عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- قوڕبەسەر فەرزدانەرانی فەرزی بەدکاری و
 ئەوانەی فەرمانی ستەمکارانە دەردەکەن،
- 2
- بۆ ئەوەی دەست بنێن بە ڕووی هەژارانەوە لە دادوەری و
 مافی نەدارانی گەلەکەم بخۆن،
 بۆ ئەوەی بێوەژنان ببن بە دەستکەوتیان و
 هەتیوانیش تاڵان بکەن.
- 3
- لە ڕۆژی سزا چی دەکەن،
 کاتێک ماڵوێرانی لە دوورەوە دێت؟
 بۆ لای کێ هەڵدێن بۆ یارمەتی و
 گەنجینەتان لەکوێ بەجێدەهێڵن؟
- 4
- بێجگە لە چۆکدادان لەژێر دیل و
 کەوتن لەژێر کوژراوەکان.
 لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
 هێشتا دەستی درێژکردووە.
- حوکمی خودا بەسەر ئاشور
- 5
- «قوڕبەسەر ئاشور، داردەستی تووڕەییم،
 هەڵچوونم گۆچانە بە دەستیەوە.
- 6
- بۆ سەر نەتەوەیەکی خوانەناس دەینێرم،
 فەرمانی پێدەدەم بۆ سەر ئەو گەلەی تووڕەییم لێی دەجۆشێت،
 تاکو دەستکەوتی دەست بکەوێت و تاڵان بکات،
 هەتا بیکات بە پێشێلکراو وەک قوڕی کۆڵانان.
- 7
- بەڵام ئەو وا بیر ناکاتەوە،
 ئەو ئەمەی لە دڵدا نییە،
 چونکە ئامانجی ئەو وێرانکردنە،
 لەناوبردنی گەلانێکی زۆرە.
- 8
- دەڵێت: ”ئایا هەموو میرەکانم پاشا نین؟
- 9
- ئایا کەلنۆ وەک کەرکەمیش نییە؟
 یان حەمات وەک ئەرپاد؟
 یان سامیرە وەک دیمەشق؟
- 10
- وەک چۆن دەستم بە شانشینی بتەکان گەیشت و
 وێنەی بتەکانیان زۆرترن لەوانەی ئۆرشەلیم و لەوانەی سامیرە،
- 11
- ئایا وەک ئەوەی بە سامیرە و بە بتەکانی ئەوم کرد،
 وا بە ئۆرشەلیم و بە وێنەی بتەکانی ناکەم؟“»
- 12
- دوای ئەوەی پەروەردگار هەموو ئیش و کارەکەی لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم تەواو دەکات، دەڵێت: «سزای بەروبوومی بەفیزی دڵی پاشای ئاشور و شانازی لووتبەرزییەکەی دەدەم،
- 13
- چونکە دەڵێت:
 «”بە توانای دەستی خۆم کردم و
 بە داناییەکەم، چونکە تێگەیشتووم،
 سنووری گەلانم گواستەوە و
 گەنجینەکانی ئەوانم تاڵان کرد،
 وەک دلێرێک پاشاکانی ئەوانم ملکەچ کرد،
- 14
- دەستم گەیشتە سامانی گەلان،
 وەک چۆن دەست دەگاتە هێلانە؛
 وەک کۆکردنەوەی هێلکەی بەجێماو،
 هەموو زەویم کۆکردەوە،
 کەسیش نەبوو باڵی لێک بدات
 یان دەمی بکاتەوە و ورتەیەکی لێ بێت.“»
- 15
- تەور شانازی دەکات بەسەر ئەو کەسەی پێی دەبڕێتەوە،
 یان مشار خۆی بە زل دەزانێت بەسەر ئەو کەسەی دەیبات و دەیهێنێت؟
 وەک ئەوەی داردەست هەڵگرەکەی ڕاوەشێنێت
 وەک ئەوەی گۆچان ئەو کەسە بەرز بکاتەوە کە دار نییە.
- 16
- لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار
 لەڕی دەنێرێتە ناو پاڵەوانە بەهێزەکان،
 لەژێر شکۆمەندییەکەشی پشکۆیەک دادەگیرسێنێت
 وەک داگیرسانی ئاگر.
