عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خودا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنێت 
1
کاتێک مرۆڤەکان لەسەر زەوی دەستیان بە زۆربوون کرد و کچیان بوو،
2
کوڕانی خودا[a] بینییان کچانی مرۆڤ جوانن. جا لە هەموو ئەوانەی هەڵیانبژاردن ژنیان هێنا.
3
ئینجا یەزدان فەرمووی: «ڕۆحی من هەتاسەر ململانێ لەگەڵ مرۆڤ ناکات، چونکە مەرگدارن؛ ڕۆژانی ژیانیان دەبێتە سەد و بیست ساڵ.»
4
لەو ڕۆژانەدا لەسەر زەوی نەفیلیم[b] هەبوون. لەدوای ئەوەی کوڕانی خودا چوونە لای کچانی مرۆڤ منداڵیان لێیان بوو، منداڵەکان بوونە ئەو پاڵەوانانەی کە لە کۆنەوە ناوبانگیان هەیە.
5
یەزدان بینی کە خراپەکاری مرۆڤ لەسەر زەوی زۆر بووە، هەروەها هەموو بیروبۆچوونەکانی دڵیشی بە درێژایی ڕۆژ تەنها لەلای خراپەیە.
6
یەزدان خەفەتبار بوو کە مرۆڤی لەسەر زەوی دروستکردبوو، هەروەها دڵگرانیش بوو.
7
ئیتر یەزدان فەرمووی: «مرۆڤ دەسڕمەوە، ئەوەی لەسەر ڕووی زەوی دروستم کرد، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەری خشۆک و باڵندەی ئاسمان، چونکە خەفەت دەخۆم لەوانەی کە دروستم کردوون.»
8
بەڵام نوح لەبەرچاوی یەزدان ڕەزامەندی بەدەستهێنابوو.
9
ئەمانەش نەوەکانی نوحن.
نوح پیاوچاک و بێ کەموکوڕی نێو خەڵکانی سەردەمی خۆی بوو، دۆستی خودا بوو.
10
نوح سێ کوڕی بوو: سام و حام و یافەت.
11
زەویش لەبەردەم خودا گەندەڵ بوو و پڕیش بوو لە توندوتیژی.
12
خودا بینی زەوی چەند گەندەڵ بووە، چونکە هەموو مرۆڤێک ژیانی خۆی لەسەر زەوی گەندەڵ کردبوو.
13
ئیتر خودا بە نوحی فەرموو: «من کۆتایی بە بوونی هەموو ئادەمیزاد دەهێنم، چونکە بەهۆی ئەوانەوە زەوی پڕ بووە لە توندوتیژی. وا لەگەڵ زەوی لەناویان دەبەم.
14
کەشتییەک بۆ خۆت لە تەختەی دار سەروو دروستبکە و بیکە بە لانە و بە قیر دیوی ناوەوە و دەرەوەی سواخ بدە.
15
بەم شێوەیەش دروستی بکە: درێژییەکەی سێ سەد باڵ و پانییەکەی پەنجا باڵ و بەرزییەکەی سی باڵ بێت.[c]
16
لە بەشی سەرەوەی کەشتییەکە بە ئەندازەی باڵێک[d] بۆشایی بەجێ بهێڵە، ئینجا سەربانێکی بۆ دروست بکە. دەرگای کەشتییەکەش لەتەنیشتەوە دابنێ. با سێ نهۆم بێت، خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە.
17
من وا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو ژیانێک لەژێر ئاسمان، هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە. هەرچییەک لەسەر زەوییە لەناودەچێت.
18
بەڵام من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆ دەچەسپێنم. تۆ دەچیتە ناو کەشتییەکەوە، خۆت و کوڕەکانت و ژنەکەت و بووکەکانیشت لەگەڵت.
19
لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، نێر و مێ، جووتێک لەگەڵ خۆت دەهێنیتە ناو کەشتییەکەوە، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی.
20
جووتێک لە هەموو جۆرەکانی باڵندە و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکانی زەوی دێنە لات، بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێننەوە.
21
تۆش بۆ خۆت لە هەموو جۆرە خواردنێکی گونجاو ببە و لەلای خۆت کۆی بکەرەوە، تاکو ببێتە خواردنی خۆت و ئەوان.»
22
جا نوح هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێ کردبوو، ئەنجامی دا.
  1. a. 6‏:2 q کوڕانی خودا مەبەست لە فریشتەکانە.
  2. b. 6‏:4 \+tl نەفیلیم‏\+tl* وشەیەکی عیبرییە، بە واتای مرۆڤی زەبەلاح دێت.‏
  3. c. 6‏:15 درێژی کەشتییەکە نزیکەی 140 مەتر، پانییەکەی 23 و بەرزییەکەی 14 مەتر بوو.‏
  4. d. 6‏:16 باڵێک: نزیکەی نێو مەتر.‏