عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - خۆئامادەکردنی یاقوب بۆ دیداری عیسۆ
 - 1
 - یاقوبیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و فریشتەکانی خودا بەرەوپیری هاتن.
 - 2
 - کاتێک یاقوب ئەوانی بینی، گوتی: «ئەمە لەشکری خودایە.» ئیتر ئەو شوێنەی ناو نا مەحەنەیم[a] .
 - 3
 - یاقوب لەپێش خۆیەوە نێردراوی ناردە لای عیسۆی برای بۆ خاکی سێعیر لە وڵاتی ئەدۆم.
 - 4
 - فەرمانی پێدان و گوتی: «ئاوا بە عیسۆی گەورەم ڕادەگەیەنن: ”یاقوبی خزمەتکارت دەڵێت ئاوارەی لای لابان بووم و هەتا ئێستاش لەلای ئەو نیشتەجێ بووم.
 - 5
 - بووشم بە خاوەنی گا و گوێدرێژ، مەڕ و بزن، خزمەتکار و کەنیزە. ئەوا ناردیشمە لای گەورەی خۆم هەتا پێی ڕابگەیەنم، بۆ ئەوەی لەبەرچاوی تۆ پەسەند بم.“»
 - 6
 - نێردراوەکان گەڕانەوە لای یاقوب و گوتیان: «چووینە لای عیسۆی برات. وا بە چوار سەد پیاوەوە دێت بۆ لات.»
 - 7
 - بەمە یاقوب ترسێکی گەورەی لێ نیشت و پەرێشان بوو. ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون لەگەڵ مەڕ و مانگا و وشترەکان دابەشی کردن بۆ دوو لەشکر.
 - 8
 - گوتی: «ئەگەر عیسۆ هاتە سەر لەشکرێکیان و لێیدا، ئەوا لەشکرەکەی دیکە دەمێنێتەوە بۆ دەربازبوون.»
 - 9
 - ئینجا یاقوب لە خودا پاڕایەوە و گوتی: «ئەی خودای ئیبراهیم و ئیسحاقی باوکم، ئەو یەزدانەی کە پێی فەرمووم: ”بگەڕێوە خاکی خۆت و بۆ لای کەسوکارەکەت، باش دەبم لەگەڵت.“
 - 10
 - من شایستەی ئەو هەمووە خۆشەویستییە نەگۆڕ و دڵسۆزییە نیم کە لەگەڵ خزمەتکارەکەی خۆتدا کردووتە. بە خۆم و گۆچانەکەمەوە لەم ڕووباری ئوردونە پەڕیمەوە، بەڵام ئێستا بوومەتە دوو لەشکر.
 - 11
 - لە چنگی عیسۆی برام فریام بکەوە، چونکە دەترسم بێت و هێرش بکاتە سەر من و دایک و منداڵەکان.
 - 12
 - بەڵام تۆ خۆت فەرمووت: ”باش دەبم لەگەڵت و نەوەکەت وەک لمی دەریا لێ دەکەم، کە لەبەر زۆری لە ژماردن نەیێت.“»
 - 13
 - ئیتر ئەو شەوەی لەوێ بەسەربرد، لەوەشی لەگەڵ دەستی خۆیدا هێنابووی، ئەم دیارییانەی بۆ عیسۆی برای هەڵبژارد:
 - 14
 - دوو سەد بزن و بیست تەگە، دوو سەد مەڕ و بیست بەران،
 - 15
 - سی وشتری مێی شیردەر بە بەچکەکانیانەوە، چل مانگا و دە گا لەگەڵ بیست ماکەر و دە نێرەکەر.
 - 16
 - هەموو ئەمانەی مێگەل مێگەل بە جیا دایە دەست خزمەتکارەکانی و پێی گوتن: «پێشم بکەون و بواریش بخەنە نێوان مێگەلەکانەوە.»
