عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - قوڕبەسەری بۆ ئەفرایم
- 1
- قوڕبەسەر ئەو تاجەی سەرخۆشانی ئەفرایم شانازی پێوە دەکەن!
 قوڕبەسەر ئەو شارەی دەسەڵاتدارە بەسەر دۆڵی بەپیت،
 کە جوانی و شکۆمەندییەکەی وەک گوڵێکی سیسە.
 قوڕبەسەر ئەوانەی شەراب ئەوانی کەواندووە!
- 2
- ئەوەتا بەهێز و توند هی پەروەردگارە.
 وەک لێزمەی تەرزە و ڕەشەبای وێرانکەر،
 وەک لێزمەی ئاوی زۆری ڕاماڵ،
 بە دەست فڕێیدەداتە سەر زەوی.
- 3
- پێشێل دەکرێت
 تاجی شانازی سەرخۆشانی ئەفرایم.
- 4
- دەبێت بە گوڵی سیس بوو
 جوانی شکۆمەندییەکەی،
 ئەوەی لەسەر دۆڵی بەپیتە،
 وەک پێگەیشتنی هەنجیر بەر لە هاوین،
 ئەوەی دەیبینێت
 هێشتا لە مستیەتی قووتی دەدات.
- 5
- لەو ڕۆژەدا یەزدانی سوپاسالار
 دەبێتە تاجەگوڵینەی جوانی و
 تاجی شکۆمەندی
 بۆ پاشماوەی گەلەکەی.
- 6
- دەبێتە ڕۆحی دادپەروەری
 بۆ دانیشتوو لەسەر تەختی حوکمدان و
 پاڵەوانیێتی
 بۆ بەرەنگاربووانی جەنگ لەبەر دەروازەکان.
- 7
- ئەمانیش بە شەراب گێژن و
 بە مەی گومڕان:
 کاهین و پێغەمبەر بە مەی گێژن،
 بە شەراب قووتدەدرێن،
 بە مەی گومڕان،
 کە بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت گێژن،
 کوێرانە حوکم دەدەن.
- 8
- هەموو مێزەکان پڕ بوون لە ڕشانەوە و
 هیچ جێگایەک بێ پیسایی نەماوە.
- 9
- دەڵێن: «زانیاری فێری کێ دەکات؟
 پەیام بۆ کێ ڕوون دەکاتەوە؟
 بۆ لەشیربڕاوەکان،
 یان بۆ لە مەمک بڕاوەکان؟
- 10
- وەک گغە گغ بۆ گغە گغ،
 بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ،[a]
 کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.»
- 11
- کەواتە خوداش بە لێوی بێگانە و زمانێکی نامۆ
 قسە بۆ ئەم گەلە دەکات.
- 12
- بۆ ئەوانەی پێی گوتن:
 «ئەمە حەسانەوەیە،
 با ماندوو بحەسێتەوە، ئەمە ئارامگایە.»
 بەڵام نەیانویست گوێ بگرن.
- 13
- جا فەرمایشتی یەزدان بۆیان دەبێت بە:
 گغە گغ بۆ گغە گغ،
 بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ،
 کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.
 بۆ ئەوەی بڕۆن و بەرەو دواوە بکەون و
 بشکێنەوە و ڕاو بکرێن و بگیرێن.
- 14
- ئەی پیاوانی گاڵتەجاڕ، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
 ئەی فەرمانڕەوایانی ئەم گەلە کە لە ئۆرشەلیمن!
- 15
- گوتتان: «پەیمانمان لەگەڵ مردن بەستووە و
 پەیماننامەمان لەگەڵ جیهانی مردووان مۆر کردووە،
 کە قامچی لافاو تێدەپەڕێت
 لە ئێمە نزیک ناکەوێتەوە،
 چونکە درۆمان کردووە بە داڵدەمان و
 لەناو ساختە پەناگیر دەبین.»
- 16
- لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
 «ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،
 کە دەبێتە سەنگی مەحەک،
 گرنگترین و گرانبەهاترین بەردی بناغە[b] بۆ بناغەیەکی پتەو،
 ئەوەی پشتی پێ ببەستێت ناشڵەژێت.
- 17
- دادوەری دەکەمە گوریسی پێوانە و
 بە شاووڵ ڕاستودروستی دەکەم،
 جا تەرزە داڵدەی درۆ ڕادەماڵێت و
 پەناگاش ئاو دایدەپۆشێت.
- 18
- پەیمانەکەتان لەگەڵ مردن دەسڕێتەوە و
 پەیماننامەکەتان لەگەڵ جیهانی مردووان سەر ناگرێت.
 کاتێک قامچی لافاو تێدەپەڕێت،
 ئێوە بۆی دەبن بە پێشێل.
- 19
- هەر کاتێک تێبپەڕێت دەتانبات،
 چونکە هەموو بەیانییەک تێدەپەڕێت
 بە شەو و بە ڕۆژ.»
 بە تەنها تێگەیشتنی پەیامەکە
 دەبێتە مایەی تۆقاندن.
- 20
- دۆشەک کورت بووە بۆ ڕاکشان و
 لێفەش تەنک بووە بۆ لەخۆپێچانەوە.
- 21
- یەزدان هەڵدەستێت، وەک لە کێوی پەراچیم هەستا،
 هەروەک لە دۆڵی گبعۆن، تووڕەیی دێتە جۆش
 بۆ ئەوەی کارەکەی بکات، کارەکەی نامۆیە!
 بۆ ئەوەی ئیشەکەی بکات، ئیشەکەی نامۆیە!
- 22
- ئێستا گالتەجاڕ مەبن،
 نەوەک کۆتتان توندتر بکرێت،
 چونکە لەلایەن یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
 گوێم لە کۆتایی پێهێنان و بڕانەوە بووە بەسەر هەموو خاکەکەدا.
- 23
- گوێ شل بکەن و دەنگم ببیستن،
 گوێ بگرن و قسەم ببیستن.
- 24
- ئایا جوتیار هەموو ڕۆژێک زەوییەکەی دەکێڵێت،
 هەڵیدەکۆڵێت و خەرتەی دەکات بۆ چاندن؟
- 25
- ئەی کە ڕووەکەی تەخت کرد،
 تۆوی دەکات بە کونجی و زیرەی تێدا دەوەشێنێت و
 گەنم لە هێڵی جووتەکانی دادەنێت و
 جۆ لە شوێنی نیشانکراو،
 گوڵەبەڕۆژەش لە سنوورەکانی؟
- 26
- جا خودای خۆی فێری دەکات،
 بە دادوەری ڕێنمایی دەکات.
- 27
- کونجی بە جەنجەڕ ناکوترێت،
 چەرخەی عەرەبانەش بەسەر زیرەدا نایەت،
 بەڵکو کونجی بە دار تێکدەدرێت و
 زیرەش بە گۆچان.
- 28
- دانەوێڵە بۆ نان دەکوترێت،
 هەتاهەتایە جەنجەڕی بەسەردا ناهێنێت،
 چەرخەی عەرەبانەکەی و
 ئەسپەکەی وردوخاشی ناکەن.
- 29
- هەموو ئەمانەش لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە هاتوون،
 ڕاوێژی سەیرە و دانایی مەزنە.
- a. 28:10 عیبری: \+tl چاڤ لاچاڤ، قاڤ لاقاڤ\+tl*، کە تەنها دەنگە لە زمانی عیبری بەبێ واتا، وەک گوێگرتن لە زمانێکی بیانی.
- b. 28:16 گرنگترین بەردی بناغە: بەردی قولینچک، بەردێکی گەورەیە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.

