عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- «یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت،
 ئەوەی دەستی ڕاستیم گرت
 بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و
 پاشایان چەک بکەم،
 بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و
 دەرگاکان دانەخرێن:
- 2
- ”من لەپێشتەوە دەڕۆم و
 تەپەکان تەخت دەکەم،
 دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و
 شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە.
- 3
- گەنجینەکانی تاریکی و
 خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ،
 هەتا بزانیت کە من یەزدانم، خودای ئیسرائیل،
 ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات.
- 4
- لەبەر یاقوبی بەندەم و
 ئیسرائیلی هەڵبژاردەم،
 بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و
 نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی
 هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.
- 5
- من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە،
 بێجگە لە من خودای دیکە نییە.
 هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە،
 بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم،
- 6
- بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن
 بێجگە لە من خودای دیکە نییە.
 من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.
- 7
- شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم،
 دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم،[a]
 من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“
- 8
- «ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە،
 با هەورەکان بیپرژێنێت.
 با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە
 ڕزگاری بەر بگرێت و
 ڕاستودروستی سەرهەڵبدات؛
 من یەزدانم بەدیم هێنا.
- 9
- «قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات،
 پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی.
 ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت:
 ”چی دروستدەکەیت؟“
 یان دەڵێت:
 ”ئەوەی دروستت کردووە دوو دەسکی نییە“؟
- 10
- قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت:
 ”چ منداڵێکت خستەوە؟“
 بە دایکەکەشی: ”چیت لێ دەبێت؟“
- 11
- «یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی،
 ئەمە دەفەرموێت:
 دەربارەی ئەوانەی دێت،
 ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن،
 سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامدەسپێرن؟
- 12
- من زەویم دروستکرد و
 مرۆڤی سەریم بەدیهێنا.
 دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و
 هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.
- 13
- من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و
 هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم.
 ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و
 ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات
 بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل.
 ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
- 14
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و
 سەبئییە باڵا بەرزەکان
 بۆ لای ئێوە[b] دەپەڕنەوە و
 بۆ ئێوە دەبن.
 لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و
 دەپەڕنەوە بۆ لاتان.
 کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و
 لە ئێوە دەپاڕێنەوە و دەڵێن:
 ”بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە،
 خودای دیکە نییە.“»
- 15
- بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە،
 خودای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەر.
- 16
- هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،
 پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن،
- 17
- بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت،
 بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی.
 شەرمەزار و ڕیسوا نابن
 هەتاهەتایە.
- 18
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
 بەدیهێنەری ئاسمان،
 ئەو خودایە،
 شێوەکێشی زەوی و دروستکەری،
 ئەو دایمەزراند.
 بەخۆڕایی بەدی نەهێنا،
 بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا،
 دەفەرموێت:
 «من یەزدانم و
 یەکێکی دیکە نییە.
- 19
- لە پەناوە قسەم نەکرد،
 لە شوێنێکی تاریکی زەوی.
 بە توخمی یاقوبم نەفەرموو،
 ”بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن.“
 من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم و
 ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم.
- 20
- «کۆببنەوە و وەرن،
 ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش.
 نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان،
 ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.
- 21
- ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش.
 با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن.
 لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە،
 لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟
 ئایا منی یەزدان نەبوو؟
 بێجگە لە من هیچ خودایەک نییە،
 خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر
 بێجگە لە من نییە.
- 22
- «ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت،
 ئەی هەموو لایەکانی زەوی،
 چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.
- 23
- سوێندم بە گیانی خۆم خوارد،
 ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە،
 وشەیەکە و ناگەڕێتەوە،
 کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات،
 هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات.
- 24
- سەبارەت بە من دەڵێن: ”ڕاستودروستی و هێز
 تەنها بە یەزدانە.“»
 هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە
 بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،
- 25
- بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل
 بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.
- a. 45:7 بڕوانە ئەیوب 2:1-10، خودا هەندێک جار ڕێ دەدات کە شتی خراپ ڕووبدەن بۆ بەدیهێنانی مەبەستەکانی خۆی.
- b. 45:14 مەبەست لە یەهودایە لەدوای گەڕاندنەوەی گەلی خودا لە ڕاپێچکراوی لەلایەن کۆرش پاشای فارسەوە.

