عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - یەهودا و تامار
 - 1
 - یەهودا لەو سەردەمەدا براکانی بەجێهێشت و چوو بۆ لای پیاوێکی عەدولامی کە ناوی حیرە بوو.
 - 2
 - لەوێ یەهودا چاوی بە کچی پیاوێکی کەنعانی کەوت بە ناوی شوەع. ئیتر ئەو کچەی خواست و لەگەڵی نوست.
 - 3
 - ئەویش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئێر.
 - 4
 - جارێکی دیکە سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا ئۆنان.
 - 5
 - دیسان سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا شالەح. کاتێک یەهودا لە کەزیب[a]  بوو، ئەم کوڕەی بوو.
 - 6
 - یەهودا ژنێکی بۆ ئێری کوڕە نۆبەرەی خۆی هێنا، ناوی تامار بوو.
 - 7
 - بەڵام ئێری کوڕە نۆبەرەی یەهودا لەبەردەم یەزدان بەدکار بوو، یەزدانیش لەناوی برد.
 - 8
 - ئینجا یەهودا بە ئۆنانی گوت: «ژنی براکەت بخوازەوە و سەرجێیی لەگەڵ بکە، بە ئەرکی برایەتی هەستە و نەوە بۆ براکەت بخەرەوە.»
 - 9
 - بەڵام ئۆنان دەیزانی کە منداڵەکە نابێتە هی خۆی، بۆیە هەر کاتێک سەرجێیی لەگەڵ ژنی براکەی دەکرد، تۆوەکەی خۆی دەڕژاندە سەر زەوی، بۆ ئەوەی نەوە بۆ براکەی نەخاتەوە.
 - 10
 - ئەم کردارەی ئەو بەلای یەزدانەوە کارێکی خراپ بوو، ئیتر ئەویشی مراند.
 - 11
 - یەهودا بە تاماری بووکی خۆی گوت: «لە ماڵی باوکت بە بێوەژنی دابنیشە، هەتا شالەحی کوڕم گەورە دەبێت.» لەبەر ئەوەی بیری کردەوە و گوتی: «نەوەک ئەمیشیان وەک دوو براکەی بمرێت.» تاماریش چوو لە ماڵی باوکی دانیشت.
 - 12
 - دوای ماوەیەکی زۆر کچەکەی شوەع کە ژنی یەهودا بوو مرد. پاش ئەوەی خەم و پەژارەیی لە دڵی یەهودا ڕەوییەوە، لەگەڵ حیرەی عەدولامی چوو بۆ تیمنا، بۆ لای ئەوانەی خوری مەڕەکانیان بۆ دەبڕییەوە.
 - 13
 - کاتێک بە تاماریان ڕاگەیاند: «وا خەزوورت هاتووە بۆ تیمنا، بۆ بڕینەوەی خوری مەڕەکانی،»
 - 14
 - ئەویش جلوبەرگی بێوەژنیی داکەند و ڕووی خۆی داپۆشی و خۆی پێچایەوە. پاشان لەبەر دەروازەی عێینەیم دانیشت، کە لەسەر ڕێگای تیمنایە، چونکە بینی وا شالەح گەورە بووە، کەچی ئەمیان نەدایێ ببێتە ژنی.
 - 15
 - کە یەهودا تاماری بینی، وایزانی لەشفرۆشە، چونکە ڕووی خۆی داپۆشیبوو.
 - 16
 - ئیتر لەسەر ڕێگاکە لایدا بەلای ئەودا و پێی گوت: «وەرە با سەرجێییت لەگەڵ بکەم،» چونکە نەیزانی ئەوە بووکەکەیەتی.
ئەویش پێی گوت: «چیم پێدەدەیت بۆ ئەوەی سەرجێییم لەگەڵ بکەیت؟» - 17
 - ئەویش گوتی: «لە ماڵاتەکەم گیسکێکت بۆ دەنێرم.»
