عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - خودا لە ماوەی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا، دەربارەی یەهودا و ئۆرشەلیم ئەم بینینانەی بۆ ئیشایای کوڕی ئامۆچ ئاشکرا کرد.
 - نەتەوەیەکی یاخی
 - 2
 - ئەی ئاسمان گوێ بگرە و ئەی زەوی گوێ شل بکە،
چونکە یەزدان دەفەرموێت:
«چەند کوڕێکم گەورە کرد و پێم گەیاندن،
بەڵام ئەوان لێم یاخی بوون. - 3
 - گا خاوەنەکەی خۆی دەناسێت و
گوێدرێژیش ئاخوڕی خاوەنی خۆی،
بەڵام ئیسرائیل من ناناسێت،
گەلی من تێناگات.» - 4
 - قوڕبەسەر نەتەوەی گوناهبار،
بەسەر ئەو گەلەی تاوانی قورسە،
توخمی بەدکاران،
کوڕانی گەندەڵین!
وازیان لە یەزدان هێنا،
بە سووکییەوە تەماشای خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان کرد،
پشتیان لێی کرد. - 5
 - بۆچی دووبارە لێتان بدرێتەوە؟
بۆچی بەردەوامن لە یاخیبوونتان؟
تەواوی سەر نەخۆشە و
هەموو دڵ بیمارە. - 6
 - لە بنی پێ هەتا تەوقی سەر
کوا تەندروستی تێیدا؟
بەڵکو برین و شین و مۆر بوونەوەیە،
لێدانی تەڕ و تازە
کە نەگوشراوە و نەبەستراوە و
بە ڕۆن نەرم نەکراوە. - 7
 - خاکەکەتان وێرانە،
شارەکانتان سووتاوە،
لەبەرچاوتان زەوییەکەتان
بێگانەکان دەیخۆن،
وێرانە وەک ئەوەی بێگانە هەڵاوگێڕی کردبێت. - 8
 - سییۆنی کچ[a]  ماوەتەوە،
وەک کۆخ لەناو ڕەزەمێودا،
وەک کەپر لەناو بێستانی خەیاردا،
وەک شارێکی ئابڵوقەدراو. - 9
 - ئەگەر یەزدانی سوپاسالار
کەمێک دەربازبووی بۆ نەهێشتباینایەوە،
وەک سەدۆممان لێ دەهات،
لە عەمۆرا دەچووین. - 10
 - گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
ئەی فەرمانڕەوایانی سەدۆم!
گوێ شل بکەن بۆ فێرکردنەکانی خودامان،
ئەی گەلی عەمۆرا! - 11
 - یەزدان دەفەرموێت:
«بۆچیمە، زۆری قوربانییە سەربڕدراوەکانتان؟
تێربووم لە قوربانی سووتاندنی بەرانەکان و
لە چەوری دابەستەکان،
دڵخۆش نیم بە خوێنی جوانەگا[b] و بەرخ و تەگەکان[c] . - 12
 - کە دێن بۆ بینینی ڕووم،
کێ داوای ئەمەی لێکردوون،
کە پێ بنێنە ناو حەوشەکانم؟ - 13
 - چیتر پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بێ کەڵک مەهێنن!
بخوور قێزەونە بۆ من.
سەرەمانگ و شەممە و بانگەوازی کۆبوونەوە،
بەرگەی بۆنە ئایینییە خراپەکانتان ناگرم. - 14
 - سەرەمانگ و جەژنەکانتان
گیانم ڕقی لێیانە.
بوون بە بارگرانی بۆم،
لێیان بێزار بووم. - 15
 - کە لە کاتی نزاکردندا دەستتان پان دەکەنەوە،
چاوم لادەدەم لەسەرتان،
تەنانەت ئەگەر نوێژیش زۆر بکەن،
من گوێ ناگرم.
«دەستتان بە خوێن سوور بووە! - 16
 - «خۆتان بشۆن، پاک ببنەوە.
خراپەی کردەوەکانتان
لەبەرچاوم لاببەن!
وازبهێنن لە خراپەکاری، - 17
 - فێری چاکە بن!
بەدوای دادپەروەریدا بگەڕێن،
ستەملێکراوان هانبدەن.
دادوەری هەتیو بکەن،
پارێزەری بۆ بێوەژن بکەن.» - 18
 - یەزدان دەفەرموێت:
«ئێستا وەرن یەکلایی بکەینەوە.
ئەگەر گوناهەکانتان سووری ئاڵ بێت،
وەک بەفر سپی دەبێتەوە؛
ئەگەر وەک قرمز سوور بێت،
وەک خوری لێدێت. - 19
 - ئەگەر قایل بن و گوێ بگرن،
خێروبێری خاکەکە دەخۆن. - 20
 - بەڵام ئەگەر قایل نەبن و یاخی بن،
بە شمشێر دەخورێن،»
چونکە دەمی یەزدان فەرمووی. - 21
 - «چۆن شارە دڵسۆزەکە
بوو بە لەشفرۆش!
پڕ دادوەری بوو،
ڕاستودروستی تێیدا دەمایەوە،
بەڵام ئێستا پیاوکوژان! - 22
 - زیوت بوو بە خڵت و
شەرابت ئاوی تێکراوە. - 23
 - میرەکانت یاخین و
دۆستی دزانن،
هەموو حەزیان لە بەرتیلە و
دوای پاداشت کەوتوون.
دادوەری بۆ هەتیو ناکەن،
سکاڵای بێوەژن ناگاتە لایان.» - 24
 - لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
توانادارەکەی ئیسرائیل، دەفەرموێت:
«ئای، من تووڕەییم بەسەر ناحەزانمدا دەڕێژم و
تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە. - 25
 - دژ بە تۆ دەستم درێژ دەکەم،
بە تەواوەتی خڵتەکەت پاک دەکەمەوە،
هەموو خڵت و پیسییەکەت لێ دەکەمەوە. - 26
 - ڕابەرانت دەگەڕێنمەوە وەک یەکەم جار و
ڕاوێژکارانت وەک لە سەرەتا.
پاش ئەمە پێت دەگوترێت
”شاری ڕاستودروستی“،
”شاری دڵسۆز“.» - 27
 - بە دادپەروەری سییۆن دەکڕدرێتەوە،
تۆبەکارەکانیشی بە ڕاستودروستی. - 28
 - بەڵام تێکشکانی یاخیبووان و گوناهباران پێکەوە دەبێت،
وازهێنەران لە یەزدانیش دەفەوتێن. - 29
 - «شەرمەزار دەبن بەو دار بەڕووانەی
ئارەزووتان کرد،
تەریق دەبنەوە بەو باخچانەی
هەڵتانبژارد. - 30
 - وەک دار بەڕووێکتان لێدێت کە گەڵاکانی وەریبێت و
وەک باخچەیەک ئاوی نەبێت. - 31
 - مرۆڤی بەهێز دەبێت بە پەڕۆ و
ئیشوکارەکەشی بە پریشکی ئاگر،
جا هەردووکیان پێکەوە دەسووتێن و
کەس نابێت بیانکوژێنێتەوە.» 
- a. 1:8 مەبەست لە وڵاتی یەهودایە.
 - b. 1:11 لەو کاتەوەی کە گوێرەکەی نێر لە شیر دەبڕدرێتەوە پێی دەگوترێت نۆبەن یان جوانەگا.
 - c. 1:11 نێری، سابرێن.
 

