عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
تاکە ڕزگارکەری ئیسرائیل 
1
ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب،
شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل:
«مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە،
بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت.
2
کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام،
بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن.
بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت،
بڵێسەش ناتسووتێنێت،
3
چونکە من یەزدانم، خودای تۆم،
پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ.
میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ،
کوش و سەبا لە جێی تۆ.
4
لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام،
سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت،
لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم،
لە جیاتی گیانت نەتەوەکان.
5
مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام.
لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و
لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە.
6
بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و
بە باشووریش: ”مەیانگرە!“
کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و
کچانم لەوپەڕی زەوییەوە.
7
هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن،
بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون،
شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.»
8
دەریبخە ئەو گەلەی کوێرە، بەڵام چاوی هەیە،
کەڕە، بەڵام گوێی هەیە.
9
با هەموو نەتەوەکان پێکەوە کۆببنەوە،
با نەتەوەکان خڕ ببنەوە.
کێ لەوان ئەمە ڕادەگەیەنێت و
سەرەتاکانمان پێ دەڵێت؟
با شایەتەکانیان بهێننە پێش و ڕاستی پێشبینییەکانیان دەربخەن،
یان گوێیان لێ بێت و بڵێن: «ڕاستە.»
10
یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن،
بەندەی هەڵبژاردەم،
بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و
تێبگەن کە من ئەوم،
پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و
پاش منیش نابێت.
11
منم، منم یەزدان،
لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە.
12
من ئاشکرام کرد و ڕزگارم کرد و ڕامگەیاند،
منم، نەک خوداوەندێکی بێگانە لەنێوتاندا بێت.
ئێوە شایەتی منن کە من خودام.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13
«لەو ڕۆژەوە من ئەوم،
کەس لە دەستم دەرباز نابێت.
هەرچی بکەم، کێ ڕەتی دەکاتەوە؟»
بەزەیی خودا و بێوەفایی ئیسرائیل 
14
یەزدان ئەوەی دەتانکڕێتەوە،
پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت:
«لە پێناوی ئێوە دەنێرم بۆ بابل و
هەموو هەڵاتووەکانی بەدەردەنێم،
بابلییەکانیش بەو کەشتییانەی کە هاواری شادییان تێدا کردبوون.
15
منم یەزدان، پیرۆزەکەتان،
بەدیهێنەری ئیسرائیل، پاشاکەتان.»
16
یەزدان، ئەوەی لەناو دەریا ڕێگای داناوە،
لەناو ئاوە بەهێزەکان ڕێچکە،
17
ئەوەی گالیسکە و ئەسپی دەرکرد،
سوپا و هێزی پێکەوە ڕاکێشا و هەڵنەستانەوە،
کپ بوون، وەک پڵیتەیەک کوژانەوە،
ئەو ئەمە دەفەرموێت:
18
«باسی سەرەتاکان مەکەن،
لە دێرینەکان ڕامەمێنن.
19
ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم!
ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟
لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و
لە بیابان ڕووبارەکان.
20
ئاژەڵە کێوییەکان شکۆمەندم دەکەن،
چەقەڵ و کوندەپەپوو،
چونکە ئاوم خستە چۆڵەوانییەوە،
ڕووبارەکان لە بیاباندا
بۆ ئاودانی گەلەکەم، هەڵبژاردەکەم،
21
ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە
باسی ستایشم دەکەن.
22
«بەڵام نزاتان بۆ نەکردم، ئەی یاقوب،
لە پێناوی من کۆششتان نەکرد، ئەی ئیسرائیل.
23
بەرخی قوربانی سووتاندنەکەی خۆتت بۆ من نەهێنا،
بە قوربانییە سەربڕدراوەکانت ڕێزت لێ نەگرتم.
بە پێشکەشکراوی دانەوێڵە بارگرانم نەکردیت،
بە قوربانی بخوور ماندووم نەکردیت.
24
بە زیوەکەت قامیشی بۆنخۆشت بۆ نەکڕیم،
بە پیوی قوربانییە سەربڕدراوەکانت تێرت نەکردم،
بەڵکو بە گوناهەکانت بارگرانت کردم،
بە تاوانەکانت ماندووت کردم.
25
«منم، منم کە یاخیبوونەکانت دەسڕمەوە،
لە پێناو خۆم،
گوناهەکانیشت بەبیری خۆم ناهێنمەوە.
26
بەبیرم بخەرەوە،
با پێکەوە بکەوینە دادگاییکردن،
بە بەڵگە بێتاوانییەکەت بسەلمێنە.
27
باوکی یەکەمت گوناهی کرد و
پەیوەندی ڕێکخەرانت لێم یاخی بوون.
28
لەبەر ئەوە میرانی پیرۆزگا گڵاو دەکەم و
یاقوب دەدەمە قڕکردن[a] و
ئیسرائیلیش بۆ جنێوپێدان.
  1. a. 43‏:28 قڕکردن: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