عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد. ئینجا فەرمانی پێدا و پێی گوت: «لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە.
2
هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام[a] بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت، لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە.
3
با خودای هەرە بەتوانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات، هەتا دەبیتە کۆمەڵێک گەل.
4
با خودا بەرەکەتی ئیبراهیم بە خۆت و نەوەکانت بدات، تاکو ببیتە میراتگری ئەو خاکەی کە خودا دابوویە ئیبراهیم و ئێستا تۆ وەکو بێگانە لەسەری دەژیت.»
5
ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ.
6
عیسۆ بۆی دەرکەوت کە ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کردووە و ناردوویەتی بۆ پەدان ئارام تاکو لەوێ ژن بهێنێت، ئینجا کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کردووە، فەرمانی پێداوە و گوتوویەتی: «لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت،»
7
ئیتر یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بووە و چووە بۆ پەدان ئارام.
8
کاتێک کە عیسۆ زانی کچە کەنعانییەکان جێی پەسەندی ئیسحاقی باوکی نین و لەلای ئەو خراپن،
9
چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆت و کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی بەسەر ژنەکانی دیکەیدا خواست.
خەونی یاقوب لە بێت‌ئێل 
10
یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت.
11
ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەبەر خۆرئاوابوون لەوێ مایەوە. ئینجا بەردێکی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری و ڕاکشا.
12
یاقوب خەونێکی بینی کە تێیدا پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە کە سەری لە ئاسمان دەدات و فریشتەکانی خودا پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە.
13
وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو خاکەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکانت.
14
نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.
15
من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»
16
کاتێک یاقوب خەبەری بووەوە، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!»
17
ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئێرەش دەروازەی ئاسمانە.»
18
یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد.
19
ئەو شوێنەشی ناو نا بێت‌ئێل[b] ، هەرچەندە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.
20
یاقوب نەزرێکی[c] کرد و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم،
21
بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من.
22
ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا[d] و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»
  1. a. 28‏:2 ‏واتا باکووری ڕۆژئاوایی میسۆپۆتامیا.‏
  2. b. 28‏:19 واتا ماڵی خودا. بڕوانە 12‏:8‏.‏
  3. c. 28‏:20 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2.‏‏
  4. d. 28‏:22 شوێنی خواپەرستی.‏