عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
کێوی یەزدان 
1
ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:
2
لە ڕۆژانی کۆتاییدا،
کێوی پەرستگای یەزدان
لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.
3
زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:
«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
4
لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات،
ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات.
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
چیتر فێری جەنگ نابن.
5
ئەی بنەماڵەی یاقوب، وەرن،
با بە ڕووناکیی یەزداندا بڕۆین.
ڕۆژی یەزدان 
6
وازت لە گەلەکەی خۆت هێنا،
لە بنەماڵەی یاقوب،
پڕ بوون لە بیروبۆچوونەکانی ڕۆژهەڵات و
وەک فەلەستییەکان بەخت دەخوێننەوە،
پابەند بوون بە نەریتی بتپەرستەکان.
7
خاکیان پڕبوو لە زێڕ و زیو،
گەنجینەکانی سنووریان نییە.
خاکیان پڕبوو لە ئەسپ و
گالیسکەکانی سنووریان نییە.
8
خاکیان پڕبوو لە بت،
کڕنۆشیان بۆ دەستکردی خۆیان برد،
کە بە پەنجەکانی خۆیان دروستیان کرد.
9
جا مرۆڤ دەچەمێتەوە و
ئادەمیزاد نزم دەبێتەوە،
لێیان خۆش مەبە.
10
لە ڕووی سامی یەزدان و
شکۆی مەزنییەکەی،
بڕۆ ناو کەلەبەرد و
لەناو خۆڵ خۆت بشارەوە!
11
چاوە بەفیزەکانی مرۆڤ نزم دەبێتەوە و
لووتبەرزیی ئادەمیزاد دەچەمێتەوە،
لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت.
12
یەزدانی سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە
لە دژی هەموو خۆبەزلزان و لووتبەرزێک،
لە دژی هەموو خۆهەڵکێشێک کە
نزم دەبنەوە،
13
لە دژی هەموو دار ئورزە بەرز و بڵندەکانی لوبنان،
لە دژی هەموو دار بەڕووەکانی باشان،
14
لە دژی هەموو چیا بەرزەکان و
لە دژی هەموو کێوە بڵندەکان،
15
لە دژی هەموو قوللەیەکی بەرز،
لە دژی هەموو شوورایەکی سەخت،
16
لە دژی هەموو کەشتییەکانی تەرشیش،
لە دژی هەموو دەستکردێکی دڵگیر.
17
جا فیزی مرۆڤ دەچەمێتەوە و
لووتبەرزی ئادەمیزاد نزم دەبێت،
لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت و
18
هەموو بتەکان لەناودەچن.
19
کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت،
مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی
دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکان و
ناو چاڵەکانی خۆڵ.
20
لەو ڕۆژەدا مرۆڤ
ئەو بتە زیو و زێڕانەی
کە بۆ پەرستن دروستی کردوون،
بۆ مشکەکوێرە و شەمشەمەکوێرەیان فڕێدەدات.
21
کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت،
مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی
دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکانەوە و
بۆ کەلەبەرەکانی ناو تاوێرەکان.
22
پشت بە مرۆڤ مەبەستە،
ئەوەی تەنها هەناسەیەکی لە لووتدایە.
بۆچی حیسابی بۆ دەکرێت؟