەڵدەخەڵەتێنێت. بڕوانە 25‏:26‏.‏
  2. b. 27‏:40 مەبەستی لە بارگرانییە.‏