عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - یەزدان بەزەیی بە یاقوبدا دێتەوە و
دیسان ئیسرائیل هەڵدەبژێرێتەوە،
لە خاکەکەی خۆیان دەیانحەسێنێتەوە،
نامۆکان خۆیانی پێوە دەلکێنن و
دێنە پاڵ بنەماڵەی یاقوب. - 2
 - گەلان دەیانگرن و
دەیانبەن بۆ شوێنی خۆیان،
بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل دەستیان بەسەردا دەگرن و
دەیانکەن بە کۆیلە و کەنیزە لە خاکی یەزدان،
دەبنە ڕاپێچکەری ڕاپێچکەرانیان و
دەسەڵاتدار دەبن بەسەر ستەمکارانیاندا. - 3
 - ئەو ڕۆژەی یەزدان لە ناخۆشی و هەراسانی و ئەو کۆیلایەتییە سەختەی چێژتت دەتحەسێنێتەوە،
 - 4
 - ئەم پەندە بەسەر پاشای بابلدا هەڵدەدەیت و دەڵێیت:
زۆردار چۆن کۆتایی پێ هات!
خۆبەزلزانەکە چۆن کۆتایی هات! - 5
 - یەزدان گۆچانی بەدکارانی شکاند،
داردەستی فەرمانڕەواکان، - 6
 - ئەوانەی بە قینەوە لە گەلەکانیان دەدا،
لێدانێکی بێ بڕانەوە،
بە تووڕەییەوە دەسەڵاتیان لەسەر نەتەوەکان پەیڕەو دەکرد،
بێ بەزەیی دەیانچەوساندنەوە. - 7
 - هەموو زەوی حەسایەوە و دڵنیابوو
بە هوتاف لێدان دەنگیان هەڵبڕی. - 8
 - هەروەها دار سنەوبەر و ئورزی لوبنانیش
شادن بەوەی بەسەرت هاتووە و دەڵێن:
«لەو کاتەوەی تۆ ڕاکشایت
داربڕ نەهاتووەتە سەرمان.» - 9
 - جیهانی مردووان لە ژێرەوە دەوروژێنێت
بۆ پێشوازی لە هاتنت،
ڕۆحی مردووەکان بۆ تۆ هەڵدەستێنێت،
هەموو سەرکردەکانی جیهان،
لەسەر تەختەکانیان هەڵیاندەستێنێت،
هەموو پاشایانی نەتەوەکان. - 10
 - هەموو وەڵام دەدەنەوە و پێت دەڵێن:
«هەروەها تۆش وەک ئێمە لاواز بوویت،
وەک ئێمەت لێ هات.» - 11
 - مەزنیت شۆڕکرایەوە ناو جیهانی مردووان
بەدەم ئاوازی سازەکانت،
لە ژێرت مۆرانە ڕادەخرێت و
کرمیش دەبێتە لێفەت. - 12
 - چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە،
ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار،[a] کوڕی بەرەبەیان!
بەرەو زەوی بڕایتەوە،
ئەی بەزێنەری نەتەوەکان! - 13
 - تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت:
«سەردەکەوم بۆ ئاسمان،
لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە
تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە،
لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم،
لەسەر لووتکەی چافۆن. - 14
 - سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور،
خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.» - 15
 - بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە،
بەرەو قووڵایی بیری بێ بن. - 16
 - ئەوانەی دەتبینن تەماشات دەکەن،
لێت ورد دەبنەوە:
«ئایا ئەمە ئەو پیاوەیە کە زەوی لەرزاند،
شانشینەکانی هەژاند، - 17
 - ئەوەی جیهانی کردە چۆڵەوانی،
شارەکانی جیهانی تەفروتونا کرد،
ئەوەی دیلەکانی بەرەو ماڵی خۆیان بەڕەڵا نەکرد؟» - 18
 - هەموو پاشایانی نەتەوەکان بە ڕێزەوە ڕاکشان،
هەریەکە و لە ئارامگای خۆی. - 19
 - بەڵام تۆ لە گۆڕەکەتەوە تووڕ هەڵدەدرێیت
وەک چڵەدارێکی ڕەتکراوە.
دادەپۆشرێیت بە تەرمی کوژراوان
کە بە شمشێر لێیان دراوە،
شۆڕبووەوەکان بەرەو بەردەکانی بیری بێ بن.
وەک لاشەی پێشێلکراو، - 20
 - لە ناشتن لەگەڵیاندا یەک ناگریت،
چونکە خاکەکەی خۆتت کاول کرد،
گەلەکەی خۆتت کوشت.
با توخمی خراپەکاران
هەتاهەتایە ناویان نەیەت. - 21
 - سەربڕین بۆ کوڕەکانیان ئامادە بکەن
لەسەر تاوانی باوکانیان،
با هەڵنەستن بۆ ئەوەی زەوی داگیر بکەن و
ڕووی جیهان بە شار پڕ بکەنەوە. - 22
 - «هەڵدەستمە سەریان،»
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.
«لە بابل ناو و پاشماوە و
نەوە و وەچە ڕیشەکێش دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. - 23
 - «دەیکەم بە میراتی کوندەپەپوو و
گۆمی ئاو،
بە گسکی نەمان گسکی دەدەم،»
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت. - پلان لە دژی ئاشور
 - 24
 - یەزدانی سوپاسالار سوێندی خوارد و فەرمووی:
«بێگومان هەروەک ئەوەی دامڕشتووە ئاوا دەبێت،
وەک ئەوەی پلانم بۆ داناوە دێتە دی. - 25
 - ئاشور لە خاکەکەی خۆم دەشکێنم،
لەسەر چیاکانم پێشێلی دەکەم،
جا نیرەکەی لەسەریان لادەچێت و
بارگرانییەکەی لە کۆڵیان دەبێتەوە.» - 26
 - ئەمە ئەو پلانەیە کە بۆ هەموو جیهان داڕێژراوە و
ئەمە ئەو دەستەیە کە بۆ سەر هەموو نەتەوەکان درێژکراوە. - 27
 - یەزدانی سوپاسالار پلانی داناوە، کێ پووچی دەکاتەوە؟
دەستی ئەوە درێژکراوە، کێ دەیگێڕێتەوە؟ - سروشێک سەبارەت بە فەلەستییەکان
 - 28
 - لە ساڵی مردنی ئاحازی پاشادا ئەم سروشە هات:
 - 29
 - ئەی هەموو فەلەستییەکان شاد مەبن،
کە گۆچانی لێدەرەکەت شکا،
چونکە توولە مار لە ڕەگی مارەوە دەردەچێت و
بەرەکەی مارێکی سووتێنەری باڵدارە. - 30
 - هەژارترینی هەژاران بەخێو دەکرێن و
نەداران بە ئاسوودەیی پاڵ دەدەنەوە،
ڕەگی تۆش بە قاتوقڕی دەکوژم و
پاشماوەکەشت دەکوژرێت. - 31
 - ئەی دەروازە واوەیلا بکە! ئەی شار هاوار بکە!
ئەی فەلەستی سەراپات توایەوە!
چونکە دووکەڵ لە باکوورەوە دێت و
ناڕێکی لە ڕیزەکانی نابینرێت. - 32
 - چی وەڵامی نێردراوی نەتەوەکان دەدرێتەوە؟
«یەزدان سییۆنی دامەزراند و
لە ئەودا گەلە چەوسێنراوەکەی پەناگیر دەبن.» 
- a. 14:12 دەربڕینێکە نووسەر بە گاڵتەجاڕییەوە بە پاشای بابلی دەڵێت.
 

