عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بەندەی یەزدان 
1
«ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی پشتیوانی دەکەم،
هەڵبژاردەکەم کە پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
دادپەروەری بۆ نەتەوەکان بەرپا دەکات.
2
هاوار ناکات و بانگ ناکات و
دەنگی لە شەقامەکان نابیسترێت.
3
قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت،
پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە.
بە ڕاستییەوە دادپەروەری دەردەخات.
4
نە ماندوو دەبێت و نە وردوخاش دەبێت
هەتا ئەوەی لەسەر زەوی دادپەروەری بەرقەرار دەکات.
دوورگەکان هیوایان بە فێرکردنەکانی ئەو دەبێت.»
5
خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی،
ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت،
هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی،
ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن،
ئەمە دەفەرموێت:
6
«من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت،
جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم،
دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان.
7
بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە،
بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت،
لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی.
8
«من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و
شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و
ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.
9
ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی،
ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم،
پێش ئەوەی سەر دەربێنێت
من پێتانی دەڵێم.»
گۆرانی ستایش بۆ یەزدان 
10
ئەی ئەوانەی دادەبەزنە ناو دەریا و هەموو ئەوانەی تێیدان،
دوورگەکان و دانیشتووانەکانیان،
گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
ستایشیشی لەوپەڕی زەوییەوە.
11
با چۆڵەوانی و شارۆچکەکانی دەنگ بەرز بکەنەوە،
گوندەکانی نشینگەی قێدار.
با دانیشتووانی سەلەع هاواری خۆشی بکەن،
لە ترۆپکی چیاکانەوە هاوار بکەن.
12
با شکۆمەندی بە یەزدان بدەن،
لە دوورگەکان ستایشی ڕابگەیەنن.
13
یەزدان وەک پاڵەوان دێتە دەرەوە،
وەک جەنگاوەر دڵگەرمی دەهەژێت،
هاوار دەکات و نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت،
بەسەر دوژمنانیدا سەردەکەوێت.
14
«زۆر دەمێکە کپ بووم،
بێدەنگ بووم و دانم بە خۆمدا گرت.
بەڵام ئێستا وەک ژنێک کە منداڵی ببێت دەقیژێنم،
هەناسە دەدەم و هەناسە هەڵدەکێشم پێکەوە.
15
چیا و گردەکان تێکدەدەم،
هەموو گیاوگوڵیان وشک دەکەم.
ڕووبار دەکەمە دوورگە و
گۆلاوەکان وشک دەکەم.
16
نابیناکان بە ڕێگایەکدا دەبەم شارەزای نەبن،
بە ڕێچکەیەکدا هاتوچۆیان پێ دەکەم کە نایزانن،
تاریکی لەبەردەمیاندا دەکەم بە ڕووناکی،
ڕێگا خوارەکانیش بە ڕاستە ڕێ.
ئەم شتانە دەکەم و
بەجێیان ناهێڵم.
17
بەڵام ئەوانەی پشت بە بتی داڕێژراو دەبەستن،
ئەوانەی بە پەیکەری داتاشراو دەڵێن، ”ئێوە خوداوەندی ئێمەن،“
بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و بە تەواوی شەرمەزار دەبن.
ئیسرائیلی کوێر و کەڕ 
18
«ئەی کەڕەکان گوێ بگرن!
ئەی کوێرەکان سەیر بکەن بۆ ئەوەی ببینن!
19
کێ کوێرە تەنها بەندەکەم[a] نەبێت،
یان کەڕە وەک نێردراوەکەم کە دەینێرم؟
کێ کوێرە وەک ئەوەی تەواوە و
کوێرە وەک بەندەی یەزدان؟
20
زۆرت بینیوە و سەرنجت نەداوە،
گوێیەکانت کراونەتەوە و نەتبیستووە.»
21
یەزدان دڵخۆشە لە پێناوی ڕاستودروستی خۆی،
فێرکردنەکانی خۆی بە گەورە دادەنێت و ڕێزی لێ دەگرێت.
22
بەڵام ئەو گەلێکی تاڵانکراو و ڕووتکراوەیە
هەموو کەوتوونەتە چاڵەوە،
لە بەندیخانەکان خۆیان شاردووەتەوە،
بوون بە تاڵانی و کەس فریایان نەکەوت،
ڕووتکرانەوە و کەس نەبوو بڵێت، «دەست بگێڕەوە!»
23
کێ لە ئێوە گوێ لەمە دەگرێت،
گوێ شل دەکات و هەتا کۆتایی دەبیستێت؟
24
کێ یاقوبی دایە دەست ڕووتکردنەوە و
ئیسرائیلیش بۆ تاڵانکاران؟
ئایا یەزدان نییە
کە گوناهمان دەرهەقی کرد و
نەیانویست ڕێگاکانی بگرنەبەر و
گوێیان لە فێرکردنەکانی نەگرت؟
25
ئیتر گڕی تووڕەیی خۆی بەسەردا ڕشتن،
بە جەنگێکی سەخت،
لە هەموو لایەکەوە گڕی تێبەردان، بەڵام پێیان نەزانی،
سووتاندنی، بەڵام نەچووە مێشکیانەوە.
  1. a. 42‏:19 مەبەست لە گەلی ئیسرائیل و پێغەمبەرەکانە.‏