عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شانشینی ڕاستودروستی 
1
ئەوەتا پاشایەک بە ڕاستودروستی پاشایەتی دەکات و
میرانیش بە دادوەری سەرۆکایەتی دەکەن،
2
مرۆڤ وەک حەشارگەیەک دەبێت لە ڕووی با و
وەک چەتر لە ڕووی لێزمەی باران،
وەک جۆگەی ئاو لە شوێنێکی وشکدا و
وەک سێبەری تاشەبەردێکی گەورە لە خاکی ماندووبووندا.
3
چاوی بینەران کز نابێت و
گوێی گوێگرەکان دەبیستێت.
4
دڵی هەڵەشەکان دەزانن و تێدەگەن و
زمانی زمانگرانەکان بە ڕوونی و ڕەوانی دەدوێن.
5
ئیتر گێل بە «ڕێزدار» بانگ ناکرێت،
بە فێڵبازیش ناگوترێت «خانەدان»،
6
چونکە گێل بە گێلی دەدوێت و
دڵیشی خراپە دەکات،
بۆ ئەوەی گڵاوی ئەنجام بدات،
لە دژی یەزدان بوختان هەڵدەبەستێت،
بۆ ئەوەی برسی تێر نەبێت و
تینوو لە خواردنەوە بێبەش بێت.
7
ڕێبازی فێڵبازیش خراپە و
پیلانی بەدکاری دەگێڕێت،
هەتا بە قسەی درۆ کڵۆڵان تەفروتونا بکات
ئەگەر قسەی نەدارانیش ڕاست بێت.
8
بەڵام ڕێزدار بە ڕێزداری پلان دادەنێت و
لەسەر ڕێزیش جێگیر دەبێت.
ئافرەتانی ئۆرشەلیم 
9
ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان،
هەستن گوێ لە دەنگی من بگرن!
ئەی کیژە دڵنیاکان،
گوێ شل بکەن بۆ قسەی من!
10
ئەی دڵنیاکان، ڕۆژانێک پتر لە یەک ساڵ
لەرز دەتانگرێت،
چونکە ڕەزچنین بەسەرچوو و
کۆکردنەوە نایەت.
11
ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، بلەرزن!
ئەی کیژە دڵنیاکان لەرز بتانگرێت!
جلتان دابکەنن و خۆتان ڕووت بکەنەوە،
گوش لە کەمەرتان ببەستن.
12
لە سنگی خۆتان بدەن بۆ کێڵگە بەردارەکان،
بۆ ڕەزی بەردار،
13
بۆ خاکی گەلەکەم
دڕکوداڵ دەڕوێت،
بەڵێ، بۆ هەموو ماڵە شادەکان،
بۆ شارە گەشاوەکە.
14
بێگومان کۆشک چۆڵ دەکرێت،
شاری قەرەباڵغ چۆڵ دەبێت،
قەڵا و قوللەی چاودێری لەگەڵ زەوی تەخت دەبن بۆ هەتاهەتایە،
دەبن بە سەیرانگای گوێدرێژەکان، لەوەڕگا بۆ مێگەلەکان،
15
هەتا ئەو کاتەی لە بەرزاییەوە ڕۆحی خودا بەسەرماندا دەڕژێت،
جا چۆڵەوانی دەبێت بە باخ و
باخیش بە دارستان دادەنرێت.
16
جا دادپەروەری یەزدان لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبێت و
ڕاستودروستییەکەشی لەناو باخ دادەنیشێت.
17
جا ئەنجامدانی ڕاستودروستی ئاشتی دەبێت و
کاری ڕاستودروستیش ئارامی و ئاسوودەیی هەتاهەتایی.
18
ئینجا گەلی من لە ئاشتی و ئاوەدانی نیشتەجێ دەبێت و
لە نشینگەی ئاسوودەیی و
شوێنی پشوودانەکانیان بە ئارامی.
19
تەرزە دەبارێت و دارستانەکان دەکوتێت،
شارەکە بە تەواوی دەکەوێنێت،
20
بەڵام خۆزگە بە خۆتان
کاتێک تۆو لەدەم هەموو ئاوەکان دەچێنن و
گا و گوێدرێژەکانتان دەلەوەڕن.