عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گۆرانی ڕەزەمێوەکە 
1
با گۆرانی بڵێم بۆ خۆشەویستەکەم،
گۆرانی خۆشەویستەکەم بۆ ڕەزەمێوەکەی:
خۆشەویستەکەم ڕەزەمێوێکی هەبوو
لەسەر گردێکی بەپیت.
2
بنکۆڵی کرد و بەردی لێ بژار کرد،
شامێویشی لێ چاند.
قوللەیەکی چاودێری لە ناوەڕاست بنیاد نا،
هەروەها گوشەرێکی تێدا هەڵکۆڵی.
بە هیوا بوو ترێی باش بگرێت،
بەڵام ترێی خراپی گرت.
3
«ئێستا ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ئەی پیاوانی یەهودا،
تکایە لەنێوان من و ڕەزەمێوەکەم دادوەری بکەن.
4
چی دی هەیە بۆ ڕەزەمێوەکەم بکرێت کە
من نەمکردبێت؟
کاتێک من هیوادار بووم ترێی باش بگرێت،
بۆچی ترێی خراپی گرت؟
5
ئێستا پێتان دەڵێم
چی لە ڕەزەمێوەکەم دەکەم:
پەرژینەکەی لێ دەکەمەوە و
وێران دەبێت،
دیوارەکەی دەڕووخێنم،
دەبێتە پێپەست.
6
دەیکەمە کەلاوە،
نە پەرچ دەکرێت و نە ژێری هەڵدەدرێتەوە،
دڕکوداڵ سەرهەڵدەدات.
فەرمان بە هەورەکان دەکەم
باران بەسەریدا نەبارێنن.»
7
ڕەزەمێوی یەزدانی سوپاسالار
بنەماڵەی ئیسرائیلە و
پیاوانی یەهوداش
نەمامی شادی ئەون.
بە هیوای دادوەری بوو، بەڵام ئەوەتا خوێنڕژانە؛
بە هیوای ڕاستودروستی بوو، بەڵام ئەوەتا داد و بێدادە.
دادوەری یەزدانی سوپاسالار 
8
قوڕبەسەر ئەوانەی خانوو بە خانووەوە دەلکێنن و
کێڵگە لە کێڵگە نزیک دەکەنەوە
هەتا هیچ جێیەک نەما و
بە تەنها خۆتان لە خاکەکە نیشتەجێ بوون.
9
بە ڕاستی گوێم لێ بوو کە یەزدانی سوپاسالار فەرمووی:
«بێگومان کۆشکی مەزن دەبێتە کەلاوە،
خانووی گەورە و خۆشیش چوڵەوانی.
10
جێی دە دۆنم ڕەزەمێو، یەک بەت[a] شەراب بەرهەم دەهێنێت و
حۆمەرێک[b] تۆویش ئێفەیەک[c] بەرهەم دەهێنێت.»
11
قوڕبەسەر ئەوانەی بەیانییان زوو هەڵدەستن
بەدوای شەراب دەکەون،
لە زەردەپەڕی ئێواران دوا دەکەون
مەی گڕی تێبەرداون.
12
قیسارە و ساز، دەف و شمشاڵ و
شەراب بووە بە خەو و خۆراکیان،
بەڵام ئاوڕ لە کاری یەزدان نادەنەوە،
دەستکردەکانی نابینن.
13
لەبەر ئەوە گەلەکەم لەبەر نەزانی ڕاپێچ دەکرێن،
سەنگینەکانی لە برسان دەمرن،
سادە و ساکارەکانی لە تینووان وشک دەبن.
14
لەبەر ئەوە جیهانی مردووان خۆی پانوپۆڕ کرد و
بێ ئەندازە دەمی خۆی کردەوە،
تاکو بەگزادە و ڕەشۆکی و شەڕانگێزان،
لەگەڵ هەموو ئەوانەش کە شانازی بە ئۆرشەلیم دەکەن، شۆڕ ببنەوە ناوی.
