عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - لقەکە لە بنەماڵەی یەسا
- 1
- چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت،
 لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.
- 2
- ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە،
 ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن،
 ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی،
 ڕۆحی زانین و لەخواترسی،
- 3
- بە لەخواترسی شادمان دەبێت.
 بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات،
 بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،
- 4
- بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و
 بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات.
 بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات،
 بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.
- 5
- ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و
 دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.
- 6
- گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت،
 پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە،
 گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و
 منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.
- 7
- مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن،
 بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە،
 شێر وەکو گا کا دەخوات.
- 8
- کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات،
 لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.
- 9
- خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم،
 چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان
 هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
- 10
- لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت.
- 11
- لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش[a] ، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.
- 12
- ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و
 دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە،
 پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە
 لە هەر چوار لای زەوییەوە.
- 13
- بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و
 هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە،
 ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و
 یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.
- 14
- پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و
 خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن.
 ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن،
 عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.
- 15
- یەزدان کەنداوی دەریای میسر
 تێکوپێک دەدات،
 بە بایە سووتێنەرەکەی
 دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا،
 لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە
 بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.
- 16
- دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی
 ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە
 وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو
 لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.
- a. 11:11 واتا ئەو ناوچەیە کە نزیکی سەرچاوەی ڕووباری نیل.

