عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دینە و شەخەمییەکان 
1
دینەی کچی یاقوب کە لە لێئە بوو، چووە دەرەوە بۆ ئەوەی چاوی بە کچانی ئەو ناوچەیە بکەوێت.
2
کاتێک شەخەمی کوڕی حەمۆری حیڤی، کە میری ئەو ناوچەیە بوو، چاوی پێی کەوت، گرتی و لاقەی کرد.
3
دڵیشی چووە سەر دینەی کچی یاقوب، ئەو کچەی خۆشویست و بە نەرمی قسەی لەگەڵ کرد.
4
شەخەم لەگەڵ حەمۆری باوکی قسەی کرد و پێی گوت: «ئەم کچەم بۆ بخوازە تاکو ببێتە ژنم.»
5
یاقوب بیستی کە داوێنی دینەی کچی پیسکراوە، لەو کاتەدا کوڕەکانی لەگەڵ مەڕوماڵاتەکەی لە دەشتودەر بوون. ئیتر یاقوبیش هەتا هاتنەوە دەنگی نەکرد.
6
حەمۆری باوکی شەخەم چووە دەرەوە بۆ لای یاقوب بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات.
7
کاتێک کوڕەکانی یاقوب بیستیانەوە چی ڕوویداوە، یەکسەر لە دەشتودەر هاتنەوە. زۆر ناڕەحەت و تووڕە بوون، چونکە شەخەم بە لاقەکردنی کچی یاقوب، کارێکی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ ئیسرائیل[a] کردبوو؛ کارێکی نەشیاو بوو.
8
بەڵام حەمۆر قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «شەخەمی کوڕم دڵی بە کچەکەتانەوەیە. تکایە بیدەنێ ببێتە ژنی.
9
ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ بکەن، کچەکانی خۆتانمان بدەنێ و کچەکانی ئێمە بۆ خۆتان ببەن.
10
دەتوانن لەناومان نیشتەجێ بن؛ خاکەکەمان لەبەردەمتانە. تێیدا نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن و موڵکتان تێیدا هەبێت.»
11
ئینجا شەخەم بە باوک و براکانی دینەی گوت: «لێم ڕازی بن، ئەوەی پێم دەڵێن دەیدەم.
12
مارەیی و دیارییەکان هەرچەند بێت، ئەوەی داوای بکەن دەیدەم. تەنها کچەکەم بدەنێ با ببێتە ژنم.»
13
کوڕانی یاقوب بە فێڵبازی وەڵامی شەخەم و حەمۆری باوکیان دایەوە و قسەیان کرد، چونکە داوێنی دینەی خوشکیان پیسکرابوو.
14
پێیان گوتن: «ئێمە ناتوانین کاری وا بکەین، خوشکەکەی خۆمان بدەینە پیاوێکی خەتەنەنەکراو، چونکە بۆ ئێمە ڕیسواییە.
15
تەنها بەم مەرجە لەگەڵتان ڕێک دەکەوین: دەبێت وەک ئێمەتان لێبێت، ئەوەش بە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانتان.
16
ئیتر کچی خۆمان دەدەینە ئێوە و کچی ئێوەش دەبەین. لەنێویشتان نیشتەجێ دەبین و پێکەوە دەبینە یەک گەل.
17
بەڵام ئەگەر ئێوە بە قسەتان نەکردین و خۆتان خەتەنە نەکرد، ئەوا کچەکەی خۆمان دەبەین و دەڕۆین.»
18
قسەکانیان جێگەی پەسەندی حەمۆر و شەخەمی کوڕی بوو.
19
کوڕە لاوەکە کە لە ماڵی باوکی لە هەمووان ڕێزدارتر بوو، لە ئەنجامدانی کارەکە دوا نەکەوت، چونکە کچەکەی یاقوبی خۆشدەویست.
20
ئیتر حەمۆر و شەخەمی کوڕی هاتنە بەر دەروازەی شارەکەیان و قسەیان بۆ خەڵکی شارەکەی خۆیان کرد و گوتیان:
21
«ئەم پیاوانە ئاشتیخوازن لەگەڵمان، با لە خاکەکەمان نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، زەوییەکی پانوبەرین لەبەردەمیانە. کچیان ببنە ژنمان و کچی خۆمانیان دەدەینێ.
22
بەڵام ئەم پیاوانە تەنها بەو مەرجە لەگەڵمان ڕێک دەکەون کە لەناومان نیشتەجێ بن و وەکو یەک گەل پێکەوە بژین، ئەگەر بێتو هەموو نێرینەکانمان خەتەنە بکرێن، هەروەک چۆن خۆیان خەتەنە کراون.
23
ئایا ئەگەر لەگەڵیان ڕێک بکەوین و لەنێومان نیشتەجێ بن، ماڵ و سامان و هەموو ئاژەڵ و ماڵاتەکانیان نابن بە هی ئێمە؟»
24
هەموو ئەوانەی لە دەروازەی شارەکەی هاتنە دەرەوە بە گوێی حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کرد. ئیتر هەموو نێرینەیەک لە شارەکە خەتەنە کرا.
25
لە ڕۆژی سێیەمدا، لە کاتێکدا ئەوان هێشتا ئازاریان مابوو، هەردوو کوڕەکەی یاقوب، شیمۆن و لێڤی، دوو براکەی دینە، دەستیان دایە شمشێرەکانیان و بە نهێنی هێرشیان کردە سەر شارەکە و هەرچی نێرینە هەبوو، کوشتیان.
26
بە شمشێرەکەیان حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کوشت. دینەی خوشکیشیان لە ماڵی شەخەم هەڵگرت و ڕۆیشتن.
27
ئیتر کوڕانی یاقوب هاتنە سەر کوژراوەکان و شارەکەیان تاڵان کرد، چونکە داوێنی خوشکەکەیانیان پیس کردبوو.
28
هەرچی مەڕ و مانگا و گوێدرێژیان هەبوو لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لە شار و دەشتودەر هەیانبوو، هەموویان برد.
29
هەرچی سامانیان هەبوو بە تاڵان بردیان، تێکڕای ژن و منداڵیان ڕاپێچ کرد، هەرچیش لە ماڵەکان بوو بردیان.
30
ئینجا یاقوب بە شیمۆن و لێڤی گوت: «ئێوە تووشی گۆبەندتان کردم بەوەی کە منتان لەلای کەنعانییەکان و پریزییەکان ناحەز کرد کە خەڵکی ئەم خاکەن. ئێمە ژمارەیەکی کەمین، ئەگەر گەلەکۆمەم لێ بکەن و لێم بدەن، خۆم و ماڵەکەم لەناودەچین.»
31
بەڵام ئەوان گوتیان: «ئەی دەبێت خوشکەکەمان وەک لەشفرۆشێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ؟»
  1. a. 34‏:7 ئیسرائیل: بۆ یەکەم جار ئەم ناوە نوێیە لە یاقوب نرا (بڕوانە 32‏:28*) دواجار گوێزرایەوە بۆ نەوەکانی یاقوب.‏