15
مرۆڤ دەچەمێتەوە و
پیاو نزم دەبێت،
چاوی بەفیزان نزم دەبێت،
16
بەڵام یەزدانی سوپاسالار بە دادوەری بە گەورە دەزانرێت،
خودای پیرۆز بە ڕاستودروستییەکەی دەردەکەوێت کە پیرۆزە.
17
مەڕەکان دەلەوەڕێن وەک لە لەوەڕگای خۆیان،
بەرخەکانیش لە کەلاوەی دەوڵەمەندەکان دەلەوەڕێن.
18
قوڕبەسەر ئەوانەی بە گوریسی فێڵ تاوان کێش دەکەن،
گوناهیش وەک گوریسی عەرەبانە،
19
ئەوانەی دەڵێن: «با خودا پەلە بکات،
با خێرا بێت لە کارەکەی
بۆ ئەوەی ببینین.
با نزیک بێتەوە و بێتە دی،
هەتا بزانین پلانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.»
20
قوڕبەسەر ئەوانەی بە خراپ دەڵێن چاک و
بە چاکیش دەڵێن خراپ،
ئەوانەی تاریکی دەکەن بە ڕووناکی و
ڕووناکیش دەکەن بە تاریکی،
ئەوانەی تاڵ دەکەن بە شیرین و
شیرین دەکەن بە تاڵ.
21
قوڕبەسەر ئەوانەی لەبەرچاوی خۆیان دانان،
لەلای خۆیان تێگەیشتوون.
22
قوڕبەسەر ئەوانەی لە شەراب خواردنەوە پاڵەوانن،
پیاوی ئازان بۆ تێکەڵکردنی مەی،
23
بۆ بەرتیل خراپەکار بێتاوان دەکەن،
ڕاستودروستانیش لە مافی خۆیان بێبەش دەکەن.
24
لەبەر ئەوە وەک کا بە زمانی ئاگر قووت بدرێت،
وەک گژوگیای گڕگرتوو داکەوێت،
ڕەگیان وەک کەڕووی لێدێت،
خونچەیان وەک تۆز بەرز دەبێتەوە،
چونکە فێرکردنی یەزدانی سوپاسالاریان ڕەتکردەوە،
سووکایەتییان بە وشەی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کرد.
25
لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لەسەر گەلەکەی جۆشا،
دەستی بۆ درێژکرد و لێیدا.
چیاکان هەژان و
جەستەکانیان وەک زبڵی سەر شەقامەکانی لێهات.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە.
26
ئاڵا بۆ نەتەوە دوورەکان بەرز دەکاتەوە،
فیکە بۆ ئەوانە لێدەدات کە لەوپەڕی زەوین.
ئەوەتا خێرا بە پەلە دێن!
27
نە ماندوو لەنێویاندایە و نە شەکەت،
نە دەخەوێت و نە خەواڵو دەبێت،
نە پشتێنی ناوقەدی دەکرێتەوە و
نە ئاوزەنگی[d] پێڵاوەکانی دەپچڕێت.
28
ئەوانەی تیرەکانیان تیژ و
کەوانەکانیان توند کراوە،
سمی ئەسپەکانیان وەک بەردەئەستێن،
چەرخەی گالیسکەکانیان وەک گەردەلوولە.
29
نەڕەیان وەک نەڕەی شێرە مێیە و
وەک بەچکە شێر دەنەڕێنن،
دەمڕێنن و نێچیر دەگرن،
دەیبەن و کەس ڕزگاریان ناکات.
30
لەو ڕۆژە بەسەریدا دەنەڕێنن،
وەک هاژەی دەریا.
دەڕواننە خاکەکە و دەبینن
وا تاریکییەکی تەنگە،
ڕووناکیش بە هەورەکانی تاریک بووە.
  1. a. 5‏:10 یەک بەت دەکاتە 22 لیتر.‏
  2. b. 5‏:10 نزیکەی 160 کیلۆگرامی تۆو.‏
  3. c. 5‏:10 نزیکەی 16 کیلۆگرام.‏
  4. d. 5‏:27 ئاوەزێنە.‏