ئەمیش گوتی: «ئەی شتێکم وەک بارمتە دەدەیتێ هەتا دەینێریت؟» - 18
 - ئەویش گوتی: «چ بارمتەیەکت بدەمێ؟»
ئەمیش گوتی: «مۆر و قەیتان و گۆچانەکەی دەستت.» ئەویش ئەمانەی دایێ و سەرجێیی لەگەڵی کرد، ئیتر سکی لێی پڕبوو. - 19
 - ئینجا هەستا و ڕۆیشت، ڕووپۆشەکەی لە خۆی کردەوە و جلوبەرگی بێوەژنی لەبەرکردەوە.
 - 20
 - هەر لەو ماوەیەدا یەهودا گیسکەکەی بە هاوڕێ عەدولامییەکەیدا نارد بۆ ئەوەی بارمتەکە لە دەست ژنەکە وەربگرێتەوە. بەڵام ئەو نەیبینییەوە.
 - 21
 - ئیتر پرسیاری لە خەڵکی ئەو ناوە کرد و گوتی: «ئەرێ ئەو ئافرەتە لەشفرۆشەی[b]  لە نزرگە لە کەناری ڕێی عێینەیم بوو لەکوێیە؟»
ئەوانیش گوتیان: «ئەم ناوە هیچ ئافرەتێکی لەشفرۆشی لێ نەبووە.» - 22
 - ئەویش گەڕایەوە لای یەهودا و پێی گوت: «نەمبینییەوە. خەڵکەکەی ئەو ناوەش گوتیان: ”هیچ ئافرەتی لەشفرۆش لەو ناوەدا نییە.“»
 - 23
 - یەهوداش گوتی: «با بۆ خۆی هەڵیانبگرێت نەوەک ڕیسوا بین. ئەوەتا ئەم گیسکەم بۆ ناردووە، بەڵام تۆ ئەوت نەبینییەوە.»
 - 24
 - نزیکەی سێ مانگ دوای ئەوە بە یەهودا ڕاگەیەنرا و گوترا: «تاماری بووکت لەشفرۆشی کردووە، بەهۆی ئەو لەشفرۆشییەوە سکیشی پڕە.»
یەهوداش گوتی: «بیهێننە دەرەوە بۆ ئەوەی بسووتێنرێت!» - 25
 - ئەوە بوو کە هێنرایە دەرەوە، ناردییە لای خەزووری و گوتی: «سکم لەو پیاوە پڕە کە خاوەنی ئەمانەیە.» هەروەها گوتی: «وردبەرەوە و بزانە ئەم مۆر و قەیتان و گۆچانە هی کێیە؟»
 - 26
 - یەهوداش ئەوانی ناسییەوە و گوتی: «ئەو لە من ڕاستودروستترە، لەبەر ئەوەی نەمداوە بە شالەحی کوڕم.» دوای ئەمە ئیتر سەرجێیی لەگەڵی نەکردەوە.
 - 27
 - کە هاتە سەر منداڵبوون، دووانەیەک[c] لە سکی بوو.
 - 28
 - لە کاتی منداڵبوونی یەکێکیان دەستی هێنایە دەرەوە، مامانەکەش دەزووێکی سووری لە دەستی بەست و گوتی: «ئەمەیان یەکەم جار هاتە دەرەوە.»
 - 29
 - بەڵام کە دەستی کێشایەوە دواوە، براکەی هاتە دەرەوە، مامانەکەش گوتی: «ئەوە بۆ هەڵتکوتا، دەک هەڵبکوترێتە سەرت!» ئەمەیان ناونرا پێرێز[d] .
 - 30
 - لەدوای براکەی، کە دەزووە سوورەکە بە دەستییەوە بوو، هاتە دەرەوە. ئەمەشیان ناونرا زەرەح[e] .
 
- a. 38:5 کەزیب: شارۆچکەیەک بووە 5 کیلۆمەتر باشووری عەدولام.
 - b. 38:21 بەپێی باوەڕی ئایینی کەنعانی بۆ بەردارکردنی کێڵگە لەگەڵ لەشفرۆشی نزرگە جووت دەبوون. هەندێک لە نەوەی ئیسرائیل ئەم باوەڕەی کەنعانییەکانیان پەیڕەو کردووە. بڕوانە دواوتار 23:17-18.
 - c. 38:27 جمک
 - d. 38:29 پێرێز: واتا هەڵکوتان.
 - e. 38:30 زەرەح: واتا سوورە یان بریقەدار.
 

