عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
حەسانەوە بۆ گەلی خودا 
1
دڵنەوایی گەلەکەم بکەن، دڵنەواییان بکەن،
خوداتان دەفەرموێت،
2
بە دڵنەرمی لەگەڵ ئۆرشەلیم بدوێن،
پێی ڕابگەیەنن
کە ڕەنجکێشانەکەی تەواو بووە،
کە تاوانەکەی بەخشراوە،
چونکە بە دەستی یەزدان
لەسەر گوناهەکانی دووقاتی وەرگرتەوە.
3
کەسێک هاوار دەکات و دەڵێت:
«لە چۆڵەوانی ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
لە بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێکبخەن.
4
هەموو دۆڵێک هەڵدەچێت و
هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت.
خوار ڕاست دەبێتەوە،
هەورازیش دەبێت بە دەشت،
5
شکۆمەندی یەزدان دەردەکەوێت و
هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەیبینن،
چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.»
6
دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!»
منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟»
«هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
7
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری،
بێگومان گەل وەکو گژوگیان.
8
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.»
9
ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن،
بڕۆ سەر کێوێکی بەرز،
بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە،
بەرزی بکەرەوە، مەترسە.
ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم،
بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ:
«ئەوەتا خوداتان!»
10
ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت،
بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات.
ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و
خەڵاتەکەی لەبەردەمی.
11
وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت:
بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و
بە باوەش هەڵیاندەگرێت،
بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات.
12
کێ بە چنگ ئاوی پێواوە و
بە بست ئاسمان؟
کێ خۆڵی زەوی بە قزناغ پێواوە؟
کێ چیاکانی بە قەپان کێشاوە و
گردەکانیش بە تەرازوو؟
13
کێ لەبیری یەزدان تێگەیشتووە
یاخود وەک ڕاوێژکار فێری کردووە؟
14
یەزدان ڕاوێژی بە کێ کرد و تێیگەیاند،
ڕێگای دادپەروەری فێرکرد؟
کێ زانینی فێرکرد و
ڕێگای تێگەیشتنی پێ ناساند؟
15
ئەوەتا نەتەوەکان وەک دڵۆپێک ئاوی ناو سەتڵ و
بە تۆزی تەرازوو دادەنرێن.
ئەوەتا دوورگەکان وەک پووش هەڵدەگرێت.
16
داری لوبنان بەس نییە بۆ سووتەمەنی قوربانگا و
ئاژەڵەکانی بەس نین بۆ قوربانی سووتاندن.
17
هەموو نەتەوەکان وەک هیچن لەبەردەمی،
لەلای ئەو بە نەبوو و پووچ دادەنرێن.
18
جا خودا بە چی هاوشێوە دەکەن،
چ وێنەیەک بەو یەکسان دەکەن؟
19
پەیکەرێک کە وەستا دایدەڕێژێت،
زێڕنگەریش بە زێڕ ڕووکەشی دەکات،
زنجیری زیویش زیوگەر.
20
دەستکورتیش بۆ پێشکەشکردنی پیتاک
دارێکی ساغ هەڵدەبژێرێت کە نەڕزیبێت.
داوای وەستایەکی شارەزا دەکات
بۆ ئەوەی پەیکەرێکی نەلەقیوی بۆ دابنێت.
21
ئایا نازانن؟
ئایا نابیستن؟
ئەی لە سەرەتاوە پێتان ڕانەگەیەنراوە؟
ئایا لەو کاتەوەی زەوی بەدیهێنراوە تێنەگەیشتوون کە
22
ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و
دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟
ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە،
وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون.
23
ئەو مەزنەکان وەک نەبوو لێدەکات و
حوکمڕانانی جیهان دەکات بە هیچ.
24
هەر ئەوەندەی نێژران، چێنران و
قەدیان لە زەوی ڕەگی داکوتا،
فووی لێکردن و وشک هەڵگەڕان،
ڕەشەبا وەک پووش هەڵیاندەگرێت.
25
خودای پیرۆز دەفەرموێت: «لەگەڵ کێ هاوشێوەم دەکەن؟
من هاوتای کێم؟
26
چاوتان بۆ بەرزی هەڵبڕن و
ببینن کێ ئەمەی بەدی هێناوە،
کێ ئەستێرەکانی بە ژمارە دەردەهێنێت و
ناو لە هەموویان دەنێت؟
لەبەر زۆری هێز و توندی توانای
هیچ کامیان ون نابێت.
27
«ئەی یاقوب، بۆ دەڵێیت،
ئەی ئیسرائیل، بۆ سکاڵا دەکەیت:
”ڕێگای من لە یەزدان شاردرایەوە،
دادی من لە خودام تێپەڕی“؟
28
ئایا نەتزانی،
یان نەتبیست؟
یەزدان خودای هەتاهەتاییە،
بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی.
نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت،
کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات.
29
توانا بە ماندوو دەدات و
بۆ داهێزراویش هێز زۆر دەکات.
30
گەنجەکان ماندوو و شەکەت دەبن،
لاوەکان پێیان هەڵدەکەوێت و دەکەون،
31
بەڵام ئەوانەی چاوەڕوانی یەزدانن،
هێزیان نوێ دەبێتەوە،
وەک هەڵۆ لە شەقەی باڵ دەدەن،
ڕادەکەن و شەکەت نابن،
دەڕۆن و ماندوو نابن.