عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
عیسا پایەبەرزترە لە موسا 
1
کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆکی کاهینانی دانپێدانانمانە.
2
ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو.
3
عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە.
4
لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک کەسێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە.
5
موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو.
6
بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا[a] دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین.
ئاگادارکردنەوە لە دژی بێباوەڕی 
7
لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ:
﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
8
دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا،
لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان.
9
لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە[b] ،
هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی.
10
لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم،
فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و
ڕێگای منیان نەناسی.»
11
بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»﴾[c]
12
خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە.
13
بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ ﴿ئەمڕۆ،﴾[d] تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت.
14
بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر هەتا کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە.
15
وەک چۆن گوتراوە:
﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.﴾[e]
16
جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟
17
خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟
18
خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟
19
هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕییان نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەکەی.
  1. a. 3‏:6 ماڵی خودا: مەبەست لەو پیرۆزگایەیە کە لە ئاسماندا هەیە. بڕوانە زەبوورەکان 20‏:6.‏‏
  2. b. 3‏:9 بڕوانە یاقوب 1‏:13‏،14‏.‏‏
  3. c. 3‏:11 زەبوورەکان 95‏:7‏-11‏.‏‏
  4. d. 3‏:13 زەبوورەکان 95‏:7.‏‏
  5. e. 3‏:15 زەبوورەکان 95‏:7‏،8‏.‏‏