عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گەڕانەوەی یاقوب بۆ بێت‌ئێل 
1
ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە و بڕۆ بۆ بێت‌ئێل و لەوێ نیشتەجێ بە. هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت کاتێک کە لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»
2
ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانە لە خۆتان دابماڵن کە پێتانە، ئینجا خۆتان پاک بکەنەوە و جلەکانیشتان بگۆڕن.
3
با هەستین و بەرەو بێت‌ئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.»
4
ئەوانیش هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی کە پێیان بوو لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە.
5
ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.
6
یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێت‌ئێلە لە خاکی کەنعان.
7
لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناو نا ئێل بێت‌ئێل[a] ، چونکە لەو شوێنەدا و لە کاتی هەڵاتنی لەدەست براکەی، خودای بۆ دەرکەوت.
8
دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێت‌ئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت[b] .
9
کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد.
10
خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.
11
ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن.
12
ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.»
13
ئیتر خودا لەو شوێنە بەرزبووەوە کە قسەی لەگەڵ یاقوب کرد.
14
یاقوبیش ستوونێکی بەردینی لەو شوێنە ڕاگیر کرد کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ئینجا شەرابی پێشکەشکراو و زەیتی بەسەردا کرد.
15
یاقوب ئەو شوێنەی ناو نا بێت‌ئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد.
مردنی ڕاحێل و ئیسحاق 
16
ئینجا هەموویان لە بێت‌ئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار.
17
لەبەر ئەوەی منداڵبوونەکەی دژوار بوو، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەم منداڵەشت کوڕە.»
18
ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناو نا بەن‌ئۆنی[c] . بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین[d] .
19
ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێت‌لەحمە.
20
یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.
21
ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا.
22
کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی سەرجێیی کرد. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە.
یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:
23
کوڕەکانی لێئە:
ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب.
شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون.
24
کوڕەکانی ڕاحێل:
یوسف و بنیامین
25
کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل:
دان و نەفتالی.
26
کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە:
گاد و ئاشێر.
ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.
27
یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، ئەو شوێنەی کە ئیبراهیم و ئیسحاق تێیدا ئاوارە بوون.
28
ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ ژیا.
29
ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. عیسۆ و یاقوبی کوڕی ناشتیان.
  1. a. 35‏:7 q ئێل بێت‌ئێل واتا خودای بێت‌ئێل.‏
  2. b. 35‏:8 q ئەلۆن باکوت بە واتای دار بەڕووی شیوەن و گریان دێت.‏
  3. c. 35‏:18 بەن‌ئۆنی: واتا کوڕی ناخۆشیم.‏
  4. d. 35‏:18 بنیامین: واتا کوڕی دەستەڕاستم.‏