عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - خەونەکانی یوسف
 - 1
 - یاقوب لە خاکی ئاوارەیی باوکی، لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو.
 - 2
 - ئەمە چیرۆکی نەوەکانی یاقوبە.
یوسف کە هەرزەکارێکی تەمەن حەڤدە ساڵان بوو، لەگەڵ براکانی کە دەکاتە کوڕەکانی بیلهە و زیلپەی دوو ژنەکەی باوکی، شوانایەتی مەڕەکانی دەکرد. یوسف هەڵسوکەوتە خراپەکانی ئەمانی بە باوکی ڕاگەیاند. - 3
 - ئیسرائیلیش یوسفی لە هەموو کوڕەکانی دیکەی خۆشتر دەویست، چونکە ئەو منداڵەی لە پیریدا ببوو، کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگیشی بۆ دروستکرد.
 - 4
 - کە براکانی بینییان باوکیان ئەوی لە هەموویان خۆشتر دەوێت، ڕقیان لێی دەبووەوە و سڵاویان لێی نەدەکرد.
 - 5
 - یوسف خەونێکی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، ئیتر زیاتر ڕقیان لێی بووەوە.
 - 6
 - پێی گوتن: «گوێ لەم خەونە بگرن کە بینیومە:
 - 7
 - لە خەونەکەم لەناو کێڵگە خەریکی مەڵۆ[a]  کۆکردنەوە بووین، لەناکاو مەڵۆیەکەی من ڕاست بووەوە و وەستا، مەڵۆیەکانی ئێوەش دەوریان دا و کڕنۆشیان بۆ برد.»
 - 8
 - براکانی پێیان گوت: «ئایا حەز دەکەیت ببیتە پاشامان؟ ئایا فەرمانڕەوایەتیمان دەکەیت؟» ئیتر لەبەر قسە و خەونەکانی، زیاتر ڕقیان لێ بووەوە.
 - 9
 - ئینجا خەونێکی دیکەی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە و گوتی: «گوێ بگرن، خەونێکی دیکەم بینیوە، بینیم خۆر و مانگ و یازدە ئەستێرە کڕنۆشیان بۆم بردووە.»
 - 10
 - کە ئەمەی بۆ باوکی و براکانی گێڕایەوە، باوکی سەرزەنشتی کرد و پێی گوت: «ئەمە چ خەونێکە کە تۆ بینیوتە؟ ئایا من و دایکت و براکانت بێین و کڕنۆشت بۆ ببەین؟»
 - 11
 - براکانیشی بەغیلییان پێ برد، بەڵام باوکی ئەم شتەی لە دڵی خۆیدا هێشتەوە.
 - فرۆشتنی یوسف لەلایەن براکانییەوە
 - 12
 - براکانی یوسف بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکیان، چوون بۆ دەوروبەری شەخەم.
 - 13
 - ئیسرائیلیش بە یوسفی گوت: «تۆ دەزانیت کە براکانت لە دەوروبەری شەخەم خەریکی لەوەڕاندنن. وەرە با بتنێرمە لایان.»
ئەویش گوتی: «باشە.» - 14
 - ئینجا پێی گوت: «بڕۆ و بزانە براکانت سەلامەتن و مەڕەکانیش سەلامەتن، ئینجا وەرەوە و هەواڵم بدەرێ.» ئیتر یوسفی لە دۆڵی حەبرۆنەوە نارد.
کە یوسف چوو بۆ شەخەم، - 15
 - پیاوێک بینییەوە و بینی وا لە چۆڵەوانی ون بووە، پرسیاری لێکرد: «ئەوە بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟»
 - 16
 - ئەویش گوتی: «بەدوای براکانمدا دەگەڕێم. پێم بڵێ لەکوێ خەریکی لەوەڕاندنی مەڕەکانن؟»
 - 17
 - پیاوەکەش گوتی: «لێرە ڕۆیشتن، چونکە گوێم لێیان بوو گوتیان: ”با بچینە دوسان[b] .“»
یوسفیش بەدوای براکانیدا چوو، ئەوانی لە دوسان بینییەوە. - 18
 - بەڵام لە دوورەوە بینییان و پێش ئەوەی لێیان نزیک بێتەوە، پیلانیان بۆی دانا بۆ ئەوەی بیکوژن.
 - 19
 - ئیتر بە یەکتریان گوت: «وا خاوەنی خەونەکان دێت!
 - 20
 - دەی با ئێستا بیکوژین و فڕێیبدەینە یەکێک لەم ئەمباراوانە و دەڵێین گیاندارێکی دڕندە خواردی. ئینجا با ببینین خەونەکانی چییان لێدێت.»
