عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروشێک سەبارەت بە ئۆرشەلیم 
1
سروشێک سەبارەت بە دۆڵی بینین[a] :
چیتانە وا سەرکەوتوون،
هەموو بۆ سەربان،
2
ئەی شارە بە هاتوهاوارەکە،
پڕ لە دەنگەدەنگ، شارۆچکە بە شانازییەکە؟
کوژراوەکانت کوژراوی شمشێر نین و
مردووی جەنگ نین.
3
فەرمانڕەواکانت پێکەوە هەڵاتن،
بێ بەرگری بە دیل گیران.
هەموو ئەوانەی گیران، پێکەوە بران بۆ زیندان،
ئەوانەش کە دوور بوون و هەڵاتبوون.
4
لەبەر ئەوە گوتم: «وازم لێ بهێنن،
بە تاڵییەوە دەگریێم،
زۆرم لێ مەکەن بۆ دڵدانەوەم
لەسەر وێرانبوونی گەلەکەم.»
5
یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار
ڕۆژێکی هەیە لە دۆڵی بینین
بۆ هاتوهەرا و سەرکوتکردن و سەرلێشێوان
بۆ دیوار بڕین و
هاوارکردن بۆ چیا.
6
ئیلام تیردانی هەڵگرتووە
بە گالیسکە و پیادە و سوارەوە،
قییریش قەڵغانی دەرخست.
7
جا هەڵبژاردەی دۆڵەکانت پڕ دەبێت لە گالیسکە و لە سوارەکان،
ڕیزیان بەستووە ڕووەو دەروازەکە.
8
داپۆشینی یەهودا نامێنێت.
جا لەو ڕۆژەدا دەڕوانیتە
چەکەکانی کۆشکی دارستان،
9
کەلێنەکانی شاری داود دەبینن کە زۆر بوون و
ئاوی گۆمی خوارێ کۆدەکەنەوە.
10
ماڵەکانی ئۆرشەلیم دەژمێرن و
ماڵەکان دەڕووخێنن بۆ پتەوکردنی شووراکە.
11
ئەستێلێک دروستدەکەن لەنێوان دوو شووراکە،
بۆ ئاوی گۆمە کۆنەکە.
بەڵام نەتانڕوانییە یەزدانی دروستکەری،
ئەوەی لەمێژەوە شێوەی کێشابوو نەتانبینی.
12
یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
لەو ڕۆژەدا بانگەوازی کرد
بۆ گریان و شیوەن و
سەرتاشین و پۆشینی جلوبەرگی گوش.
13
بەڵام ئەوەتا خۆشی و شادی،
مانگا کوشتنەوە و مەڕ سەربڕین،
گۆشت خواردن و شەراب خواردنەوە!
«با بخۆین و بخۆینەوە،
چونکە سبەی دەمرین.»
14
گوێم لێگرت یەزدانی سوپاسالار بۆی ئاشکرا کردم: «کەفارەت بۆ ئەم تاوانەتان ناکرێت تاکو دەمرن،» یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت.
15
یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«بڕۆ بۆ لای ئەو کارگێڕە،
شەڤنا ئەوەی سەرپەرشتیاری کۆشکەکەیە:
16
چیت هەیە لێرە و کێ ڕوخسەتی پێداویت،
هەتا گۆڕێک بۆ خۆت هەڵبکەنیت،
ئەی ئەوەی لە بەرزایی گۆڕی خۆتت هەڵکەندووە و
بۆ خۆت لەناو تاشەبەرد ماڵت تاشیوە؟
17
«ئەی پاڵەوان، ئەوەتا یەزدان خەریکە بە توندی تووڕت دەدات و
بە هێزەوە لوولت دەکات،
18
وەک تۆپ بە توندی دەتپێچێتەوە و
بەرەو خاکێکی بەرفراوان تووڕت دەدات.
لەوێ دەمریت و
گالیسکەکانی شکۆمەندیت لەوێ دەبێت،
ئەی مایەی سووکایەتی ماڵی گەورەکەت!
19
لە پلەکەت دەرتدەکەم و
لە پایەکەت فڕێدەدرێیتە خوارەوە.
20
«لەو ڕۆژەدا بانگی بەندەکەی خۆم، بانگی ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا دەکەم و
21
جلەکەی تۆی لەبەر دەکەم و بە کەمەربەندەکەی تۆ کەمەری توند دەکەم و دەسەڵاتی تۆ دەدەمە دەست ئەو و دەبێت بە باوک بۆ ئۆرشەلیم و بۆ بنەماڵەی یەهودا.
22
کلیلی ماڵی داود دەدەمە دەستی و ئەوەی ئەو دەیکاتەوە کەس ناتوانێت دایبخات و ئەوەی دایدەخات کەس ناتوانێت بیکاتەوە.
23
وەک سنگ دەیچەقێنم لە شوێنێکی چەسپاو و دەبێت بە تەختی شکۆمەندی بۆ بنەماڵەکەی.
24
هەموو شکۆمەندی بنەماڵەکەی بەوەوە هەڵدەواسن، چڵەکان و لقەکان، هەموو دەفرە بچووکەکان، لە دەفرە پەلەکانەوە هەتا دەفرە قووڵەکان.»
25
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بەڵام سەردەمێک دێت سنگە چەقاوەکە لە شوێنە چەسپاوەکە نامێنێت و دەشکێت و دەکەوێت، ئەو بارگرانییەی لەسەری بوو دەبڕدرێتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  1. a. 22‏:1 دۆڵی بینین: ناوێکی مەجازییە بۆ ئۆرشەلیم.‏