 - 17
 - فەرمانیشی بەوەی یەکەمیان دا و گوتی: «ئەگەر عیسۆی برام پێت گەیشت و لێی پرسیت: ”سەر بە کێیت و بۆ کوێ دەچیت، ئەوەی لەپێشتەوەیە هی کێیە؟“
 - 18
 - دەڵێیت: ”هی یاقوبی خزمەتکارتن. دیارییە و نێردراوە بۆ عیسۆی گەورەم، خۆی لەدوای ئێمەوە دێت.“»
 - 19
 - هەروەها فەرمانی دا بە دووەمیان و سێیەمیان و هەموو ئەوانەی بەدوای مێگەل و گاگەلەکاندا دەڕۆیشتن، پێی گوتن: «ئێوەش کاتێک عیسۆتان بینی، هەمان شتی پێ بڵێن.
 - 20
 - هەروەها بیرتان نەچێت بڵێن: ”یاقوبی خزمەتکارت لەدوای ئێمە دێت.“» یاقوب بیری کردەوە و گوتی: «بەم دیارییەی کە لەپێش خۆمەوە دەینێرم ئاشتی دەکەمەوە، دوای ئەمە ڕووبەڕووی دەبمەوە، بەڵکو قبوڵم بکات.»
 - 21
 - ئیتر دیارییەکان پێش خۆی کەوتن، بەڵام خۆی ئەو شەوەی لە ئۆردوگاکە بەسەربرد.
 - زۆرانبازی یاقوب لەگەڵ خودا
 - 22
 - یاقوب ئەو شەوە هەستا و هەردوو ژنەکەی و هەردوو کەنیزەکەی و هەر یازدە کوڕەکەی هەڵگرت و لە تەنکاییەکەی ڕووباری یەبۆق پەڕییەوە.
 - 23
 - دوای ئەوەی کە ئەوانی لە جۆگەکە پەڕاندەوە، هەموو ئەوەشی کە هەیبوو ناردە ئەوبەرەوە.
 - 24
 - ئیتر یاقوب هەر خۆی مایەوە، پیاوێکیش هەتا بەرەبەیان زۆرانبازی لەگەڵ کرد.
 - 25
 - کە بینی دەرەقەتی نایەت، لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانی دا و ڕانی یاقوب لە زۆرانبازیەکەدا لەجێ چوو.
 - 26
 - ئینجا فەرمووی: «بەرمدە، وا بەرەبەیان دەرکەوت.»
بەڵام یاقوب گوتی: «ئەگەر بەرەکەتدارم نەکەیت بەرت نادەم.» - 27
 - پیاوەکە لێی پرسی: «ناوت چییە؟»
یاقوب وەڵامی دایەوە: «یاقوب.» - 28
 - ئینجا پیاوەکە پێی فەرموو: «لەمەودوا ئیتر ناوت بە یاقوب ناهێنرێت، بەڵکو بە ئیسرائیل[b] ، چونکە لەگەڵ خودا و مرۆڤدا تێکۆشایت و سەرکەوتیت.»
 - 29
 - یاقوبیش پێی گوت: «تکایە، ناوی خۆتم پێ بڵێ.»
بەڵام ئەو فەرمووی: «بۆچی پرسیار لە ناوم دەکەیت؟» ئیتر لەوێ بەرەکەتداری کرد. - 30
 - ئیتر یاقوب ناوی لەو شوێنە نا پەنیێل[c] ، چونکە گوتی: «ڕوو بە ڕوو خودام بینی و گیانیشم دەرباز بوو.»
 - 31
 - کاتێک لە پەنیێل دەپەڕییەوە خۆری لێ هەڵهات، لەبەر ڕانی دەشەلی.
 - 32
 - هەر لەبەر ئەوەشە کە نەوەی ئیسرائیل هەتا ئەمڕۆش ئەو ماسوولکە ژێیە ناخۆن کە لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانە و گرژ دەبێتەوە، چونکە سەرەوەی ئێسکی ڕانی یاقوب، نزیک لەو ماسوولکە ژێیەی گرژ دەبێتەوە ئازاری پێ گەیشت.
 
- a. 32:2 مەحەنەیم: واتا (دوو ئۆردوگا).
 - b.  32:28 
q ئیسرائیل ناوێکی عیبرییە بە واتای تێکۆشان لەگەڵ خودا دێت. - c. 32:30 واتا ڕووی خودا.
 