 - 21
 - کە ڕەئوبێن گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا لە دەستیان ڕزگاری بکات. بۆیە گوتی: «با نەیکوژین!»
 - 22
 - ئینجا ڕەئوبێن پێی گوتن: «خوێن مەڕێژن. فڕێیبدەنە ناو ئەم ئەمباراوە کە لە چۆڵەوانییە بەڵام دەستی لێ مەدەن.» ڕەئوبێن ئەمەی گوت بۆ ئەوەی لە دەستیان فریای بکەوێت و بیگەڕێنێتەوە لای باوکی.
 - 23
 - ئیتر کە یوسف هاتە لای براکانی، کەوا درێژە ڕەنگینەکەیان لەبەری دادڕاند،
 - 24
 - ئینجا بردیان و فڕێیاندایە ناو ئەمباراوەکە، کە بەتاڵ بوو و ئاوی تێدا نەبوو.
 - 25
 - دوای ئەوەی کە دانیشتن بۆ نانخواردن، چاویان هەڵبڕی و بینییان وا کاروانی ئیسماعیلییەکان لە گلعادەوە دێت، کە وشترەکانیان باری بەهارات و هەتووان[c]  و موڕیان[d]  پێیە و بەرەو میسر دەڕۆن.
 - 26
 - ئینجا یەهودا بە براکانی گوت: «چ سوودێکی هەیە براکەی خۆمان بکوژین و خوێنەکەی بشارینەوە؟
 - 27
 - وەرن با بە ئیسماعیلییەکانی بفرۆشین و دەستی لێ نەدەین، چونکە برامانە و لە گۆشت و خوێنمانە.» براکانیشی بە قسەیان کرد.
 - 28
 - کاتێک بازرگانە میدیانییەکان گەیشتن، براکانی یوسفیان لە ئەمباراوەکە هێنایە دەرەوە و بە بیست شاقل زیو[e]  بە ئیسماعیلییەکانیان فرۆشت. ئەوانیش یوسفیان بۆ میسر برد.
 - 29
 - ئینجا ڕەئوبێن گەڕایەوە لای ئەمباراوەکە و سەیری کرد یوسف لە ئەمباراوەکە نەبوو، ئیتر جلەکانی بەری خۆی دادڕی.
 - 30
 - گەڕایەوە لای براکانی و گوتی: «کوڕەکە لەوێ نەماوە! من بۆ کوێ بچم؟»
 - 31
 - ئەوانیش گیسکێکیان سەربڕی و کەواکەی یوسفیان هێنا و لە خوێنیان هەڵکێشا.
 - 32
 - ئینجا کەوا ڕەنگینەکەیان بۆ باوکیان هێنایەوە و گوتیان: «ئەمەمان دۆزیوەتەوە، لێی وردبەرەوە و بزانە کەوای کوڕەکەتە یان نا؟»
 - 33
 - ئەویش لێی ورد بووەوە و گوتی: «کەوای کوڕەکەمە! گیاندارێکی دڕندە خواردوویەتی، یوسفی پارچەپارچە کردووە.»
 - 34
 - ئیتر یاقوب جلەکانی بەری خۆی دادڕی و جلوبەرگی گوشی[f] پۆشی و ماوەیەکی زۆر شیوەنی بۆ کوڕەکەی گێڕا.
 - 35
 - ئینجا هەموو کوڕ و کچەکانی هەستان چوونە لای بۆ دڵدانەوەی، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە دڵی بدرێتەوە و گوتی: «بە لاواندنەوە دادەبەزمە لای کوڕەکەم بۆ ناو جیهانی مردووان[g] .» ئیتر باوکی دایە پڕمەی گریان بۆی.
 - 36
 - هەر لەو ماوەیەدا میدیانییەکان لە میسر یوسفیان فرۆشت بە پۆتیفەر، کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکان بوو.
 
- a. 37:7 پڕی باوەشێک لە دەغڵی دووراو.
 - b. 37:17 دوسان: شارۆچکەیەک بووە لە باکووری شەخەم.
 - c. 37:25 هەتووان: مەرهەم و ئازارشکێن.
 - d. 37:25 موڕ: ئاوێکی بۆن خۆشە لە گەڵای جۆرە گوڵێک دەردەچێت.
 - e. 37:28 نزیکەی 230 گرام.
 - f. 37:34 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.
 - g. 37:35 عیبری: \+tl شیۆل\+tl*، ئەو شوێنەیە کە لەدوای مردن ڕۆحی مرۆڤ دەچێتە ئەوێ هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە.
 