- 17
- ڕووناکی ئیسرائیل[a]  دەبێت بە ئاگر و
 پیرۆزەکەشی بە گڕ،
 دەیسووتێنێت و دەیخوات چقڵ و دڕکەکەی
 لە یەک ڕۆژدا.
- 18
- چڕی دارستان و باخەکانی بە تەواوی لەناودەبات،
 گیان و لەش پێکەوە
 وەک توانەوەی نەخۆش دەبێت.
- 19
- پاشماوەی داری دارستانەکانی ئەوەندە کەم دەبن
 منداڵێک دەتوانێت بیانژمێرێت.
- پاشماوەی ئیسرائیل
- 20
- لەو ڕۆژەدا، پاشماوەی ئیسرائیل و
 دەربازبووەکانی بنەماڵەی یاقوب،
 چیتر پشت نابەستن
 بەوانەی لێیان دەدەن،
 بەڵکو بەڕاستی بە یەزدان و
 بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل پشت دەبەستن.
- 21
- پاشماوە دەگەڕێتەوە، پاشماوەی یاقوب
 بۆ لای خودای توانادار.
- 22
- ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەلت بەقەد لمی دەریا بێت،
 تەنها پاشماوەی لێ دەگەڕێتەوە.
 بڕیاری قڕبوون دراوە،
 لافاوی ڕاستودروستییە.
- 23
- یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار
 بڕیاری وێرانکردنی هەموو خاکەکە جێبەجێ دەکات.
- 24
- بەڵام یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
 «ئەی گەلی من کە لە سییۆن دانیشتووی،
 لە ئاشور مەترسە
 کە بە داردەست لێت دەدات و
 گۆچانەکەی لێت بەرز دەکاتەوە لەسەر شێوازی میسرییەکان.
- 25
- بەم زووانە هەڵچوونم لەسەر ئێوە نامێنێت و
 تووڕەییم بۆ لەناوچوونی ئەوان دەبێت.»
- 26
- یەزدانی سوپاسالار بە قامچی لێی دەدات
 وەک لێدانەکەی میدیان لەلای تاشەبەردی عۆرێڤ و
 گۆچانەکەی بەسەر دەریاوەیە
 لەسەر شێوازی میسرییەکان بەرزی دەکاتەوە.
- 27
- جا لەو ڕۆژەدا،
 باری لەسەر شانت لادەچێت و
 نیری[b] لەسەر ملت،
 لەبەر قەڵەوبوونت نیر دەتەقێت.
- 28
- گەیشتە[c]  عەییات،
 لە میگرۆن پەڕییەوە،
 لە میخماس کەلوپەلەکانی خۆی دانا.
- 29
- ئەوان لە دەربەندەکە دەپەڕنەوە و دەڵێن:
 «گەڤەع شوێنی شەو مانەوەیە.»
 ڕامە داچڵەکی،
 گیڤعای شاول هەڵات.
- 30
- ئەی دانیشتووانی شاری گەلیم، بە دەنگی خۆتان بحیلێنن!
 ئەی لەیشا، گوێ بگرە!
 داماوە عەناتۆت.
- 31
- مەدمێنا ڕایکردووە،
 خەڵکی گێڤیم پەناگیر بوون.
- 32
- ئەمڕۆ لە نۆڤ دەوەستن،
 بە ڕاوەشاندنی دەست هەڕەشە دەکەن
 لە کێوەکەی شاری سییۆن،
 لە گردەکەی ئۆرشەلیم.
- 33
- ئەوەتا یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار
 بە هێزێکی تۆقێنەر لق دەبڕێتەوە.
 باڵا بەرزەکان دەبڕدرێنەوە،
 لووتبەرزەکان نزم دەکرێن.
- 34
- چڕی دارستانەکان بە تەور دەبڕێتەوە،
 لوبنانیش بەرامبەر بە خودای توانادار دەکەوێت.
- a. 10:17 نازناوە بۆ خودای ئیسرائیل.
- b. 10:27 مەبەستی لە بارگرانییە.
- c. 10:28 مەبەستی لە هاتنی سوپای ئاشورە بۆ شارۆچکەکانی باکووری یەهودا.

