عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - خۆدەرخستنی یوسف
 - 1
 - ئیتر یوسف نەیتوانی خۆی ڕابگرێت لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون، هاواری کرد: «هەمووان لەلام بڕۆنە دەرەوە!» ئیتر کەسی لێ نەمابوو کاتێک خۆی بە براکانی ناساند.
 - 2
 - بە دەنگێکی وا بەرز گریا کە میسرییەکان گوێیان لێبوو، ماڵی فیرعەونیش ئەمەی بیست.
 - 3
 - یوسف بە براکانی گوت: «من یوسفم. ئایا باوکم هێشتا ماوە؟»
بەڵام براکانی نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، چونکە لە یوسف تۆقیبوون. - 4
 - ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «لێم وەرنە پێشەوە.» ئەوانیش هاتنە پێشەوە، ئەمیش گوتی: «من یوسفی براتانم کە بە میسرتان فرۆشت.
 - 5
 - ئێستاش نە نیگەران بن و نە لۆمەی خۆتان بکەن کە منتان بە ئێرە فرۆشتووە، چونکە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی بوو کە خودا منی پێش ئێوە نارد.
 - 6
 - ئەمە دوو ساڵە لە خاکەکە قاتوقڕی هەیە، بۆ پێنج ساڵی دیکەش نە کێڵان دەبێت و نە دروێنە.
 - 7
 - بەڵام خودا منی پێش ئێوە نارد بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژتان لە زەوی، بۆ ژیان بۆتان، بۆ دەربازبوونێکی مەزن.
 - 8
 - «ئێستاش ئێوە نین کە منتان بۆ ئێرە نارد، بەڵکو خودایە منی کردووەتە باوک بۆ فیرعەون و گەورەی هەموو ماڵەکەی و فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسر.
 - 9
 - پەلە بکەن و بڕۆنە لای باوکم و پێی بڵێن: ”یوسفی کوڕت دەڵێت خودا منی کردووە بە گەورەی هەموو میسر. بەرەو خوار وەرە بۆ لام و ڕامەوەستە.
 - 10
 - لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ دەبیت و لە من نزیک دەبیت، خۆت و کوڕەکانت و کوڕی کوڕەکانت و ڕانە مەڕەکەت و گاگەلەکەت و هەرچییەکت هەیە.
 - 11
 - لەوێ خۆم بەخێوت دەکەم، چونکە قاتوقڕییەکە هێشتا پێنج ساڵی ماوە. ئەگینا خۆت و ماڵەکەت و هەرچیشت هەیە هەژار دەبن.“
 - 12
 - «وا بە چاوی خۆتان دەبینن و بنیامینی براشم دەمبینێت کە بەڕاستی ئەوە منم قسەتان لەگەڵ دەکەم.
 - 13
 - بە باوکم ڕابگەیەنن کە من لە میسر خاوەنی چ شکۆ و دەسەڵاتێکم، هەروەها باسی هەموو ئەو شتانەشی بۆ بکەن کە بینیوتانە. بە پەلەش باوکم بۆ ئێرە بهێنن.»
 - 14
 - ئینجا باوەشی بە بنیامیندا کرد و گریا. بنیامینیش ئەوی لە ئامێز گرت و گریا.
 - 15
 - ئینجا هەموو براکانی ماچکرد و لەگەڵیان گریا. لەدوای ئەوە براکانی قسەیان لەگەڵی کرد.
 - 16
 - کاتێک ماڵی فیرعەون هەواڵی هاتنی براکانی یوسفیان بیست، فیرعەون و دەستوپێوەندەکەی دڵخۆش بوون.
 - 17
 - فیرعەون بە یوسفی گوت: «بە براکانت بڵێ: ”ئەمە بکەن: وڵاخەکانتان بار بکەن و بڕۆن بۆ خاکی کەنعان.
 - 18
 - باوکتان و خانەوادەکانتان هەڵبگرن و وەرن بۆ لای من. منیش باشترین خاکی میسرتان دەدەمێ و دەتوانن لە پیت و فەڕی زەوییەکە بخۆن.“
 - 19
 - «هەروەها فەرمانت پێکراوە کە پێیان بڵێی، ”ئەمە بکەن: لە خاکی میسرەوە عەرەبانە ببەن بۆ ژن و منداڵەکانتان، باوکیشتان سەربخەن و وەرن.
 - 20
 - با چاویشتان لەدوای کەلوپەلەکانتان نەبێت، چونکە چاکی هەموو خاکی میسر بۆ ئێوە دەبێت.“»
 - 21
 - کوڕەکانی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد. یوسفیش لەسەر فەرمانی فیرعەون، عەرەبانەی پێ دان، هەروەها ئازووقەشی بۆ ڕێگا پێ دان.
 - 22
 - قاتێک جلی بە هەریەکەیان دا، بەڵام سێ سەد شاقل زیو[a] و پێنج قات جلی بە بنیامین دا.
 - 23
 - ئەمانەشی بۆ باوکی نارد: دە گوێدرێژی بارکراو لە خێروبێری میسر، لەگەڵ دە ماکەری بارکراو لە گەنم و نان و خۆراک بۆ گەشتەکەی باوکی.
 - 24
 - ئینجا براکانی بەڕێ کرد و پێش ڕۆیشتنیان پێی گوتن: «لە ڕێگا بەگژ یەکدا مەچن!»
 - 25
 - ئەوانیش لە میسرەوە چوون و هاتنەوە خاکی کەنعان بۆ لای یاقوبی باوکیان.
 - 26
 - پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «یوسف هێشتا زیندووە، خۆی فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسرە!» یاقوبیش بوورایەوە، چونکە بڕوای پێ نەکردن.
 - 27
 - بەڵام کاتێک هەموو ئەو قسانەی یوسفیان پێ گوت کە پێی گوتبوون، هەروەها چاویشی بەو عەرەبانانە کەوت کە یوسف ناردبوونی بۆ ئەوەی بیهێننە میسر، ڕۆحی یاقوبی باوکیان ژیایەوە.
 - 28
 - ئیسرائیل گوتی: «بەسە! یوسفی کوڕم هێشتا ماوە، دەچم و پێش ئەوەی بمرم دەیبینم.»
 
- a. 45:22 نزیکەی 5,3 کیلۆگرام.
 

